Old/New Testament
قوربانی بۆ لێخۆشبوونی گوناهی بێ ئەنقەست
4 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر یەکێک بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد[a] لە یەکێک لەو فەرمانانەی یەزدان کە نابێت بکرێت و یەکێکی لەوانە کرد، ئەمە دەبێت:
3 «”ئەگەر کاهینی دەستنیشانکراو[b] گوناهی کرد و گەلی تووشی تاوان کرد، دەبێت جوانەگایەکی ساغ بۆ یەزدان پێشکەش بکات لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناهە[c]. 4 جوانەگاکە دەباتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان و دەستی لەسەر جوانەگاکە دادەنێت و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت. 5 ئینجا کاهینە دەستنیشانکراوەکە لە خوێنی جوانەگاکە دەبات و دەیباتە ناو چادری چاوپێکەوتن. 6 کاهینەکە پەنجەی دەکاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەبەردەم یەزدان لێی دەپرژێنێت لەلای پەردەی پیرۆزگا. 7 کاهینەکە هەندێکیش لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگای بخوورە بۆنخۆشەکە دەدات، ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتنە لەبەردەم یەزدان، پاشماوەی خوێنی جوانەگاکەش دەڕژێنێتە بنکەی قوربانگای قوربانی سووتاندن کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 8 هەموو پیوی جوانەگای قوربانی بۆ گوناهەکە دەردەهێنێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، 9 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 10 هەروەک ئەو پیوەی لە گا[d] قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەیانسووتێنێت. 11 بەڵام پێستی جوانەگاکە و هەموو گۆشتەکەی و سەر و قاچەکەی و هەناوی و ڕیخەکەی، 12 هەموو پاشماوەی جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم، کە بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش بێت و لەسەر دار دەیانسووتێنێت، لەسەر شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش دەسووتێنرێ.
13 «”ئەگەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بەبێ ئەنقەست گوناهێکیان کرد و یەکێک لەو شتانەیان کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت، تەنانەت ئەگەر گوناهەکە لەبەرچاوی ئەنجومەن شاردراوە بوو، ئەوا کاتێک درکیان کرد بەو تاوان و 14 دواتر گوناهەکە زانرا کە کردوویانە، دەبێت ئەنجومەن جوانەگایەک وەک قوربانی گوناه پێشکەش بکات و دەیهێننە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 15 پیرانی کۆمەڵەکە لەبەردەم یەزدان دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دادەنێن و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕدرێت. 16 ئینجا کاهینی دەستنیشانکراو لە خوێنی جوانەگاکە دەباتە ناو چادری چاوپێکەوتن، 17 پەنجەی دەخاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەلای پەردەکە لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 18 هەندێک لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگاکە دەدات کە لەبەردەم یەزدانە لە چادری چاوپێکەوتن و پاشماوەی خوێنەکەش لە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەڕێژێت کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 19 هەموو پیوەکەی لێ دەکاتەوە و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. 20 چی لە جوانەگای قوربانی گوناه کرد ئاواش لەو جوانەگایە دەکات. کاهینەکە کەفارەتیان بۆ دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت. 21 پاشان جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و دەیسووتێنێت هەروەک جوانەگای یەکەمی سووتاند، ئەوە قوربانی گوناهی کۆمەڵە.
22 «”ئەگەر دەسەڵاتدارێک گوناهی کرد و بەبێ ئەنقەست یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدانی پەروەردگاری فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 23 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە گیسکێکی نێری ساغ بێت. 24 دەستی لەسەر سەری گیسکەکە دابنێت و سەری ببڕێت لەو شوێنەی کە قوربانی سووتاندنی لێ سەردەبڕدرێت لەبەردەم یەزدان. ئەوە قوربانی گوناهە، 25 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لە قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن. 26 هەموو پیوەکەشی لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت وەک پیوی قوربانی هاوبەشی. کاهینەکە لە گوناهەکەی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
27 «”ئەگەر یەکێک لە کۆمەڵگا بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، بەوەی یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 28 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە بزنێکی ساغ بێت، لەبەر گوناهەکەی کە کردوویەتی. 29 لە شوێنی قوربانی سووتاندن دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و سەری دەبڕێت. 30 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەشی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 31 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە، وەک چۆن ئەو پیوەی لە قوربانی هاوبەشی کردەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
32 «”ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو بۆ قوربانی گوناه، دەبێت مێینە و ساغ بێت. 33 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و وەک قوربانی گوناه سەری دەبڕێت، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت. 34 کاهینەکە بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات و هەموو خوێنەکەش دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 35 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە هەروەک ئەو پیوەی لە بەرخی قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە، کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت. بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
5 «”کاتێک کەسێک گوێی لە بانگەوازی ئاشکرا دەبێت بۆ شایەتیدان کە شایەتی بدات، بێدەنگ بوو لەوەی بینیبووی یان زانیبووی، ئەوا ئەو کەسە گوناهی کردووە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
2 «”یان ئەگەر یەکێک بەر شتێکی گڵاو کەوت، وەک کەلاکی[e] ئاژەڵێکی کێوی گڵاو یان کەلاکی ئاژەڵێکی ماڵی گڵاو یان کەلاکی خشۆکێکی گڵاو، ئەگەر ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.
