Old/New Testament
21 «ئەمانەش ئەو یاسایانەیە کە لەبەردەمیان دایدەنێیت:
کۆیلەی عیبرانی
2 «ئەگەر کۆیلەیەکی عیبرانیتان کڕی ئەوا شەش ساڵ خزمەت دەکات و ساڵی حەوتەم بەخۆڕایی ئازاد دەبێت. 3 ئەگەر بە تەنها هاتبوو ئەوا بە تەنها ئازاد دەبێت، بەڵام ئەگەر مێردی ژنێک بوو ئەوا ژنەکەشی لەگەڵی ئازاد دەبێت. 4 ئەگەر گەورەکەی ژنێکی پێدابێت و ژنەکە کوڕ یان کچی بۆی بووبێت، ئەوا ژن و منداڵەکان بۆ گەورەکەی دەبن و ئەو بە تەنها ئازاد دەبێت.
5 «بەڵام ئەگەر کۆیلەکە بە ڕاستی بڵێت: ”گەورەکەم و ژنەکەم و منداڵەکانم خۆشدەوێت و ئازاد نابم،“ 6 ئەوا گەورەکەی پێویستە بیباتە پێش خودا. ئینجا نزیکی دەکاتەوە لە دەرگاکە یان لەلایەکی چوارچێوەی دەرگاکە، گەورەکەی بە درێشە[a] گوێی کون دەکات، ئەویش هەتاهەتایە خزمەتی دەکات.
7 «ئەگەر پیاوێک کچەکەی خۆی فرۆشت وەک کۆیلە، ئەوا وەک پیاوێکی کۆیلە ئازاد نابێت. 8 ئەگەر کچەکە نەبێتە جێی ڕەزامەندی گەورەکەی، کە نیشانی کردووە بۆ خۆی، ئەوا دەبێت ڕێ بە کچەکە بدات بکڕدرێتەوە. ئیتر مافی فرۆشتنی نییە بە خەڵکێکی بێگانە، چونکە لەگەڵ کچەکە بێوەفا بووە. 9 ئەگەر کچەکەی نیشان کرد بۆ کوڕەکەی ئەوا پێویستە وەک کچی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات. 10 ئەگەر ژنێکی دیکەی هێنا، ئەوا پێویستە خواردن و بەرگ و جووتبوونی لەگەڵ ئەو کەم نەکاتەوە. 11 ئەگەر یەکێک لەو سێیانەی بۆ نەکرد، ئەوا کەنیزەکە بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.
12 «ئەوەی لە کەسێک بدات و بیمرێنێت ئەوا دەبێت بکوژرێت. 13 بەڵام ئەوەی مەبەستی نەبوو، بەڵکو خودا هێشتی ڕوو بدات، ئەوا من شوێنێکت بۆ دیاری دەکەم هەتا هەڵبێت بۆ ئەوێ. 14 بەڵام ئەگەر یەکێک فێڵ لە برادەرەکەی بکات و بیکوژێت، ئەوا لەلای قوربانگاکەمەوە دەیبەیت بۆ کوشتن.
15 «ئەوەی لە دایک و باوکی بدات، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
16 «ئەوەی کەسێک بڕفێنێت و بیفرۆشێت یان لەلای بیبیننەوە، ئەوا دەبێت بکوژرێت.
17 «ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.
18 «کاتێک دوو پیاو ناکۆکییان دەبێت و یەکێکیان بە بەرد یان بە مست لە برادەرەکەی بدات و نەمرد بەڵکو لە جێگا کەوت، 19 ئەگەر هەستایەوە و لە دەرەوە بە گۆچانەکەی ڕۆیشت، ئەوا ئەوەی لێیداوە بێتاوان دەبێت، تەنها قەرەبووی ئەو کاتەی بۆ بکاتەوە و خەرجی چارەسەرییەکەی بدات، هەتا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.
20 «کاتێک یەکێک لە کۆیلەکەی یان لە کارەکەرەکەی بدات بە دار و لەژێر دەستی مرد، ئەوا سزا دەدرێت، 21 بەڵام ئەگەر لەدوای ڕۆژێک یان دووان چاک بووەوە ئەوا سزا نادرێت، چونکە ماڵی خۆیەتی.
22 «ئەگەر چەند پیاوێک شەڕیان کرد و بە ڕێککەوت لە ژنێکی سکپڕیان دا و بەهۆیەوە منداڵەکەی پێش کاتی خۆی لەدایک بوو، بەڵام زیانی کوشندەی نەبوو، ئەوا بێگومان بەگوێرەی دادگا سزای ماددی دەدرێت، بەپێی ئەوەی مێردی ژنەکە لەسەری دادەنێت. 23 بەڵام ئەگەر زیانی کوشندەی هەبێت، ئەوا گیان لە جێی گیان دەبێت، 24 چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ، 25 سووتان لە جێی سووتان، برین لە جێی برین و لێدان لە جێی لێدان.
26 «کاتێک یەکێک لە چاوی کۆیلەکەی یان چاوی کارەکەرەکەی دا و کوێری کرد، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی چاوی. 27 ئەگەر ددانی کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی کەوت، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی ددانی.
