Old/New Testament
پیتاک بۆ پێداویستییەکانی چادری پەرستن[a]
25 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با بەخشینم پێشکەش بکەن، هەر یەکێک کە لەسەر دڵی بێت ببەخشێت. 3 ئەمانەش ئەو پێشکەشکراوانەن کە لێیان وەردەگرن: زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ 4 ڕیسی جوان و باریک بە ڕەنگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ 5 پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پێستی مانگای دەریا[b] و داری ئەکاسیا[c]؛ 6 زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ 7 بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد[d] و بۆ بەرسینە.
8 «پیرۆزگایەکیشم بۆ دروستدەکەن بۆ ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێ بم، 9 وەک هەموو ئەوەی پیشانت دەدەم لە نموونەی چادری پەرستن و نموونەی هەموو کەلوپەلەکانی، بەم شێوە دروستی بکەن.
سندوقی پەیمان
10 «سندوقێکیش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو[e] و پانییەکەی باڵ و نیوێک[f] و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بێت، 11 ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش بکرێت و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستبکرێت. 12 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دابڕێژرێت و لەسەر چوار پایەکەی دابنرێت، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. 13 دوو داریش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت و بە زێڕ ڕووکەش بکرێن. 14 دارەکانیش بخرێتە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە پێیان. 15 دارەکان لەناو بازنەکانی سندوقەکە دەبن، لێیان دەرناهێنرێن. 16 لەناو سندوقەکەش[g] ئەو دوو تەختەی پەیمان[h] دادەنێیت کە پێت دەدەم.
17 «قەپاغی کەفارەتیش[i] لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بێت. 18 دوو کەڕوب[j] لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەکەوە بکرێت. 19 کەڕوبێک لەلایەک دروستبکرێت و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، هەردوو کەڕوبەکان لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بن. 20 دەبێت کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبێتەوە و بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکە کردبێت. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بن و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بێت. 21 قەپاغی کەفارەتەکە لەسەر سندوقەکە و لەلای سەرەوە دابنرێت، لەناو سندوقەکەش ئەو دوو تەختەی پەیمان دادەنێیت کە من پێت دەدەم. 22 لەوێ لەگەڵت کۆدەبمەوە و لەگەڵت دەدوێم، لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە لەنێوان دوو کەڕوبەکەی سەر سندوقی پەیمان[k]، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێدەدەم بۆ نەوەی ئیسرائیل.
مێزەکە
23 «هەروەها مێزێک لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، کە درێژییەکەی دوو باڵ[l] و پانییەکەی باڵێک[m] و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک[n] بێت. 24 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەش بکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری بۆ دروستبکرێت. 25 لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستبکرێت و چوارچێوەیەکی زێڕینیش بۆ لێوارەکە لە دەوری دابنرێت. 26 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دروستبکرێت، بازنەکان لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دابنرێت. 27 بازنەکان لەلای لێوارەکەوە دەبن بە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 28 دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێن، بە زێڕ ڕووکەش بکرێن، بەوان مێزەکە هەڵدەگرێت. 29 لەگەن و قاپەکانی لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، هەروەها دۆلکە و تاسەکانیش کە پێشکەشکراوەکانی پێ دەڕژێنرێت. 30 لەسەر مێزەکەش نانی تەرخانکراو بەردەوام لەپێشم دادەنرێت.
چرادانەکە
31 «هەروەها چرادانێک لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی دەبێت. 32 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەردەچێت، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. 33 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەردەچن. 34 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەیە. 35 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەردەچن. 36 گرێ و لقەکان لە خۆی دەبن، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو دەبێت.
37 «حەوت چراشی بۆ دروستبکرێت و چراکانی بەرز دەکەیتەوە هەتا پێشی ڕووناک بکاتەوە. 38 مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد دەبن. 39 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک[o] زێڕی بێگەرد دروستبکرێت. 40 بڕوانە ئەو شتانە لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.
چادری پەرستن
26 «چادری پەرستنیش لە پڵاسی[p] کەتانی ڕستراو دروستبکە، هەروەها بە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر بکە. 2 درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ[q] و پانییەکەی چوار باڵ[r] بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. 3 پێنج پڵاس پێکەوە ببەستە و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە. 4 ئەڵقە لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستبکە، هەمان شت بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم بکە. 5 پەنجا ئەڵقە بۆ پڵاسی یەکەم دروستدەکەیت و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بن. 6 پەنجا فاقی زێڕیش دروستبکە. بە فاقەکان پڵاسەکان هەریەکە و لەوەی تەنیشتی ببەستەوە. ئیتر چادری پەرستن دەبێتە یەک پارچە.
