Old/New Testament
قوربانیکردن بەبێ ڕێوڕەسمی دیاریکراو
17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت، 3 هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و 4 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی ببڕدرێتەوە. 5 ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن. 6 کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت. 7 پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە[a] دروستکراون کە بەدوایاندا لەشفرۆشی[b] دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“
8 «هەروەها پێیان دەڵێیت: ”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و 9 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە.
خواردنی خوێن قەدەغەیە
10 «”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، 11 چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات، 12 بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم: ’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘
13 «”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت، 14 چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت: ’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات دەبڕدرێتەوە.‘
15 «”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک[c] بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە. 16 بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»
جووتبوونە نادروستەکان
18 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”من یەزدانی پەروەردگارتانم. 3 وەک نەریتی خاکی میسر مەکەن کە تێیدا نیشتەجێ بوون و وەک نەریتی خاکی کەنعان مەکەن کە ئێوە دەهێنم بۆی و نەریتەکانیان بەجێمەهێنن. 4 پێویستە ملکەچی یاساکانی من بن و فەرزەکانم بەجێبهێنن بۆ ئەوەی پەیڕەویان بکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم. 5 فەرز و یاساکانم پەیڕەو بکەن، چونکە ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت، من یەزدانم.
6 «”هیچ کەسێک لە کەسوکاری خۆی نزیک نەبێتەوە، بۆ جووت بوون لەگەڵی، من یەزدانم.
7 «”ناموسی باوکت مەبە و ناموسی دایکت مەبە، لەگەڵ دایکت جووت مەبە، چونکە دایکتە.
8 «”لەگەڵ باوەژنت[d] جووت مەبە، ئەوە ناموسی باوکتە.
9 «”لەگەڵ خوشکت، کچی باوکت یان کچی دایکت جووت مەبە، ئەگەر لە ماڵتان لەدایک بووبێت یان لە دەرەوە.
10 «”لەگەڵ کچی کوڕەکەت یان کچی کچەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی تۆیە.
11 «”لەگەڵ کچی ژنی باوکت کە لە باوکتەوە بووە، جووت مەبە، چونکە خوشکتە.
12 «”لەگەڵ خوشکی باوکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.
13 «”لەگەڵ خوشکی دایکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.
14 «”ناموسی مامت مەبە، لە ژنەکەی نزیک مەکەوە و لەگەڵی جووت مەبە، چونکە مامۆژنتە.
15 «”لەگەڵ بووکەکەت جووت مەبە، ژنی کوڕتە، لەگەڵی جووت مەبە.
16 «”لەگەڵ براژنەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی براتە.
17 «”لەگەڵ ژنێک و کچەکەی جووت مەبە، لەگەڵ کچی کوڕەکەی یان کچی کچەکەی جووت مەبە، ئەوان نزیکی ژنەکەن و ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
18 «”هیچ ژنێکیش بەسەر خوشکەکەی مەخوازە هەتا ببێت بە هەوێی، هەتا لەگەڵی جووت بیت، کاتێک ژنەکەت لە ژیاندایە.
19 «”لە هیچ ژنێکیش نزیک مەکەوە لە ماوەی گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بیت.
20 «”لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکە جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت.
21 «”منداڵەکانت وەک قوربانی مەسووتێنە بۆ ’مۆلەخ‘[e]، نەوەک ناوی خودای خۆت بزڕێنیت، من یەزدانم.
22 «”لەگەڵ نێرێک جووت مەبە وەک جووتبوونت لەگەڵ ژن، ئەوە قێزەونە.
23 «”لەگەڵ هیچ ئاژەڵێکیش جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت، هیچ ئافرەتێک لەبەردەم ئاژەڵ ئامادە نەبێت بۆ جووتبوون، ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
24 «”بە هیچ یەکێک لەو ڕەفتارانە خۆتان گڵاو مەکەن، چونکە ئەو نەتەوانەی وا من ڕاویان دەنێم لەبەردەمتان بە هەموو ئەمانە گڵاو بوون. 25 تەنانەت خاکەکە گڵاو بوو، منیش سزای تاوانەکەی دەدەم و خاکەکەش دانیشتووانەکەی دەڕشێنێتەوە. 26 بەڵام ئێوە فەرزەکان بەجێدەهێنن و یاساکانم پەیڕەو دەکەن. هیچ کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتاندایە. 27 پێش ئێوە خەڵکی خاکەکە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانەیان کردووە، هەر بۆیە خاکەکە گڵاو بوو. 28 ئەگەر خاکەکە گڵاو بکەن، ئەوا ئێوەش دەڕشێنێتەوە، وەک چۆن ئەو نەتەوانەی پێش ئێوەی ڕشاندەوە.
29 «”بەڵکو هەرکەسێک کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ئەنجام بدات، ئەو کەسەی ئەوە دەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە. 30 جا فەرزەکانم بەجێبهێنن هەتا هیچ لەو نەریتە قێزەونانە نەکەن و پێی گڵاو نەبن کە پێش ئێوە کراون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن
27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ. 29 هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.
لەخاچدان و مردنی عیسا
32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[a] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد. 36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» 38 ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»
41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد: 42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.
مردنی عیسا
45 لە کاتژمێر دوازدەوە[b] هەتا سێ[c]، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][d]
47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»
48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»
50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.