Old/New Testament
یاسا جۆراوجۆرەکان
19 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”دەبێت پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، یەزدانی پەروەردگارتانم.
3 «”هەر یەکێک لە ئێوە، دەبێت ڕێزی دایک و باوکی خۆی بگرێت و شەممەکانم بپارێزن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
4 «”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
5 «”کاتێک قوربانییەکی هاوبەشی بۆ یەزدان سەردەبڕن، با بە شێوەیەک بێت لەبەردەم یەزدان قبوڵ بێت، 6 ئەو ڕۆژەی سەری دەبڕن دەیخۆن لەگەڵ ڕۆژی پاشتر. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی سێیەم، دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێت. 7 ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا بخورێت، ئەوە گڵاوە و قبوڵ نییە. 8 ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە شتێکی پیرۆزی یەزدانی گڵاو کردووە، جا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە.
9 «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، 10 پاشماوەی هێشووە ترێیەکان لە مێوەکەت مەکەرەوە و ئەوەی دەکەوێت هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆی بەجێبهێڵە. من یەزدانی پەروەردگارتانم.
11 «”مەدزن.
«”درۆ مەکەن.
«”فێڵ لە یەکتری مەکەن.
12 «”بە درۆ سوێند بە ناوی من مەخۆن، چونکە ناوی خوداکەت دەزڕێنیت، من یەزدانم.
13 «”نزیکەکەت فریومەدە و تاڵانی مەکە.
«”کرێی کرێگرتەش لەلای خۆت بۆ بەیانی مەهێڵەوە.
14 «”نەفرەت لە کەڕ مەکە و کۆسپ مەخەرە بەردەم نابینا، بەڵکو لە خودات بترسە، من یەزدانم.
15 «”لە دادوەریدا ستەم مەکەن، نە لایەنگری هەژار بکەن و نە پشتی کەسی مەزن بگرن، بەڵکو بە دادپەروەری حوکمی بەرامبەرەکەت بدە.
16 «”لەنێوان خەڵکی قسە مەهێنە و مەبە.
«”مەبە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەکەت، من یەزدانم.
17 «”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت.
18 «”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.
19 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن.
«”دوو جۆری جیا لە ئاژەڵەکانت پێکەوە جووت مەکە.
«”دوو جۆر تۆو لە کێڵگەکەت مەڕوێنە.
«”با جلێکت لەبەر نەبێت کە دوو جۆر بێت.
20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێک جووت بوو، ئەویش کەنیزەیەکی مارەبڕ بوو بۆ پیاوێکی دیکە، بەڵام نەکڕابووەوە و ئازاد نەکرابوو، پێویستە سزایەکی گونجاو بدرێت. کەسیان ناکوژرێت، چونکە ئافرەتەکە ئازاد نەکراوە. 21 دەبێت پیاوەکە قوربانییەک بۆ تاوانەکەی بۆ لای یەزدان بهێنێتە دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بەرانێک وەک قوربانی تاوان. 22 جا کاهینەکە بە بەرانی قوربانی تاوانەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی، جا لەو گوناهەی کردوویەتی لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
23 «”کاتێک چوونە ناو خاکەکە[a] و هەر دارێکتان بۆ خواردن ڕواند، ئەوا بەرەکەی بە قەدەغەکراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قەدەغەکراوە و لێی ناخورێت، 24 لە ساڵی چوارەمیش هەموو بەروبوومەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ شکۆدارکردنی یەزدان، 25 بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا بەرەکەی بخۆن، هەتا داهاتی بۆتان زیاد بکات، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
26 «”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن.
«”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن.
27 «”لاتەنیشتەکانی سەرتان مەتاشن و دەستکاری دوو لای ڕیشتان مەکەن.
28 «”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.
29 «”کچەکەت سووک مەکە، بەوەی بیکەیت بە لەشفرۆش، نەوەک خاکەکە پڕ بێت لە لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی.
30 «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.
31 «”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر[b] و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا[c] مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
32 «”لەبەر ڕیش سپی هەستە و ڕێزی پیر بگرە و لە خودات بترسە، من یەزدانم.
33 «”ئەگەر نامۆیەک هاتە خاکەکەتان، ستەمی لێ مەکەن، 34 وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.
35 «”ساختەکاری مەکەن، نە لە ئەندازەی پێوانە و نە لە کێش و نە لە بڕ، 36 دەبێت تەرازووی ڕاست و کێشانەی ڕاست و ئێفەی[d] ڕاست و هەینی[e] ڕاستتان هەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان.
