Old/New Testament
ڕێساکان بۆ کاهین
21 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کاهینەکان بدوێ کە نەوەی هارونن و پێیان بڵێ: ”نابێت بەپێی ڕێوڕەسم کەستان بە مردووێکی هۆزەکەی خۆی گڵاو بکات، 2 تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە زۆر نزیکن لێی، دایکی و باوکی و کوڕی و کچی و برای و 3 خوشکە پاکیزەکەی کە لێی نزیکە، ئەوەی شووی نەکردووە، دەشێت لە پێناویدا گڵاو بێت. 4 نابێت خۆی گڵاو بکات بەوانەی لە ڕێگەی ژنهێنانەوە بوونەتە خزمی ئەو.
5 «”کاهینەکان نابێت سەریان سفر بکەن و هەردوو لای ڕیشیان بتاشن و خۆیان بریندار بکەن. 6 دەبێت بۆ خوداکەیان پیرۆز بن و ناوی خودایان نەزڕێنن، چونکە قوربانییە بە ئاگرەکان وەک نانی خودایان بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، جا دەبێت پیرۆز بن.
7 «”نابێت کاهینەکان ئافرەتی لەشفرۆشی بێ ئابڕوو[a] و تەڵاقدراو بخوازن، چونکە کاهین پیرۆزکراوە بۆ خوداکەی، 8 جا بە پیرۆزی دابنێن، چونکە نانی خوداتان پێشکەش دەکات، پیرۆزکراو دەبێت لەلاتان، چونکە من پیرۆزم. من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکات.
9 «”ئەگەر کچی کاهین بە لەشفرۆشی گڵاو بوو، ئەوا باوکی گڵاو کردووە، دەبێت کچەکە بە ئاگر بسووتێنرێت.
10 «”سەرۆکی کاهینان، ئەوەی لەنێو براکانی زەیتی دەستنیشانکردنی بە سەریدا کراوە و ئەرک پێ سپێردراوە بۆ لەبەرکردنی جلەکانی کاهینیێتی، پێویستە سەری ڕووت نەکات و جلەکانی لەبەر خۆی دانەدڕێت. 11 پێویستە نەیەتە ئەو شوێنەی لاشەی مردووی لێیە، نابێت خۆی بۆ دایک و باوکیشی گڵاو بکات. 12 نابێت لە پیرۆزگا دەربچێت، نەوەک پیرۆزگای خوداکەی گڵاو بکات، چونکە بە زەیتی دەستنیشانکردنی خودا نەزرکراوە، من یەزدانم.
13 «”ئەم دەبێت کچێکی پاکیزە بخوازێت. 14 نابێت بێوەژن و تەڵاقدراو و بێ ئابڕووی لەشفرۆش بخوازێت، بەڵکو دەبێت کچێکی پاکیزە لە خزمەکانی بخوازێت، 15 بۆ ئەوەی وەچەکەی لەنێو گەلەکەی گڵاو ناکات. من یەزدانم، ئەوم پیرۆز کردووە.“»
16 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «لەگەڵ هارون بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک لە وەچەی تۆ لە نەوەکانیان کەموکوڕییەکی تێدابوو، با نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی. 18 هەر پیاوێک کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە، نە پیاوی نابینا و نە شەل و نە دەموچاو خوار و نە شێوە تێکچوو، 19 نە پیاوی پێ شکاو یان دەست شکاو، 20 نە قەمبوور، نە کورتەباڵا، نە ئەوەی کە کەموکوڕی لە چاویدا هەیە، نە زام و برینێکی بەردەوام، نە گونی قۆڕ بێت. 21 هەر پیاوێک لە نەوەی هارونی کاهین کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان؛ لەبەر ئەوەی کەموکوڕی تێدایە، پێویستە نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی. 22 دەتوانێت لە نانی خوداکەی بخوات، لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکە و لە خواردنە هەرەپیرۆزەکانیش؛ 23 بەڵام نابێت بێتە لای پەردەکە و لە قوربانگاکەش نزیک بکەوێتەوە، چونکە کەموکوڕی تێدایە، نەوەک پیرۆزگام گڵاو بکات، چونکە من یەزدانم، کە پیرۆزیان دەکەم.“»
24 ئینجا موسا لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە هارون و کوڕەکانی بڵێ: ”با ئاگاداری خۆیان بن لە قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و ناوی پیرۆزی من نەزڕێنن، ئەوانەی بۆ منی تەرخان دەکەن، من یەزدانم.“
3 «پێیان بڵێ: ”لە نەوەکانتان هەرکەسێک لە هەموو وەچەکانتان ئەگەر بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو بێت و لە قوربانییە پیرۆزەکان نزیک بووەوە کە نەوەی ئیسرائیل بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، ئەوا ئەو کەسە لەبەردەمم دەبڕدرێتەوە. من یەزدانم.
