Old/New Testament
پاکبوونەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست
14 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ڕێوڕەسمی[a] پاکبوونەوە. کاتێک نەخۆشەکە دەهێنرێتە لای کاهین، 3 کاهینەکەش دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە، جا ئەگەر کاهینەکە پشکنی کەسەکە چاک بووەتەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست، 4 کاهینەکە فەرمان دەدات کە دوو چۆلەکەی زیندووی پاک بۆ ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە ببەن لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا. 5 ئینجا کاهینەکە فەرمان دەدات کە یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین لەسەر ئاوێکی سازگار سەرببڕدرێت. 6 بەڵام چۆلەکە زیندووەکە لەگەڵ پارچە دارە ئورزەکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و زوفاکە دەبات و دەیانخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکەی سەر ئاوە سازگارەکە. 7 حەوت جار بەسەر ئەو کەسەدا دەیپرژێنێت کە لە نەخۆشییە گواستراوەکە پاک دەبێتەوە و پاکی دەکاتەوە، ئینجا چۆلەکە زیندووەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵا دەکات.
8 «جا ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە پێویستە جلەکانی بشوات و هەموو مووی لەشی بتاشێت و بە ئاو خۆی بشوات. ئەو کاتە بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، ئینجا دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، بەڵام حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت. 9 لە ڕۆژی حەوتەم سەری و ڕیشی و برۆکانی و هەموو مووەکانی دەتاشێت، پێویستە جلەکانیشی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، جا پاک دەبێتەوە.
10 «ئینجا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو بەرخی نێری ساغ و بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ دەهێنێت، لەگەڵ سێ لە دەی ئێفەیەک[b] لە باشترین ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵە کە بە زەیت شێلرابێت و هەروەها لۆگێک[c] زەیت. 11 جا ئەو کاهینەی بە پاککردنەوەکە هەڵدەستێت، کەسە پاکبووەوەکە لەگەڵ قوربانی و پێشکەشکراوەکانی لەبەردەم یەزدان، لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕادەگرێت.
12 «ئینجا کاهینەکە یەکێک لە بەرخە نێرەکان دەبات و وەک قوربانی تاوان پێشکەشی دەکات لەگەڵ لۆگە زەیتەکە، لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە. 13 بەرخەکەش لەو شوێنە سەردەبڕێت کە قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت، لە پیرۆزگا، چونکە قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناه بۆ کاهینە و هەرەپیرۆزە. 14 ئینجا کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان دەبات و لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستەی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. 15 پاشان کاهینەکە لە لۆگە زەیتەکە هەندێک دەبات و دەیکاتە ناو لەپی دەستی چەپی خۆی، 16 ئینجا کاهینەکە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی دەکاتە ناو ئەو زەیتەی ناو لەپی دەستی چەپییەتی و حەوت جار بە پەنجەی زەیتەکە لەبەردەم یەزدان دەپرژێنێت. 17 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، کاهینەکە لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لەسەر خوێنەکەی قوربانی تاوان. 18 ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، دەیکات بەسەر سەری ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە و کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات.
19 «ئینجا کاهینەکە قوربانی گوناه دەکات و بۆ ئەو کەسەی کە لە گڵاوییەکەی پاک دەبێتەوە کەفارەت دەکات و پاشان قوربانی سووتاندنەکە سەردەبڕێت. 20 دواتر کاهینەکە قوربانی سووتاندنەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بۆ سەر قوربانگاکە سەردەخات و کەفارەتی بۆ دەکات، جا پاک دەبێتەوە.
21 «بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک[d] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت، 22 هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.
23 «لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان. 24 جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە. 25 ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. 26 ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات، 27 کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستە ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 28 هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان. 29 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان. 30 ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی، 31 یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.»
32 ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی.
