Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 19-20

لە شاخی سینا

19 لە مانگی سێیەم لەدوای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل میسریان بەجێهێشت، لەو ڕۆژەدا هاتنە چۆڵەوانی سینا. لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە چۆڵەوانی سینا، لە چۆڵەوانی لایاندا، ئیسرائیلییەکان لەوێ بەرامبەر کێوەکە لایاندا.

موساش سەرکەوت بۆ لای خودا، یەزدان لە کێوەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «ئاوا بە بنەماڵەی یاقوب دەڵێیت و ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل ڕادەگەیەنیت: ”خۆتان ئەوەتان بینی کە بە میسرییەکانم کرد، ئێوەشم لەسەر باڵی هەڵۆکان هەڵگرت و ئێوەم بۆ لای خۆم هێنا. ئێستاش ئەگەر ئێوە بە تەواوی گوێم لێ بگرن و پەیمانەکەم بپارێزن، ئەوا گەنجینەیەکی تایبەت دەبن بۆ من لەنێو هەموو گەلان. هەرچەندە هەموو زەوی هی منە، بەڵام ئێوە بۆم دەبنە پاشایەتی کاهینان و نەتەوەیەکی پیرۆز.“ ئەمانە ئەو وشانەن کە بە نەوەی ئیسرائیلی دەڵێیت.»

موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو. هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە.

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.

10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و 11 ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا. 12 بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، بەسەر کێوەکە مەکەون و دەست لە لێوارەکەی مەدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت. 13 ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا[a]، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»

14 موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت. 15 بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»

16 ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین. 17 ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە خوارەوەی کێوەکە وەستان. 18 هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی. 19 دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.

20 یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەری کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت. 21 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن. 22 هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

23 موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»

24 یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام کاهینەکان و گەل با پێشێلی نەکەن بۆ سەرکەوتن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

25 ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.

دە ڕاسپاردەکە

20 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:

«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.

«پەیکەر[b] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم[c]، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.

«ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن[d]، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.

«ڕۆژی شەممەتان[e] لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 10 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 11 چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.

12 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

13 «مەکوژن[f].

14 «داوێنپیسی مەکەن.

15 «دزی مەکەن.

16 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.

17 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

18 کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 19 بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»

20 موساش بە گەلی گوت: «مەترسن، چونکە خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»

21 گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، ئەوەی خودا لەوێ بوو.

پەیکەر و قوربانگا

22 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام. 23 هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.

24 «”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت[g] لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت، لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد، دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم. 25 ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم، با بەردەکان تاشراو نەبن، چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت. 26 بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“

مەتا 18:21-35

گەردن ئازادکردن

21 ئینجا پەترۆس هات و پێی گوت: «گەورەم، دەبێ چەند جار گەردنی براکەم ئازاد بکەم کە خراپەم لەگەڵ دەکات؟ تاکو حەوت جار؟»

22 عیساش پێی فەرموو: «من پێت ناڵێم حەوت جار، بەڵکو حەفتا کەڕەت حەوت جار!

23 «لەبەر ئەوە پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت ویستی حیساب لەگەڵ خزمەتکارەکانی بکات. 24 کاتێک دەستی پێکرد، یەکێکیان بۆ هێنا دە هەزار کیسە زێڕ[a] قەرزار بوو. 25 کە هیچی نەبوو بیداتەوە، گەورەکەی فەرمانی دا، خۆی و ژن و منداڵ و هەرچی هەیەتی بفرۆشرێت و قەرزەکە بداتەوە.

26 «لەبەر ئەوە خزمەتکارەکە لەبەردەمی چۆکی دادا و گوتی: ”لەسەرم ڕابوەستە، هەمووت دەدەمەوە.“ 27 گەورەی ئەو خزمەتکارە دڵی پێی سووتا، ئازادی کرد و لە قەرزەکە خۆشبوو.

28 «ئەم خزمەتکارە ڕۆیشت، خزمەتکارێکی هاوکاری خۆی بینی کە سەد دینار[b] قەرزاری بوو، ملی گرت و گوتی: ”ئەوەی بەسەرتەوەیە بمدەرەوە!“

29 «خزمەتکارە هاوکارەکەی لەبەرپێی کەوت، لێی پاڕایەوە: ”لەسەرم ڕابوەستە، دەتدەمەوە.“

30 «بەڵام ڕازی نەبوو، چوو فڕێیدایە زیندانەوە، هەتا قەرزەکەی بداتەوە. 31 کاتێک خزمەتکارە هاوکارەکانیان ڕووداوەکەیان بینی، زۆریان پێ ناخۆش بوو، هاتن و هەموو ئەوەی ڕوویدابوو بۆ گەورەکەیان گێڕایەوە.

32 «ئەوسا گەورەکەی بانگی کرد و پێی گوت: ”خزمەتکاری بەدکار، لە هەموو ئەو قەرزە خۆشبووم، چونکە لێم پاڕایتەوە. 33 ئایا نەدەبوو تۆش بەزەییت بە خزمەتکارە هاوکارەکەتدا بێتەوە، وەک بەزەییم پێتدا هاتەوە؟“ 34 جا گەورەکەی تووڕە بوو و دایە دەست جەلادەکانەوە، هەتا هەموو قەرزەکەی بداتەوە.

35 «باوکی ئاسمانیشم واتان لێدەکات، ئەگەر هەریەکەتان لە دڵەوە گەردنی خوشکی یان براکەی ئازاد نەکات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.