4 «”هەرکەسێک لە نەوەی هارون کە نەخۆشی گواستراوەی پێست یان لێچوونی هەبێت، هەتا پاک دەبێتەوە لە قوربانییە پیرۆزەکان نەخوات. هەر یەکێکیش دەست لە شتێکی گڵاوی مردووێک بدات، یان کەسێک تۆوی لێچووبوو، 5 یان دەستی لە خشۆکێک دابێت کە پێی گڵاو بێت، یان لە مرۆڤێک کە پێی گڵاو بێت لەبەر هەر گڵاوییەک کە هەیەتی، 6 ئەوەی دەست لە هەریەک لەو شتانە بدات ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و نابێت لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات هەتا خۆی بە ئاو نەشوات. 7 کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، پاک دەبێتەوە و پاشان لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات، چونکە خۆراکی ئەوە. 8 نابێت ئاژەڵی مردار و نێچیر بخوات، چونکە پێی گڵاو دەبێت. من یەزدانم.
9 «”کاهینەکان دەبێت خواستەکانم بپارێزن، نەوەک گوناهێک هەڵبگرن کە پێی بمرن، ئەگەر بە سووکی ڕەفتاری لەگەڵ بکەن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.
10 «”نابێت کەس لە قوربانی پیرۆزکراو بخوات جگە لە کەسوکاری کاهینەکە. میوان و کرێگرتەی کاهینیش نابێت لە قوربانی پیرۆزکراو بخۆن، 11 بەڵام ئەگەر کاهین کۆیلەیەکی بە زیو کڕی، یان کۆیلەیەک لە ماڵەکەی لە دایک بێت، ئەوا ئەو کۆیلەیە دەتوانێت لێی بخوات، ئەوان لە خۆراکەکەی دەخۆن. 12 ئەگەر کچی کاهین شووی بە پیاوێکی جگە لە کاهین کرد، ئەوا نابێت لە بەخشینە پیرۆزەکان بخوات. 13 بەڵام ئەگەر کچی کاهین بوو بە بێوەژن یان تەڵاق درا و هیچ وەچەی نەبوو و هاتەوە ماڵی باوکی، وەک کاتی کچێنی، ئەوا دەتوانێت لە خۆراکی باوکی بخوات. بەڵام نابێت کەسێکی دیکە لێی بخوات، جگە لە کەسوکاری کاهینەکە.
14 «”ئەگەر کەسێک بە هەڵە قوربانییەکی پێشکەشکراوی خوارد، ئەوا دەبێت پێنجیەکی زیاد بخاتە سەر و قوربانییە پیرۆزەکە بداتە کاهینەکە. 15 کاهینەکان نابێت قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو بکەن کە لەبەردەم یەزدان دایدەنێن، 16 ئەگەر ڕێیان پێبدەن قوربانییە پیرۆزەکانیان بخۆن ئەوا گوناهیان دەخەنە ئەستۆ، چونکە من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.“»
قوربانی قبوڵ نەکراو
17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر هەر یەکێکتان، ئیسرائیلی بێت یان بیانییەک کە لە ئیسرائیل نیشتەجێیە، بەخشینێک پێشکەش بە یەزدان بکات وەک قوربانی سووتاندن بۆ ئەنجامدانی نەزر یان بەخشینێک کە بە خواستی خۆی بێت، 19 بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، دەبێت نێرێکی ساغ بێت، لە گاگەل یان ماڵات. 20 هەرچییەک کەموکوڕی تێدابێت پێشکەشی مەکەن، چونکە لێتان وەرناگیرێت. 21 ئەگەر کەسێک قوربانی هاوبەشی پێشکەشی یەزدان کرد، بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینێکی بە خواستی خۆی، لە گاگەل یان لە مێگەل، دەبێت ساغ بێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت. نابێت هیچ کەموکوڕییەکی تێدابێت. 22 کوێر و بریندار و پەلشکاو و بالوکەدار و گەڕ و زامداری بەردەوام، ئەمانە پێشکەش بە یەزدان مەکەن و لێیان مەکەن بە قوربانی بە ئاگر لەسەر قوربانگاکەی یەزدان. 23 بەڵام گا[b] و بەرانی شێوە تێکچوو و کورتەباڵا دەتوانیت بکەیت بە بەخشینێک بە خواستی خۆت، بەڵام بۆ تەواوبوونی نەزر قبوڵ نابێت. 24 پێویستە ئاژەڵێک نەکەنە قوربانی بۆ یەزدان کە گونی قۆڕ بێت یان خەسابێت یان گونی لێکرابێتەوە یانیش بڕا بێت، لە خاکەکەشتان مەیکەن. 25 لە هەموو ئەمانەش پێویست ناکات بە هەر ئاژەڵێکی دەستی بیانی ڕازی ببن و پێشکەشیان بکەن وەک خواردنی خوداتان. لێتان وەرناگیرێت چونکە ئەو ئاژەڵانە ناتەواون و کەموکوڕییان تێدایە.“»
26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «کاتێک گوێرەکەیەک یان بەرخێک یان گیسکێک لەدایک دەبێت، ئەوا حەوت ڕۆژ لەژێر دایکی دەبێت و لە ڕۆژی هەشتەم بەدواوە، وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان قبوڵ دەبێت. 28 مانگا و مەڕیش لە یەک ڕۆژدا لەگەڵ بەچکەکەی سەرمەبڕن.
