Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 31-33

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

31 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، ئەوا من بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوورم لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، لە ڕۆحی خوداشەوە پڕم کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک. بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو پیشەیەک. من ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە، لەگەڵ ئەوم داناوە. توانام داوە بە هەموو پیاوێکی پیشەوەر تاکو هەموو ئەو کارانە بکەن کە فەرمانم پێکردیت: چادری چاوپێکەوتن، سندوقی پەیمان، قەپاغەکەی کەفارەت کە لەسەریەتی، هەموو کەلوپەلەکانی چادرەکە کە پێکهاتووە لە مێزەکە، قاپوقاچاغەکانی، چرادانەکە کە لە زێڕی بێگەردە و هەموو قاپوقاچاغەکانی، قوربانگاکەی بخوور، قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی، حەوزەکە و ژێرەکەی، 10 هەروەها جلوبەرگە چنراوەکان، جلوبەرگە پیرۆزەکان بۆ هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ ئەنجامدانی کاهینیێتی، 11 زەیتەکەی دەستنیشانکردن، بخووری بۆنخۆش بۆ شوێنی پیرۆز. هەروەک هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، دەیکەن.»

ڕۆژی حەسانەوە (شەبات)

12 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 13 «تۆ لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”دەبێت شەممەکانی[a] من بپارێزن، چونکە نیشانەیە لەنێوان من و ئێوە بۆ نەوەکانتان هەتا بزانن کە من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکەم.

14 «”شەممە بپارێزن، چونکە پیرۆزە بۆتان، ئەوەی گڵاوی بکات دەبێت بکوژرێت، چونکە هەرکەسێک لەو پشووەدا کارێک بکات ئەوا لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 15 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشوودانی شەممەیە، پیرۆزە بۆ یەزدان، هەرکەسێک لە ڕۆژی شەممە کار بکات دەبێت بکوژرێت. 16 نەوەی ئیسرائیل شەممە بپارێزن، بۆ ئەوەی نەوەکانیان وەک پەیمانێکی هەتاهەتایی پەیوەست بن بە شەممەوە. 17 لەنێوان من و نەوەی ئیسرائیل نیشانەیەکە بۆ هەتاهەتایە، چونکە لە شەش ڕۆژدا یەزدان ئاسمان و زەویی دروستکرد و لە ڕۆژی حەوتەم لە کارکردن وەستا و پشووی دا.“»

18 کاتێک کە لە شاخی سینا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ موسا، دوو تەختەکەی پەیمانی دایە موسا، تەختەی بەرد بوون و بە پەنجەی خودا نووسرا بوون.

گوێرەکەی زێڕین

32 کاتێک گەل بینی موسا دواکەوت لە هاتنە خوارەوە لە کێوەکە، لەسەر هارون کۆبوونەوە و پێیان گوت: «وەرە! چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.»

هارونیش وەڵامی دانەوە: «ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژن و کوڕ و کچەکانتانە لێی بکەنەوە و بۆ منی بهێنن.» جا هەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیان کردنەوە و بۆ هارونیان هێنا. ئەویش لە دەستیانی وەرگرت و بە قاڵب شێوەی گوێرەکەیەکی داڕشت و بە قەڵەم و چەکوش ڕێکیخست، ئینجا گوتیان: «ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.»

کاتێک هارون ئەمەی بینی، قوربانگایەکی لەپێش گوێرەکەکە دروستکرد، بانگەوازی دا و گوتی: «بەیانی جەژنە بۆ یەزدان.» ئینجا بەیانی زوو هەستان و قوربانی سووتاندنیان سەرخست و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد، ئینجا گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.

جا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بوو، ئەوەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە. زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن، دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.“»

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن. 10 ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»

11 بەڵام موساش لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە، گوتی: «یەزدان، بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە دەرتهێنا؟ 12 بۆچی میسرییەکان بڵێن: ”بە نیازخراپی دەریهێنان هەتا لە کێوەکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕەییت دابمرکێنەوە و ئەو سزایە ڕەت بکەرەوە کە فەرمووت بەسەر گەلەکەتدا دەیسەپێنیت. 13 ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بە گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فەرموون، ”نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و هەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەمە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ هەتاهەتایە.“» 14 ئینجا یەزدان پاشگەز بووەوە لەو کارەساتەی فەرمووی، کە ویستی بە گەلەکەی بکات.

