Old/New Testament
قوربانی سووتاندن
1 یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن.
3 «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن[a] لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، 4 دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی[b] لێی وەردەگیرێت. 5 جوانەگاکەش[c] لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە. 6 قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات، 7 نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن. 8 نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی[d] لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن. 9 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.[e]
10 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە ماڵات بوو، بەران یان گیسک، قوربانی سووتاندن بوو، ئەوا نێر و ساغ پێشکەش دەکات. 11 لەلای قوربانگاکە ئەوەی بەلای باکوورە لەبەردەم یەزدان سەری دەبڕێت. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 12 پارچەپارچەی دەکات و لەگەڵ سەرەکەی و پیوەکەی، کاهینەکەش لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکە ڕێکی دەخات. 13 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشوات و کاهینەکە هەموویان پێشکەش دەکات و لەسەر قوربانگاکە ئاگریان تێبەردەدات. ئەوەش قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
14 «”ئەگەر قوربانییەکەشی بۆ یەزدان لە باڵندە بێت و قوربانی سووتاندن بێت، ئەوا قوربانییەکەی لە کوکوختی یان لە بێچووە کۆتر پێشکەش دەکات. 15 کاهینەکەش بۆ قوربانگاکەی دەهێنێت و سەری دەقرتێنێت، لەسەر قوربانگاکە ئاگر دەکاتەوە، خوێنەکەی لەسەر لێواری قوربانگاکە دەگوشێت. 16 چیکڵدانەکەی[f] بەوەش کە لەناویەتی لێیدەکاتەوە و فڕێیدەداتە لای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکە بۆ شوێنی خۆڵەمێشەکە. 17 لەنێوان باڵەکانیەوە کەرتی دەکات، تەواو لێکی ناکاتەوە، ئینجا کاهینەکە لەسەر قوربانگا لەسەر ئەو دارانەی لەسەر ئاگرەکەیە دەیسووتێنێت، قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
پێشکەشکردنی دانەوێڵە
2 «”ئەگەر یەکێک پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ یەزدان هێنا، دەبێت پێشکەشکراوەکەی لە باشترین ئارد بێت و زەیتی بەسەردا دەکات و بخووری سادەشی دەخاتە سەر و 2 بۆ نەوەی هارون دەیهێنێت کە کاهینەکانن. کاهینەکەش پڕ بە مستی خۆی مستێک لە ئاردەکە و زەیتەکەی لەگەڵ هەموو بخوورەکەی دەبات. کاهینەکە وەک یادەوەری لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، 3 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
4 «”ئەگەر پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە تەنوور برژاوت هێنا، دەبێت کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی[g] فەتیرەی بە زەیت چەورکراو بێت. 5 ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی سەر ساج بێت، دەبێت لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوی فەتیرە بێت، 6 پارچەپارچەی دەکەیت و زەیتی بەسەردا دەکەیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. 7 ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی ناو تاوە بێت، لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو دەیکەیت. 8 پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەت لەمانە دروستدەکرێت و بۆ یەزدان دەیهێنیت، دەیدەیتە کاهینەکە و ئەویش بۆ لای قوربانگاکەی دەهێنێت. 9 کاهینەکەش لە پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە بەشی یادەوەرییەکەی دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 10 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
11 «”هەموو ئەو دانەوێڵە پێشکەشکراوانەی بۆ یەزدانی دەبەن، نابێت بە هەویرترش[h] بێت، چونکە هیچ شتێکی بە هەویرترش و هیچ هەنگوینێک وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان نابێت بسووتێنن. 12 دەتوانن وەک یەکەمین بەرهەمتان پێشکەش بە یەزدانی بکەن، بەڵام لەسەر قوربانگاکە پێشکەش ناکرێت وەک بۆنی خۆشی. 13 هەموو پێشکەشکراوەکانت لە دانەوێڵە بە خوێ سوێری دەکەیت و با هیچ دانەوێڵەیەکت بەبێ خوێی [i] پەیمانی خودات نەبێت. بۆ هەموو قوربانییەکانت خوێی پێوە دەکەیت.
14 «”ئەگەر دانەوێڵەت بۆ یەزدان پێشکەش کرد، دانەوێڵەی یەکەمین بەرهەمەکانت پێشکەش دەکەیت، دەبێت گوڵەکەی بێت و برژا بێت، کوتراوە و پاککراوە بێت. 15 زەیتی بەسەردا دەکەیت و بخووری سادەی لەسەر دادەنێیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. 16 کاهینیش بەشی یادەوەرییەکەی لە کوتراوەکەی و زەیتەکەی و هەموو بخوورەکەی دەسووتێنێت وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
قوربانی بۆ پێکەوە ژیان
3 «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی[j] بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان. 2 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 3 لە قوربانی هاوبەشیش قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناو و 4 دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەرەکەیە و دوو گورچیلەکە لێ دەکاتەوە. 5 نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
6 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات. 7 ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات. 8 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 9 لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی[k] بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە، 10 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 11 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
12 «”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، 13 دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن، 14 لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، 15 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە، 16 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.
17 «”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»
پێشبینی وێرانبوونی پەرستگا
24 عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. 2 وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»
نیشانەکانی کۆتایی سەردەم
3 کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»
4 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، 5 چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحم،“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. 6 جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 7 نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. 8 بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.
9 «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 10 ئەو کاتە زۆر کەس لەڕێ لادەدەن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. 12 لەبەر زۆربوونی سەرپێچی، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.
گەورەترین تەنگانە
15 «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن [قێزەونی وێرانکەر][a] لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات، 16 ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕاکەنە چیاکان، 17 ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. 18 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 19 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 20 نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، 21 چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات، لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.
22 «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە. 23 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 24 چونکە مەسیحە درۆزنەکان[b] و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون چەواشە دەکەن. 25 ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.
26 «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، ”ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە!“ باوەڕ مەکەن، 27 چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.