28 «ئەگەر گایەک قۆچی لە پیاوێک یان لە ژنێک دا و مرد، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و گۆشتەکەشی ناخورێت. بەڵام خاوەنی گایەکە بێتاوان دەبێت. 29 بەڵام ئەگەر گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بێت، خاوەنەکەی ئاگادار کرابێتەوە بەڵام لە پشتیرەکە[b] بەندی نەکردبێت، پیاوێک یان ژنێکی کوشت، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و خاوەنەکەشی دەکوژرێت. 30 ئەگەر نرخ بخرێتە سەری، ئەوا بۆ کڕینەوەی ژیانی خۆی هەرچی بکەوێتە سەر دەبێت بیدات. 31 یان قۆچ لە کوڕێک یان لە کچێک بدات، ئەوا ئەم حوکمەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت. 32 ئەگەر گایەکە قۆچ لە کۆیلەیەک یان کارەکەرێک بدات، ئەوا گەورەکەی سی شاقل[c] زیو دەدات و گایەکەش بەردباران دەکرێت.
33 «کاتێک کەسێک سەری بیرێک دەکاتەوە یان بیرێک لێدەدات و سەرەکەی دانەپۆشێت، گایەک یان گوێدرێژێک بکەوێتە ناوی، 34 ئەوا خاوەن بیرەکە قەرەبوو دەداتەوە و زیو دەداتە خاوەنەکەی، ئاژەڵە مردارەوەبووەکەش یان تۆپیوەکە بۆ ئەو دەبێت.
35 «ئەگەر گای کەسێک لە گای برادەرەکەی دا و کوشتی، ئەوا گایە زیندووەکە دەفرۆشن و نرخەکەی بەش دەکەن، هەروەها گایە مردارەوەبووەکەش دابەش دەکەن. 36 ئەگەر زانراش کە گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بووە و خاوەنەکەی لە پشتیرەکە بەندی نەکردووە، ئەوا خاوەن گا قۆچوەشێنەکە دەبێت گایەک لە جێی گایەک بدات و تەنها گایە مردارەوەبووەکەش وەربگرێت.
پاراستنی موڵک
22 «کاتێک کەسێک گایەک یان بەرخێک دەدزێت، سەری بڕی یان فرۆشتی، ئەوا پێنج مانگا لە جێی گایەکە و چوار مەڕیش لە جێی بەرخەکە دادەتەوە.
2 «ئەگەر دزەکە بە شەو بینرا خەریکی بڕین بوو و لێی درا و مرد، ئەوا مافی خوێنی نییە، 3 بەڵام ئەگەر دوای خۆر هەڵاتن بوو ئەوا مافی خوێنی هەیە.
«دزێک دەبێت قەرەبوو بداتەوە، ئەگەر نەبوونیش بوو ئەوا دەفرۆشرێت.
4 «ئەگەر ئاژەڵە دزراوەکەی لە دەست گیرا لە گایەکەوە هەتا گوێدرێژێک و هەتا بەرخێک و زیندوو بن، ئەوا دووان لە جێیان دەداتەوە.
5 «کاتێک یەکێک کێڵگەیەک یان ڕەزە مێوێک بکات و ماڵاتی خۆی بەردا و لەناو کێڵگەی یەکێکی دیکە لەوەڕین، ئەوا لە باشترینی بەری کێڵگەکەی و لە باشترینی بەری ڕەزەمێوەکەی قەرەبوو دەداتەوە.
6 «کاتێک ئاگر دەرپەڕێت و دەوەن بگرێتەوە و خەرمانکراو یان دەغڵ یان کێڵگە بسووتێنێت، ئەوا ئەوەی ئاگرەکەی کردووەتەوە دەبێت قەرەبوو بدات.
7 «کاتێک یەکێک زیو یان شتومەک لەلای کەسێک دادەنێت بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت و لە ماڵی ئەو کەسە دزرا کە ئاماناتەکەی لەلایە، ئەگەر دزەکە گیرا ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو دەداتەوە. 8 بەڵام ئەگەر دزەکە نەگیرا ئەوا خاوەن ماڵ دەهێنرێتە بەردەم دادوەرەکان، هەتا بزانرێت ئاخۆ دەستی بۆ موڵکی برادەرەکەی درێژ نەکردووە. 9 لە هەموو داوایەکی تاوان لەسەر گا، گوێدرێژ، بەرخ، جلوبەرگ یان هەر شتێکی ونبوو کە بگوترێت: ”ئەمە هی منە،“ ئەوا داوای هەردووکیان دەهێنرێتە لای دادوەرەکان، ئەوەی دادوەر تاوانباری بکات، ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو بۆ نزیکەکەی دەداتەوە.
