Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 39-40

جلوبەرگی کاهینیێتی

39 لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ جلوبەرگی چنراویان دروستکرد بۆ خزمەت لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەشیان بۆ هارون دروستکرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

ئێفۆدەکە

ئێفۆدەکەیان لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد. پارچە زێڕیشیان کوتی هەتا باریکیان کردەوە و وەک داو بڕییان بۆ ئەوەی لەناو ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک بە دەستکردی داهێنەر بەکاریبهێنن. دوو شانی لە یەک بەستراویشیان بۆ دروستکرد، بە هەردوو لایەوە بەسترابوون. پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بوو، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

دوو بەردی عاشقبەندیشیان چەسپ کرد، دەوردراو بە چوارچێوەی زێڕین، نەخشێنراو وەک نەخشی ئەنگوستیلە بەپێی ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل. دوو بەردەکەشی خستە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

بەرسینەکە

بەرسینەکەشی وەک دەستکردی ئێفۆدەکە بە دەستی وەستای کارامە دروستکرد، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو. بەرسینەکەیان چوارگۆشە و دووبەر دروستکرد، درێژییەکەی بستێک[a] و پانییەکەی بستێک. 10 بە چوار ڕیز بەرد ڕازاندیانەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت[b] لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛ 11 ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛ 12 ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛ 13 ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. بە چوارچێوەی زێڕینیش ڕازاندبوویەوە. 14 بەردەکانیش دوازدە بوون وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بوو بۆ دوازدە هۆز.

15 بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوەی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، وەک گوریس. 16 دوو چوارچێوەی زێڕین و دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد، ئەڵقەکانیان لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دانا. 17 دوو زنجیرە زێڕینەکەشیان خستە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە. 18 هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەشیان خستە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەیان دانا بۆ پێشەوەی. 19 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکەیان دانا، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە. 20 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایاننان، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە. 21 بەرسینەکەشیان بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بەست، بە داوێک لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی

22 کەوای ئێفۆدەکەش دەستکردی چنراو بوو، هەموویان لە ڕیسی مۆر دروستکرد. 23 کونی سەریشی لەناوەڕاستی کەواکەدا دەبێت وەک کونی یەخەی کراس، بەنێکیش بە دەوروپشتی کونەکەدا بۆ ئەوەی نەدڕێت. 24 لەسەر دامێنی کەواکەش گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراویان دروستکرد، 25 زەنگوڵەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد. زەنگوڵەکانیان خستە نێوان گوڵینگەکانی سەر دامێنی کەواکە. 26 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەک لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بوو کە بۆ خزمەتکردن لەبەر دەکرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

27 هەروەها کراسیان لە کەتانی ناسک بۆ هارون و کوڕەکانی دروستکرد، بە دەستکردی چنراو. 28 مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک بوو، گوڵینگەکانی سەرپێچەکانیش لە کەتان ناسک، دەرپێکانیشیان لە کەتانی ناسکی ڕستراو بوون. 29 کەمەربەندەکەش لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ بە دەستکردی جۆڵا چنرابوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30 پلێتی تاجەگوڵینە پیرۆزەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵیانکەند: «پیرۆزی بۆ یەزدان.» 31 هەروەها خستیانە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە دابنرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

موسا تەماشای چادرەکەی پەرستن دەکات

32 ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. 33 ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا، چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ 34 پۆشەرەکەش کە لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ 35 سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛ 36 مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ 37 چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی، چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ 38 قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛ 39 قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ 40 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛ 41 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.

42 وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد. 43 موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.

هەڵدانی چادرەکەی پەرستن

40 یەزدان بە موسای فەرموو: «لە یەکی مانگی یەکەم، چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە هەڵبدە. سندوقی پەیمانی تێدا دابنێ، سندوقەکە بە پەردەکە داپۆشە. مێزەکەش ببە ژوورەوە و بە جوانی ڕێکی بخە، هەروەها چرادانەکەش ببە ژوورەوە و چراکانی بەرز بکەوە. قوربانگا زێڕینەکەش کە بۆ بخوورە لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، پەردەی دەروازە بۆ چادرەکەی پەرستن دابنێ.

«قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیش لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دانێ لەناو چادری پەرستن. حەوزەکەش لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە دابنێ و ئاوی تێبکە. حەوشەکە لە چواردەوری دابنێ و پەردەی دەروازەی حەوشەکەش دانێ.