3 «”یان ئەگەر دەستی لە شتە گڵاوەکانی کەسێک دا لە هەموو گڵاوییەکانی کە پێی گڵاو دەبێت، ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.
4 «”یان یەکێک هەڵەشە بوو لە سوێندخواردن، بۆ خراپە یان چاکە، لە هەموو ئەوەی مرۆڤ لە کاتی سوێندخواردن پەلەی لێ دەکات، بێ ئەوەی بزانێت و پاشان زانی، ئەوا ئەو کەسە لەو شتە تاوانبارە.
5 «”ئەگەر یەکێک تاوانبار بوو بە شکاندنی بڕگەیەکی ئەو یاسایانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەوا دان بە گوناهەکەی دەنێت و 6 بە قوربانییەکەیەوە کە مێ بێت، بەرخ یان گیسک، بۆ تاوانەکەی دێتە لای یەزدان لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناه، کاهینەکەش کەفارەت بۆ گوناهەکەی دەکات.
7 «”ئەگەر دەستکورت بوو بۆ بەرخێک، با دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر وەک قوربانی بۆ یەزدان بهێنێت لەبەر تاوانەکەی کە گوناهی پێکردووە، یەکێکیان قوربانی گوناهە و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن. 8 دەیانهێنێت بۆ کاهینەکە و ئەویش یەکەم جار ئەوەی بۆ گوناهە پێشکەشی دەکات، سەری لەلای پشتەوە دەقرتێنێت بەڵام بە تەواوی لێی ناکاتەوە. 9 لە خوێنی قوربانی گوناهەکە بە لاتەنیشتی قوربانگاکەدا دەکات، ئەوەشی لە خوێنەکە دەمێنێتەوە، دەگوشرێتە بنکەی قوربانگاکە، ئەوە قوربانی گوناهە. 10 ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
11 «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک[f] لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە. 12 دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە. 13 بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“»
قوربانیدان بۆ تاوان
14 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 15 «ئەگەر یەکێک سەرپێچییەکی کرد و سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکانی یەزدان[g] بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، دەبێت لەبەر تاوانەکەی قوربانییەک بۆ یەزدان بهێنێت، بەرانێکی ساغی مێگەل بێت و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت بە شاقلی زیو بەپێی شاقلی پیرۆزگا[h]، ئەوە قوربانی تاوانە. 16 هەروەها قەرەبووی ئەو گوناهەش دەکاتەوە کە سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکان کردوویەتی و پێنج یەکیشی لەسەر دادەنێت و دەیداتە کاهینەکە. کاهینەکە بە بەرانەکەی قوربانی تاوان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
17 «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێن و نەیزانی، ئەوا تاوانبارە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت. 18 بە بەرانێکی ساغی مێگەل و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، بە قوربانی تاوانەوە بۆ لای کاهینەکە دێت، کاهینەکەش لەو هەڵەیەی کە بەبێ ئەنقەست کردوویەتی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. 19 ئەوە قوربانی تاوانە، چونکە تاوانێکی سەبارەت بە یەزدان کردووە.»
هاتنەوەی عیسا
29 «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە،
«[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][a]
30 «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە دێت.[b] 31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە ئەوانە کۆدەکەنەوە کە هەڵبژێردراون، لەم سەری ئاسمانەوە تاکو ئەوسەری.
لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن
32 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 33 بە هەمان شێوە، ئێوەش کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لە بەردەرگایە. 34 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.
کەس ئەو کاتە نازانێت
36 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. 37 ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 38 وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، 39 کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 40 لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 41 دوو ئافرەت دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.
42 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا گەورەتان مەسیح دێتەوە. 43 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. 44 کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.
نموونەی کۆیلەی دڵسۆز
45 «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارانی دیکە تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ 46 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 47 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 48 بەڵام ئەگەر ئەو کۆیلەیە خراپ بێت و لە دڵی خۆیدا بڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ 49 ئینجا دەست بکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان بخوات و بخواتەوە. 50 ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. 51 ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.