Old/New Testament
دوو تەختە بەردی نوێ
34 یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت. 2 بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە. 3 کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»
4 ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت. 5 یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە. 6 ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە. 7 خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»
8 موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد، 9 گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»
10 ئەویش فەرمووی: «گوێ بگرە، پەیمانێکت لەگەڵ دەبەستم. لە بەرامبەر هەموو گەلەکەت کاری سەرسوڕهێنەری وا دەکەم کە لە هەموو زەویدا و لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەکرابێت، هەموو ئەو گەلەش کە تۆ لەنێویاندایت کرداری یەزدان دەبینن، چونکە ئەوەی من لەگەڵ تۆ دەیکەم سامناکە. 11 ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم بەجێی بهێنە. من ئەموری و کەنعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان لەپێشت دەردەکەم. 12 ئاگاداربن هیچ پەیمانێک لەگەڵ دانیشتووانی ئەو خاکە مەبەستن کە دێنە سەری، نەوەک ببنە تەڵە لەناوەندتان. 13 بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان[a] ببڕنەوە. 14 کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە[b].
15 «نەوەک پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش[c] لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن. 16 کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش[d] بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون.
17 «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.
18 «وەک فەرمانم پێکردوون، جەژنی فەتیرە بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن، چونکە ئێوە لە مانگی ئاڤیڤ لە میسر هاتنە دەرەوە.
19 «هەموو نۆبەرەی سکێک بۆ منە، هەروەها هەر نۆبەرەیەکی نێر لە ئاژەڵە ماڵییەکەشت لە گا و بەران، 20 نۆبەرەی گوێدرێژ بە بەرخێک بکڕنەوە، بەڵام ئەگەر نەیکڕنەوە، دەبێت ملی بشکێنن[e]، هەموو نۆبەرەیەک لە کوڕەکانتان بکڕنەوە.
«بە بەتاڵی لەبەردەمم ئامادە نابن.
21 «شەش ڕۆژ کار بکەن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، لە کاتی وەرزی کێڵان و لە کاتی دروێنەش پشوو بدەن.
22 «جەژنی هەفتەکان[f] بۆ خۆتان بگێڕن، یەکەم بەرهەمی دروێنەی گەنم و جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵ[g]. 23 سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەستی خودای ئیسرائیل ئامادە دەبن. 24 گەلان لەبەردەمتان دەردەکەم و سنوورەکانتان فراوان دەکەم، کەسیش چاونابڕێتە خاکەکەتان، کاتێک لە ساڵێکدا سێ جار دێن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە بن.
25 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن، قوربانی جەژنی پەسخە بۆ بەیانی نەمێنێتەوە.
26 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن.
«هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.»
27 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم وتانە بنووسەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو وتانە پەیمانم لەگەڵ تۆ و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بەستووە.» 28 موسا چل شەو و چل ڕۆژ لەوێ بوو لەلای یەزدان، نانی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، لەسەر دوو تەختەکەش وتەکانی پەیمانی نووسی، دە ڕاسپاردەکە.
دەموچاوی موسا دەدرەوشێتەوە
29 کاتێک موسا لە شاخی سینا دەهاتە خوارەوە، هەردوو تەختەکەی پەیمانی لەدەست بوو، لە هاتنە خوارەوەی لە کێوەکە موسا نەیزانی کە پێستی دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، لەبەر قسەکردنی لەگەڵ یەزدان. 30 کاتێک هارون و هەموو نەوەی ئیسرائیل بینییان موسا وا دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، ئیتر ترسان لێی نزیک ببنەوە. 31 بەڵام موسا بانگی کردن، ئیتر هارون و هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ گەڕانەوە لای، موساش لەگەڵیان دوا. 32 دواتر هەموو نەوەی ئیسرائیل نزیک کەوتنەوە، ئەویش فەرمانی پێدان بە هەموو ئەوەی کە یەزدان لە شاخی سینا لەگەڵی دوابوو.
33 کاتێک موسا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵیان، ڕووپۆشێکی لەسەر دەموچاوی دانا. 34 بەڵام موسا لە چوونە ژوورەوەی بۆ بەردەم یەزدان بۆ قسەکردن لەگەڵی ڕووپۆشەکەی لا دەدا هەتا دەچووە دەرەوە، دەچووە دەرەوە و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەدوا سەبارەت بەوەی فەرمانی پێکرابوو. 35 هەر کاتێک نەوەی ئیسرائیل دەموچاوی موسایان دەبینی کە دەدرەوشایەوە، موسا ڕووپۆشەکەی دەخستەوە سەر دەموچاوی هەتا دەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەزدان بدوێت.
فەرمانی ڕۆژی شەممە
35 موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن، 2 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت. 3 لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»
کەلوپەلەکانی چادری پەرستن
4 هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: 5 لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت، لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ 6 ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ 7 پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛ 8 زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ 9 بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.
10 «با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: 11 چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ 12 سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ 13 مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ 14 چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ 15 قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛ پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛ 16 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ 17 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛ 18 سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛ 19 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»
20 ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە. 21 دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان. 22 هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە. 23 هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای. 24 کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا. 25 هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش بە دەست ڕستنی ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. 26 هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست. 27 سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا. 28 هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش. 29 هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.
بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب
30 موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، 31 لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک، 32 بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، 33 بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک. 34 فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە. 35 پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان.
زیندووبوونەوەی مردووان
23 لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان هاتنە لای، کە بڕوایان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نییە، پرسیاریان لێکرد: 24 «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 25 جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت، 26 بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم تاکو حەوتەم. 27 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 28 ئایا لە هەستانەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە؟ چونکە هی هەموویان بووە.»
29 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. 30 لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 31 بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە و دەفەرموێ: 32 [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم][a]؟ خودا خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»
33 خەڵکەکە کە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.
گەورەترین ڕاسپاردە
34 بەڵام فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە. 35 یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:
36 «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟» 37 عیسا پێی فەرموو: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][b] 38 ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. 39 دووەمیشیان وەک ئەو وایە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][c] 40 جا هەموو تەورات و پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»
مەسیح و داود
41 کاتێک فەریسییەکان کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین: 42 «دەربارەی مەسیح چی دەڵێن، کوڕی کێیە؟»
وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»
43 ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:
44 «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][d]
45 بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
46 جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.