10 «کاتێک یەکێک گوێدرێژێک یان گایەک یان بەرخێک یان هەر ئاژەڵێکی بداتە دراوسێکەی بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت، مردار بووەوە یان بریندار بوو یان تاڵان کرا و کەس نەیبینی، 11 ئەوا سوێندخواردن بە یەزدان لەنێوانیان دەبێت، ئاخۆ دراوسێکە دەستی بۆ ماڵی کەسەکەی دیکە درێژ نەکردووە، خاوەنەکەشی دەبێت ڕازی بێت، ئیتر قەرەبوو نادات. 12 بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە لەلای دراوسێکەی دزرا، ئەوا قەرەبووی خاوەنەکەی دەداتەوە. 13 ئەگەر بووە نێچیری ئاژەڵ وەک شایەتی دەیهێنێتەوە، ئیتر قەرەبووی نێچیر ناداتەوە.
14 «کاتێک کەسێک ئاژەڵێک لە دراوسێکەی داوا بکات، لەلای بریندار بێت یان بمرێت و خاوەنەکەی لەگەڵی نەبێت، ئەوا دەبێت قەرەبوو بداتەوە، 15 بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بوو، ئەوا قەرەبوو ناداتەوە، ئەگەر بە کرێ بووبێت ئەوا کرێیەکەی دەدات.
بەرپرسیاریێتی کۆمەڵایەتی
16 «کاتێک پیاوێک کچێکی نیشان نەکراو هەڵبخەڵەتێنێت و لەگەڵی جووت بێت، ئەوا بۆ خۆی مارەی دەکات و مارەییش دەدات. 17 ئەگەر باوکیشی ڕازی نەبوو بیداتێ، ئەوا زیوی بۆ دەکێشێت وەک مارەیی کچ.
18 «ناهێڵیت جادووگەری ئافرەت بژیێت.
19 «ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت بێت دەبێت بکوژرێت.
20 «ئەوەی قوربانی بۆ هەر خودایەکی جیا لە یەزدان سەرببڕێت، ئەوا پێویستە قڕ[d] بکرێت.
21 «ستەم لە نامۆ مەکە و مەیچەوسێنەوە، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.
22 «هیچ بێوەژن و هەتیوێک زەلیل مەکە. 23 ئەگەر بە هەر شێوەیەک زەلیلت کردن و ئەگەر تەنها هاوارێکم بۆ بکەن، ئەوا بێگومان گوێ لە هاواریان دەگرم. 24 تووڕەییم هەڵدەستێت و بە شمشێر دەتانکوژم و ژنەکانتان دەبنە بێوەژن و منداڵەکانتان دەبنە هەتیو.
25 «ئەگەر پارەت بە قەرز دا بە هەر هەژارێک لە گەلەکەم ئەوانەی لەلاتن، بۆی مەبە بە سووخۆر، سوودی مەخەرە سەر. 26 ئەگەر کەوای دراوسێکەت بە بارمتە گرت، هەتا ئاوابوونی خۆر، بۆی دەگەڕێنیتەوە، 27 چونکە ئەوە تاکە پۆشاکە کە دراوسێکەت هەیەتی. چی دیکەی هەیە بۆ نوستن؟ ئیتر کاتێک هاوارم بۆ دەکات، گوێدەگرم، چونکە من میهرەبانم.
28 «سووکایەتی بە خودا مەکە و نەفرەت لە هیچ سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.
29 «پێشکەشکردنی پڕی خەرمانەکەت و دڵۆپی گوشەرەکەت دوا مەخە. نۆبەرەی کوڕەکانت دەدەیتە من. 30 هەمان شت دەکەیت بە گا و بەرخەکانت، حەوت ڕۆژ لەگەڵ دایکی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی هەشتەم دەیدەیتە من.
31 «ئێوە دەبنە گەلێکی پیرۆز بۆ من، بۆیە گۆشتێک لە دەشتودەر بووبێت بە نێچیر مەیخۆن، بۆ سەگی فڕێبدەن.
ژن هێنان و تەڵاقدان
19 کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لە پشت ڕووباری ئوردون. 2 خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.
3 هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە، گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
4 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە [بە نێر و مێ بەدیهێنان][a]؟ 5 هەروەها فەرمووی: [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][b] 6 کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
7 لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە تەڵاقنامە بدرێت و تەڵاق بکەوێت؟»
8 پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو. 9 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
10 قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!»
11 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە. 12 خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن[c]، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین[d]. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.»
13 ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و نوێژ بکات، کەچی قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
14 بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.» 15 دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.
گەنجە دەوڵەمەندەکە
16 ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتاییم هەبێت؟»
17 عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»
18 پێی گوت: «کامیان؟»
عیساش فەرمووی: «[مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، 19 ڕێزی دایک و باوکت بگرە،][e] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][f]»
20 گەنجەکەش پێی گوت: «ئەمانەم هەمووی کردووە، ئیتر لە چیم کەمە؟»
21 عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ سامانەکانت بفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»
22 بەڵام گەنجەکە کە ئەم وشەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
23 عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەوڵەمەند بە سەختی دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە. 24 دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
25 قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون، گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
26 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
27 ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»
28 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا[g]، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. 29 هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشک یان دایک یان باوک یان منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت. 30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.