پاکبوونەوە لە کەڕوو
33 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 34 «لەو کاتەی کە دەچنە خاکی کەنعان، کە من دەتاندەمێ وەک موڵکی خۆتان، وام کرد ماڵێک لەو خاکە تووشی کەڕوو بێت، 35 ئەوەی خاوەنی ماڵەکەیە دەچێت و بە کاهینەکە دەڵێت: ”وابزانم کەڕوو لە ماڵەکەی داوم.“ 36 کاهینەکەش فەرمان دەدات ماڵەکە چۆڵ بکرێت، پێش چوونە ژوورەوەی کاهینەکە بۆ پشکنینی لێدانەکە، نەوەک هەموو شتەکانی ماڵەکە گڵاو بێت، پاش ئەوە کاهینەکە بۆ پشکنینی ماڵەکە دەچێتە ژوورەوە. 37 جا ئەگەر پشکنی لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکەیە و هەڵکراوێکی سەوزباو یان سوورباوە، لە دیوارەکەش قووڵترە، 38 ئەوا کاهینەکە لە ماڵەکە دێتە دەرەوە و بۆ حەوت ڕۆژ ماڵەکە دادەخات. 39 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم گەڕایەوە و پشکنی وا لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکە بڵاوبووەتەوە، 40 کاهینەکە فەرمان دەدات، ئەو بەردانە دەربهێنن کە لێدانەکەی تێدایە و فڕێیانبدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو. 41 ماڵەکەش لە هەر چواردەوری دیوی ژوورەوە دەڕنن، ئەو خۆڵەش کە دەیڕننەوە، فڕێیدەدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو. 42 بەردی دیکە دەهێنن و لە شوێنی بەردەکان دایاندەنێن و خۆڵی دیکە دێنن و ماڵەکەی پێ سواخ دەدەنەوە.
43 «جا ئەگەر لێدانەکە گەڕایەوە و لە ماڵەکە بڵاو بووەوە، لەدوای دەرهێنانی بەردەکان و ڕنینی ماڵەکە و سواخدانەوەی، 44 کاهینەکە هات و پشکنی وا لێدانەکە لە ماڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، ئەوا کەڕووێکی گەندەڵە لە ماڵەکە، ئەوە گڵاوە. 45 جا ماڵەکە تێکدەدات، بەرد و دارەکانی و هەموو خۆڵی ماڵەکە دەباتە دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ شوێنێکی گڵاو.
46 «ئەوەی لە هەموو ڕۆژانی داخستنی ماڵەکە بچێتە ناوی، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 47 ئەوەی لە ماڵەکە خەوتبێت، ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات و ئەوەی لە ماڵەکە نانی خواردبێت ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات.
48 «بەڵام ئەگەر کاهینەکە هات و پشکنی لێدانەکە لە ماڵەکە بڵاو نەبووەتەوە دوای سواخدانەوەکەی، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت ماڵەکە پاکە، چونکە لێدانەکە نەماوە. 49 بۆ پاکبوونەوەی ماڵەکە دوو چۆلەکە لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات. 50 یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین سەر دەبڕێت، لەسەر ئاوێکی سازگار. 51 ئینجا پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و چۆلەکە زیندووەکە دەبات و دەیخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکە و ئاوە سازگارەکە، حەوت جار بەسەر ماڵەکەدا دەیپرژێنێت. 52 ئینجا بە خوێنی چۆلەکەکە و ئاوە سازگارەکە و چۆلەکە زیندووەکە و پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە ماڵەکە پاک دەکاتەوە. 53 ئینجا چۆلەکە زیندووەکە بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵای دەکات و کەفارەت بۆ ماڵەکە دەکات، ئیتر پاک دەبێتەوە.»
54 ئەوە ڕێنماییە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەکی گواستراوەی پێست و کەچەڵی، 55 کەڕووی جلوبەرگ و ماڵ، 56 ئاوسان و لیر و لەکەی بریقەدار، 57 بۆ یەکلاییکردنەوەی شتێک کە پاک بێت یان گڵاو.
ئەوە ڕێنماییە بۆ نەخۆشی گواستراوەی پێست و کەڕوو.
51 لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.
52 عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. 53 ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54 بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»
55 لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. 56 بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
دادگاییکردنی عیسا
57 ئەوانەی عیسایان گرت، بردییانە لای قەیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. 58 پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.
59 کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین[a] بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو بە کوشتنی بدەن. 60 بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، 61 گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»
62 جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە شایەتی چی لەسەر تۆ دەدەن؟» 63 بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.
سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئەگەر تۆ مەسیحەکەی[b]، کوڕی خودا.»
64 عیسا پێی فەرموو: «تۆ خۆت وا دەڵێیت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەسەر هەوری ئاسماندا دێتەوە.[c]»
65 ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. 66 چی دەبینن؟»
وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»
67 ئینجا تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و 68 گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»
پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات
69 لەو کاتەدا پەترۆس لە حەوشە، لە دەرەوە دانیشتبوو. کەنیزەیەک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»
70 ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێی.»
71 ئینجا چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»
72 دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
73 دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، زمانت ئاشکرات دەکات[d].»
74 جا دەستی بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن کرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. 75 ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.