15 موسا ڕووی وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتە خوارەوە، دوو تەختەکەی پەیمانیشی لە دەست بوو، ئەو تەختانەی لە هەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لاو لەو لاوە نووسرابوون. 16 تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخشێنراوە.

17 کاتێک یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە هاواریان دەکرد، بە موسای گوت: «دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە!»

18 ئەویش گوتی:

«نە دەنگی هاواری سەرکەوتنە،
    نە دەنگی هاواری دۆڕاندنە،
    بەڵکو دەنگی گۆرانییە، ئەوەی گوێم لێیە.»

19 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی. 20 هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.

21 موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»

22 هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە. 23 پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“ 24 منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»

25 موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان. 26 ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.

27 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”با هەریەکە شمشێرەکەی لە لاڕانییەوە ببەستێت، دەروازە بە دەروازە بە ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و بگەڕێنەوە، با هەریەکە بکوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“» 28 نەوەی لێڤیش بەم جۆرەیان کرد، هەروەک موسا گوتی، ئەو ڕۆژە نزیکەی سێ هەزار پیاو لە گەل کەوتن. 29 موسا گوتی: «ئەمڕۆ ئێوە تەرخان کراون بۆ یەزدان، لەبەر ئەوەی ئێوە لە دژی کوڕ و براکانتان بوون، ئیتر ئەمڕۆ بەرەکەتداری کردن.»

30 ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی گوت: «ئێوە گوناهێکی گەورەتان کردووە، بەڵام ئێستا سەردەکەوم بۆ لای یەزدان، بەڵکو کەفارەتی گوناهەکەتان بکەم.»

31 ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد، 32 بەڵام ئێستا لە گوناهیان خۆشبە، ئەگەر نا، لە پەڕتووکەکەی خۆت بمسڕەوە کە نووسیوتە.»

33 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە. 34 ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»

35 ئیتر یەزدان گەلی تووشی دەرد کرد لەسەر ئەوەی لەگەڵ گوێرەکەکە کردیان کە هارون دروستی کردبوو. 33 یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەموری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم. بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»

کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە. یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و بزانە چیت پێ دەکەم.“» ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.

چادری چاوپێکەوتنی موسا

موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»[b]. هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو. هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە. کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا. 10 گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی. 11 یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.

موسا و شکۆمەندی یەزدان

12 موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ 13 ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم، هەروەها ببینە ئەم نەتەوەیەی کە گەلی خۆتە.»

14 یەزدان فەرمووی: «من لەگەڵتان دەبم و لەگەڵتان دەڕۆم و دەتانحەسێنمەوە.»

15 موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە. 16 بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئایا بە ڕۆیشتنت نییە لەگەڵمان؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»

17 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»

18 ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»

19 ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[c] 20 هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە کەس نییە بمبینێت و بژیێت.»

21 هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە. 22 کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم، 23 دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»

مەتا 22:1-22

نموونەی داوەتی پاشا

22 عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: «پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.

«دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا شێوم[a] ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“

«بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی. ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن. جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.

«ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون، کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“ 10 ئەو کۆیلانەش چوونە سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.

11 «کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی[b] لەبەر نەکردبوو. 12 پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.

13 «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.“

14 «چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»

سەرانەدان بە قەیسەر

15 ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد چۆن عیسا بە قسەی خۆی تووش بکەن. 16 قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان[c] ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا بە ڕاستی فێردەکەیت و گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت. 17 کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە: دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»

18 عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ 19 پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا. 20 پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»

21 وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.»

پاشان پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»

22 کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.