«زەیتی دەستنیشانکردنەکە ببە و چادرەکەی پەرستن و هەموو ئەوەی تێیدایە پێی دەستنیشان بکە، خۆی و هەموو کەلوپەلەکانی تەرخان بکە و پیرۆز دەبێت. 10 پاشان قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکەی دەستنیشان بکە، قوربانگاکە تەرخان بکە و دەبێتە هەرەپیرۆز. 11 حەوزەکەش لەگەڵ ژێرەکەی دەستنیشان بکە و تەرخانی بکە.

12 «هارون و کوڕەکانیش بهێنە پێشەوە بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. 13 ئینجا جلوبەرگە پیرۆزەکە لەبەر هارون بکە، دەستنیشانی بکە و تەرخانی بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکات. 14 کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسەکانیان لەبەر بکە، 15 دەستنیشانیان بکە هەروەک چۆن باوکیانت دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەبێت هەتا دەستنیشانکردنەکەیان بۆیان ببێتە کاهینیێتی هەتاهەتایی لە نەوەکانیان.» 16 موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد.

17 لە یەکی مانگی یەکەمینی ساڵی دووەم چادرەکەی پەرستن هەڵدرا. 18 موسا چادرەکەی پەرستنی هەڵدا، بنکەکانی دانا و چوارچێوەکانی دانا، کاریتەکانی دانا و کۆڵەکەکانی ڕاگرت. 19 ڕەشماڵەکەی بەسەر چادری پەرستندا هەڵدا و لە سەرەوە پۆشەری چادرەکەی بەسەریدا دا، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

20 تەختەکانی پەیمانی برد و خستییە ناو سندوقەکە، دارەکانی خستە سەر سندوقەکە و قەپاغی کەفارەتی لەسەر سندوقەکە دانا. 21 ئینجا سندوقەکەی هێنایە ناو چادرەکەی پەرستن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆزی دانا و سندوقی پەیمانی داپۆشی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

22 مێزەکەی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن لە دەرەوەی پەردەکە. 23 نانی بەردەم یەزدانیشی بە ڕێکی لەسەری ڕێکخست، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

24 چرادانەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا لە بەرامبەر مێزەکە لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن. 25 چراکانی بەرزکردەوە بۆ بەردەم یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

26 قوربانگا زێڕینەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم پەردەکە دانا و 27 بخووری بۆنخۆشی لەسەر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. 28 پەردەی دەروازەشی بۆ چادرەکەی پەرستن دانا.

29 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لەلای دەرگای چادری چاوپێکەوتن دانا لەناو چادری پەرستن و قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی سەرخستە سەری، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30 حەوزەکەشی لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەدا دانا و ئاوی تێکرد بۆ شوشتن، 31 بۆ ئەوەی موسا و هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن. 32 لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن و لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگاکە دەیشۆن، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

33 حەوشەکەشی لە دەوری چادرەکەی پەرستن و قوربانگاکە دامەزراند و پەردەی دەروازەی حەوشەکەی دانا. ئیتر موسا کارەکەی تەواو کرد.

شکۆمەندی یەزدان

34 ئینجا هەورێک چادری چاوپێکەوتنی داپۆشی و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد. 35 لەبەر ئەوە موسا نەیتوانی بچێتە ژوورەوە بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، چونکە هەور هاتە سەری و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.

36 بە درێژایی ماوەی کۆچەکەیان، هەر کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن. 37 بەڵام ئەگەر هەورەکە بەرزنەبووایەوە، کۆچیان نەدەکرد هەتا ڕۆژی بەرزبوونەوەی، 38 چونکە هەوری یەزدان بە ڕۆژ لەسەر چادرەکەی پەرستن بوو، بە شەویش ئاگری تێدابوو، لەبەرچاوی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە هەموو کۆچەکانیان.

مەتا 23:23-39

23 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت[a] و ڕازیانە دەدەن و گرنگترینی تەوراتتان پشتگوێ خستووە. دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزی، پێویست بوو ئەمانە بکەن و ئەوانەش پشتگوێ نەخەن. 24 ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە لەبەر مێشوولە شلەمەنی دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!

25 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چڵێسی و بەڕەڵایی. 26 ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە.

27 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک. 28 ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناوەوەتان پڕە لە دووڕوویی و سەرپێچی.

29 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و 30 دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“ 31 کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە کوڕی پێغەمبەرکوژانن. 32 جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!

33 «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟ 34 لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. لێیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، لە کەنیشتەکانتان بەر قامچییان دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. 35 لەبەر ئەوە هەموو خوێنێکی پاک کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان. 36 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»

خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم

37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.][b]»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.