29 «کاتێک قوربانی سوپاسگوزاریتان بۆ یەزدان سەربڕی، بە شێوەیەک سەری ببڕن کە لێتان وەربگیرێت، 30 دەبێت لەو ڕۆژەدا بخورێت، بۆ بەیانی لێی مەهێڵنەوە، من یەزدانم.
31 «”فەرمانەکانم بپارێزن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم. 32 ناوی پیرۆزیشم مەزڕێنن، دەبێت نەوەی ئیسرائیل دان بە پیرۆزی مندا بنێن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم، 33 ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنان، تاکو ببێتە خوداتان، من یەزدانم.“»
زیندووبوونەوەی عیسا
28 دوای شەممە لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکە هاتن تەماشای گۆڕەکە بکەن.
2 لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی یەزدان لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە، چوو بەردەکەی گلۆر کردەوە و لەسەری دانیشت. 3 ڕوخساری وەک بروسکە وابوو، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون. 4 پاسەوانەکان لە ترسی ئەو لەرزین و وەک مردوویان لێ هات.
5 بەڵام فریشتەکە بە ژنەکانی گوت: «مەترسن، چونکە دەزانم بە شوێن عیسای لەخاچدراودا دەگەڕێن. 6 ئەو لێرە نییە، وەک خۆی فەرمووی، هەستێنراوەتەوە. وەرن سەیری ئەو شوێنە بکەن کە لێی درێژکرابوو. 7 خێرا بڕۆن و بە قوتابییەکانی بڵێن: ”ئەو لەنێو مردوواندا هەستێنراوەتەوە، پێش ئێوە دەچێتە جەلیل، لەوێ دەیبینن.“ ئەوەتا پێم گوتن.»
8 ئەوانیش خێرا لەلای گۆڕەکە ڕۆیشتن، بە ترس و خۆشییەکی گەورەوە ڕایانکرد، تاوەکو هەواڵ بدەنە قوتابییەکانی. 9 ئەوە بوو عیسا تووشیان هات: «سڵاو!» ئەمانیش چوونە پێشەوە، پێی عیسایان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد. 10 عیسا پێی فەرموون: «مەترسن، بڕۆن بە باوەڕداران بڵێن با بچنە جەلیل، لەوێ دەمبینن.»
قسەی پاسەوانەکان
11 کە دەڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان هاتنە ناو شار و ئەوەی ڕوویدابوو بۆ کاهینانی باڵایان گێڕایەوە. 12 ئەوانیش لەگەڵ پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد، زیوێکی زۆریان دایە سەربازەکان و 13 گوتیان: «بڵێن، ”کاتێک ئێمە خەوتبووین، قوتابییەکانی لە شەودا هاتن و دزییان.“ 14 ئەگەر ئەمەش لەلای فەرمانڕەوا بیسترا، ئەوا ڕازی دەکەین و لە گرفتەکە دەتانپارێزین.» 15 ئەوانیش زیوەکەیان وەرگرت و چۆن فێرکران، وایانکرد، ئیتر ئەم قسەیە هەتا ئەمڕۆش لەناو جولەکەدا بڵاو بووەتەوە.
دەرکەوتنی عیسا بۆ قوتابییەکان
16 ئیتر یازدە قوتابییەکە چوونە جەلیل، بۆ ئەو کێوەی عیسا فەرمانی پێدابوون. 17 کاتێک بینییان کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد. 18 عیسا لێیان نزیک بووەوە و قسەی بۆ کردن: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. 19 کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن، 20 فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.