7 «ڕەشماڵێک لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستبکە و سەری چادری پەرستنی پێ بگرە، 8 درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ[s] و پانی چوار باڵ[t] بێت، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. 9 پێنج لە پڵاسەکان پێکەوە ببەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە، پڵاسی شەشەمیش بەڕووی چادرەکەدا بنووشتێنەوە. 10 پەنجا ئەڵقە لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستبکە، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. 11 پەنجا فاقی بڕۆنزیش دروستبکە و فاقەکان بخە ناو ئەڵقەکان، چادرەکە پێکەوە ببەستەوە و دەبێتە یەک پارچە. 12 ئەوەش کە شۆڕدەبێتەوە و لە پڵاسەکانی چادرەکە دەمێنێتەوە، نیوەی ئەو پڵاسەی دەمێنێتەوە بەسەر کۆتایی چادرەکەی پەرستندا شۆڕی بکەوە. 13 باڵێک[u] لەم لا، باڵێک لەو لا لەوەی دەمێنێتەوە لە درێژایی پڵاسی چادرەکە شۆڕ بکرێنەوە بەسەر دوو لای چادرەکەی پەرستندا، لەم لاو لەو لاوە بۆ داپۆشینی. 14 پۆشەرێکیش لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستبکە، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.
15 «چوارچێوەش لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستبکە. 16 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ[v] و پانی باڵ و نیوێک[w] بێت. 17 دوو زمانەش بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستبکە بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوا بکە. 18 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیان لەلای باشوور دروستبکە، 19 چل بنکەی زیویش لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستبکە، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. 20 بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستبکە. 21 چل بنکەی زیویشی هەبێت، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. 22 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، 23 دوو چوارچێوەش بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستبکە. 24 دەبێت لە خوارەوە جووت بن و هەتا سەرەوە یەک بن، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوا بن. 25 ئینجا دەبێتە هەشت چوارچێوە و بنکە زیوەکانیشیان شازدە دەبێت، هەردوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکەی دیکەش لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە.
26 «هەروەها پێنج کاریتە لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستبکە، 27 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. 28 کاریتەکەی ناوەڕاستیش بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. 29 چوارچێوەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستبکە، کاریتەکانیش بە زێڕ ڕووکەش بکە.
30 «چادرەکەی پەرستنیش لەسەر ئەو نەخشەیە هەڵبدە کە لە کێوەکە پیشانت دراوە.
31 «پەردەیەکیش لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستبکە. 32 بیخە سەر چوار کۆڵەکەی[x] لە داری ئەکاسیا دروستکراو و بە زێڕ ڕووکەشکراو، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بێت، لەسەر چوار بنکەی زیو بن. 33 چەند فاقێکیش بەلای سەرەوەی پەردەکەوە بکە و سندوقی پەیمانیش بهێنە ئەوێ بۆ دیوی ژوورەوەی پەردەکە. پەردەکە شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆز[y] لە یەکتری جیا دەکاتەوە بۆتان. 34 قەپاغی کەفارەتیش لەسەر سندوقی پەیمان لە شوێنی هەرەپیرۆز دابنێ. 35 مێزەکەش لە دەرەوەی پەردەکە دابنێ و چرادانەکەش بەرامبەر مێزەکە لەلایەکی چادرەکەی پەرستن لەلای باشوور دابنێ و مێزەکەش لەلای باکوور.
36 «پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستبکە، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک. 37 بۆ پەردەی دەروازەکەش پێنج ستوونی لە داری ئەکاسیا و بە زێڕ ڕووکەشکراو دروستبکە، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بن و پێنج بنکەی بڕۆنزیشیان بۆ دابڕێژە.
سێیەم باسی مردنی عیسا
17 کاتێک عیسا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون: 18 «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و 19 بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست نەتەوەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
خزمەتکار پایەبەرزترینە
20 ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
21 ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
22 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە[a] بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
23 ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
24 کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. 25 بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆک نەتەوەکان وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. 26 جا لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و 27 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، 28 هەروەک کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
29 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 30 ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
31 جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
32 عیسا ڕاوەستا، بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
33 وەڵامیان دایەوە: «دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە، گەورەم.»
34 عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ ڕۆشنایی هاتەوە چاویان و دوای کەوتن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.