Old/New Testament
36 1 ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»
2 ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن. 3 هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا. 4 ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا 5 و پێیان گوت: «گەل لە پێویستی ئەو کارەی خزمەت کە یەزدان فەرمانی بە دروستکردنی کردووە زیاتر دەهێنن.»
6 ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا، گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت دروستنەکەن بۆ پیتاک بۆ پیرۆزگا.» جا گەل لە هێنان وەستان، 7 کەرەستەکانیش بەشی هەموو کارێکی کردن بۆ ئەوەی بیکەن و زیاتریش بوو.
چادری پەرستن
8 هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان[a] لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان[b] بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن. 9 درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو،[c] یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. 10 پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە بەسترانەوە. 11 ئەڵقەشی لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتی بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد. 12 پەنجا ئەڵقەی بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون. 13 پەنجا فاقی[d] زێڕیشی دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.
14 هەروەها ڕەشماڵێکی لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنی پێ گرت. 15 درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ[e] و پانی چوار باڵ[f] بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. 16 پێنجی لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە. 17 پەنجا ئەڵقەی لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. 18 پەنجا فاقی بڕۆنزیشی دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە. 19 پۆشەرێکیشی لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
20 چوارچێوەشی[g] لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 21 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.[h] 22 دوو زمانەشی بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوای کرد. 23 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیانی لەلای باشوور دروستکرد، 24 چل بنکەی زیویشی لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. 25 بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 26 چل بنکەی زیویشی هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. 27 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، 28 دوو چوارچێوەشی بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 29 لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوای کرد. 30 ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.
31 پێنج کاریتەشی لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد، 32 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. 33 کاریتەکەی ناوەڕاستیشی وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. 34 چوارچێوەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستی کرد، کاریتەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.
35 پەردەیەکیشی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستکرد. 36 چوار کۆڵەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشی بۆ داڕشتن. 37 پەردەی دەروازەشی بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک، 38 پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.
سندوقی پەیمان
37 بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.[i] 2 ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد. 3 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. 4 دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. 5 دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.
6 قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو[j] درێژییەکەی و باڵ و نیوێک[k] پانییەکەی بوو. 7 دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتی وەکرد. 8 کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە دەبن. 9 کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.
مێزەکە
10 مێزەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.[l] 11 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری دروستکرد. 12 لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا. 13 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت، بازنەکانی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا. 14 بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 15 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 16 قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە پێیان دەڕژێنرێت بۆ شەرابی پێشکەشکراو لە زێڕی بێگەرد دروستی کردن.
چرادانەکە
17 چرادانەکەشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون. 18 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. 19 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون. 20 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو. 21 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو. 22 گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.
23 حەوت چراشی بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد بوون. 24 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک[m] زێڕی بێگەرد دروستکرد.
قوربانگاکەی بخوور
25 قوربانگاکەی بخووریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک[n] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[o] بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون. 26 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستکرد. 27 دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. 28 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.
29 زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.
قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن
38 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ[p] و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزاییەکەشی سێ باڵ[q] بوو. 2 قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشی کرد. 3 هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشی دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستکرد. 4 کەتیبەیەکیشی بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکەی داینا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست. 5 چوار ئەڵقەشی لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار. 6 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشی کردن. 7 دوو دارەکەی خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشی لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو.
حەوزەکەی شوشتن
8 حەوزەکەشی لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد.
حەوشەکە
9 حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشی لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ[r]. 10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون. 11 بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.
12 بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ[s] بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون. 13 لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ. 14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ[t]، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون. 15 بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون. 16 هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون. 17 هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون.
18 پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ[u] و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ[v] هەروەک پەردەکانی حەوشەکە. 19 کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون. 20 هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون.
بەکارهێنانی کانزا بەخشراوەکان
21 ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین. 22 بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد، 23 ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. 24 هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل[w] بە شاقلی پیرۆزگا.
25 زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل[x] بە شاقلی پیرۆزگا. 26 نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل[y] بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس. 27 سەد تالنتیش لە زیوەکە[z] بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە[aa] بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک. 28 هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقە پێکەوەی بەستنی لێ دروستکرا.
29 بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل[ab] بوو، 30 بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران، 31 هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا.
هەمووتان برای یەکترین
23 پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی 2 فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن. 3 لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان دەڵێن و نایکەن. 4 باری قورس کە هەڵناگیرێت، دەیپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە پەنجەش بیجوڵێنن.
5 «هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان[a]. 6 حەز دەکەن لە میوانداری لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش ڕیزی پێشەوە، 7 لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی[b]“ بانگیان بکەن.
8 «بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران. 9 کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە. 10 بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە. 11 ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان. 12 ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.
دووڕوویی فەریسییەکان
13 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە شانشینی ئاسمان لەڕووی خەڵک دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە.
14 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن[c] هەڵدەلووشن، بۆ دەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.
15 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ.
16 «قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا پابەندە.“ 17 ئەی گێل و کوێرینە، کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟ 18 هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا پابەندە.“ 19 ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟ 20 بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی. 21 ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە. 22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.