37 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.“»
سزادان بۆ گوناه
20 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن، ئەگەر لە منداڵەکانی بە مۆلەخی[f] بەخشی، دەبێت بکوژرێت. دەبێت خەڵکی ناوچەکە بەردبارانی بکەن. 3 منیش ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخی بەخشی، بۆ ئەوەی پیرۆزگاکەم گڵاو بکات و ناوی پیرۆزم بزڕێنێت. 4 ئەگەر خەڵکی ناوچەکە چاوپۆشییان لەو کەسە کرد، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخ بەخشی، ئینجا نەیانکوشت، 5 ئەوا من ڕووی خۆم لەو کەسە و لە ماڵەکەی وەردەگێڕم و خۆی و هەموو ئەو بەدکارانەی بەدوایەوە لەشفرۆشییان کردووە بەدوای مۆلەخدا، لەنێو گەلەکەیان دەیانبڕمەوە.
6 «”من ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای نێوانگر[g] و ڕۆح ئامادەکار هەتا بەدوایاندا لەشفرۆشی بکات، ئەوا من ئەو کەسە لە گەلەکەی ڕیشەکێش دەکەم.
7 «”خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم، 8 فەرزەکانم بەجێبهێنن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم کە پیرۆزتان دەکات.
9 «”هەرکەسێک نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت، نەفرەتی لە باوکی یان دایکی کردووە، خوێنی لە ئەستۆی خۆیەتی.
10 «”ئەگەر پیاوێک داوێنپیسی لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکەدا کرد، کە ژنی نزیکەکەیەتی، ئەوا پیاوەکە و ژنەکەش دەبێت بکوژرێن.
11 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی باوکی بردووە، هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
12 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنی کوڕەکەی جووت بوو، ئەوا هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان کردووە، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
13 «”ئەگەر پیاوێک وەک ژن لەگەڵ نێرێک ڕاکشا بوو، ئەوا هەردووکیان شتێکی قێزەونیان کردووە و دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
14 «”ئەگەر پیاوێک ئافرەتێک لەگەڵ دایکەکەی بخوازێت، ئەوە بەدکارییە، پیاوەکە و هەردوو ژنەکە دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێن، هەتا بەدکاری لەنێوتاندا نەبێت.
15 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئاژەڵێکدا جووت بوو، دەبێت پیاوەکە بکوژرێت و ئاژەڵەکەش بکوژرێت.
16 «”ئەگەر ئافرەتێک لە ئاژەڵێک نزیک بووەوە بۆ جووتبوون، ئەوا ئافرەتەکە و ئاژەڵەکەش بکوژن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.
17 «”ئەگەر پیاوێک خوشکی خۆی هێنا، کچی باوکی یان کچی دایکی و لەگەڵ یەک جووت بوون، ئەوا ڕیسواییە، دەبێت لەبەرچاوی گەلەکەیان ببڕدرێتەوە، ناموسی خوشکی خۆی بردووە، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
18 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنێک جووت بوو لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی، ئەوا دەبێت هەردووکیان لە گەلەکەیان ببڕدرێنەوە، چونکە پیاوەکە خوێنلێچوونی ئافرەتەکەی ئاشکرا کردووە و ئافرەتەکەش خوێنلێچوونی خۆی ئاشکرا کردووە.
19 «”لەگەڵ خوشکی باوکت یان خوشکی دایکت جووت مەبە، ئەوەی وا بکات، ئەوا هەردووکیان تاوانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ناموسی کەسوکاری خۆی بردووە.
20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ مامۆژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی مامی خۆی بردووە، هەردووکیان تاوانیان لە ئەستۆ دەبێت، دەبێت بە وەجاخکوێری بمرن.
21 «”ئەگەر پیاوێک براژنی خۆی هێنا ئەوا گڵاوییە، ناموسی براکەی بردووە، دەبێت هەردووکیان وەجاخکوێر بن.
22 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاکە نەتانڕشێنێتەوە کە بۆ نیشتەجێبوون دەتانهێنمە ناوی. 23 بە ڕێی نەریتی ئەو نەتەوانەدا مەڕۆن کە من لەپێشتانەوە دەریاندەکەم، چونکە هەموو ئەم شتانەیان کرد، جا ڕقم لێیان بووەوە. 24 بەڵام بە ئێوەم فەرموو کە دەبنە خاوەنی خاکەکەیان، من دەیدەمە ئێوە هەتا ببنە میراتگری، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لەنێو گەلان جیای کردنەوە.
25 «”لەبەر ئەوە ئێوەش ئاژەڵی پاک و گڵاو لە یەکتر جیا بکەنەوە، هەروەها باڵندەی گڵاو و پاکیش، جا خۆتان گڵاو مەکەن بە ئاژەڵ و باڵندە و هەموو ئەوەی لەسەر زەوی دەخشێت، لەوانەی بۆم جیا کردنەوە، گوتم، گڵاون. 26 دەبێت بۆ من پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، من یەزدانم، ئێوەم لەنێو گەلان جیا کردەوە هەتا بۆ من بن.
27 «”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»
51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53 دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.
54 سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»
55 زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، 56 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.
ناشتنی عیسا
57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.
ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا
62 بۆ بەیانی[a] کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»
65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.