Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 16-18

مەن و سوێسکە

16 لەدوای ئەوە لە ئێلیم کۆچیان کرد و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل هاتنە چۆڵەوانی سین[a] کە لەنێوان ئێلیم و سینایە، لە ڕۆژی پازدەی مانگی دووەم لەدوای کۆچکردنیان لە خاکی میسر. هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا و هارون کرد. نەوەی ئیسرائیل پێیان گوتن: «خۆزگە بە دەستی یەزدان لە خاکی میسردا بمردبووینایە، بۆ خۆمان لای مەنجەڵی گۆشت دانیشتبووین و بە تێری نانمان دەخوارد، بەڵام ئێمەتان دەرهێنا بۆ ئەم چۆڵەوانییە هەتا هەموو ئەم کۆمەڵە بە برسیێتی بکوژن.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە ئاسمانەوە نانتان بۆ دەبارێنم، گەلیش دەبێت بچنە دەرەوە و هەر ڕۆژە و پێویستی ئەو ڕۆژە هەڵیبگرنەوە. بەم شێوەیە تاقییان دەکەمەوە ئاخۆ بەگوێرەی فێرکردنەکەم دەڕۆن یان نا. ئەوە دەبێت لە ڕۆژی شەشەم ئەوەی دەیهێنن ئامادەی بکەن، ئیتر دەبێتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ڕۆژانە هەڵیدەگرنەوە.»

جا موسا و هارون بە هەموو نەوەی ئیسرائیلیان گوت: «ئێوارە دەزانن کە یەزدان ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. بەیانیش شکۆی یەزدان دەبینن لە گوێگرتنی لە بۆڵەبۆڵتان لە دژی یەزدان، بەڵام ئێمە چین تاکو لە دژمان بۆڵەبۆڵ بکەن؟» موسا گوتی: «ئێوە بەوە دەزانن کە یەزدانە کاتێک ئێواران گۆشتتان دەداتێ و بەیانیان نانتان دەداتێ بیخۆن، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو لە دژی. بەڵام ئێمە کێین؟ بۆڵەبۆڵتان لە دژی ئێمە نییە، بەڵکو لە دژی یەزدانە.»

موسا بە هارونی گوت: «بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”نزیک ببنەوە بۆ بەردەم یەزدان، چونکە گوێی لە بۆڵەبۆڵتان بوو.“»

10 ئەوە بوو لەو کاتەی هارون لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل دەدوا، ئاوڕیان دایەوە بەرەو چۆڵەوانی و بینییان شکۆمەندی یەزدان لەناو هەور دەبینرێت.

11 یەزدانیش بە موسای فەرموو: 12 «گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو، لەگەڵیان بدوێ و بڵێ: ”ئێواران گۆشت دەخۆن و بەیانی تێر نان دەبن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

13 ئەوە بوو لە ئێوارە سوێسکە[b] بەرز بوونەوە و ئۆردوگاکەیان داپۆشی، بەیانیش شەونم لە دەوروبەری ئۆردوگا کەوتبوو. 14 کاتێک شەونمە کەوتووەکەش بەرزبووەوە، بینییان وا لەسەر ڕووی چۆڵەوانییەکە شتێکی وردی وەک توێکڵ، ورد وەک زوقم لەسەر زەوییەکەیە. 15 کاتێک نەوەی ئیسرائیل ئەمەیان بینی بە یەکتریان گوت: «ئەوە چییە؟» چونکە نەیاندەزانی چییە.

موساش پێی گوتن: «ئەوە ئەو نانەیە کە یەزدان بە ئێوەی داوە بۆ ئەوەی بیخۆن. 16 ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”با هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لێی هەڵبگرێتەوە، ئۆمرێک[c] بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان هەریەکە بۆ ئەوانەی لە چادرەکەی ئەون دەیباتەوە.“»

17 نەوەی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد و زۆر و کەم هەڵیانگرتەوە. 18 بەڵام کاتێک بە ئۆمر پێوایان، نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی هەڵیگرتەوە.

19 موسا پێی گوتن: «هیچ کەس لێی نەمێنێتەوە بۆ بەیانی.»

20 بەڵام گوێیان لە موسا نەگرت، بەڵکو هەندێک خەڵک لێیان هێشتەوە بۆ بەیانی، جا کرم لێیدا و کەڕووی کرد، موساش لێیان تووڕە بوو.

21 ئیتر هەموو بەیانییەک هەڵیاندەگرتەوە، هەرکەسە بەگوێرەی خواردنی، کە خۆریش گەرم دادەهات دەتوایەوە. 22 ئەوە بوو لە ڕۆژی شەشەمدا دوو ئەوەندە نانیان هەڵگرتەوە، دوو ئۆمر[d] بۆ هەر یەکێک، ئیتر هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ هاتن و بە موسایان ڕاگەیاند. 23 ئەویش پێی گوتن: «ئەمە ئەوەیە کە یەزدان فەرموویەتی: ”بەیانی پشوودانە[e]، شەممەی پیرۆزە بۆ یەزدان، ئەوەی دەیکەن بە نان بیکەن و ئەوەی لێی دەنێن لێی بنێن، هەرچی دەمێنێتەوەش لەلای خۆتانی دابنێن هەتا بۆ بەیانی هەڵبگیردرێت.“»

24 جا دایاننا بۆ بەیانی هەروەک موسا فەرمانی دا، ئیتر نە کەڕووی کرد و نە کرم تێدا پەیدابوو. 25 موسا گوتی: «ئەمڕۆ بیخۆن، چونکە ئەمڕۆ شەممەیە بۆ یەزدان، لە دەشتودەر نایدۆزنەوە. 26 شەش ڕۆژ هەڵیدەگرنەوە، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە و تێیدا نییە.»

27 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم هەندێک لە خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 28 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئێوە ڕەتی دەکەنەوە فەرمان و فێرکردنەکەم بپارێزن؟ 29 بڕوانن، یەزدان شەممەی پێداون، بۆیە لە ڕۆژی شەشەمدا نانی دوو ڕۆژتان پێدەدات، با هەریەکە لە شوێنی خۆی دابنیشێت، با کەس لە ڕۆژی حەوتەم شوێنی خۆی بەجێنەهێڵێت.» 30 ئیتر گەل لە ڕۆژی حەوتەم پشوویان دا.

31 بنەماڵەی ئیسرائیلیش ناویان لە نانەکە نا مەن[f]. وەک تۆوی گژنیژ سپییە و تامیشی وەک ناسکە نانی[g] بە هەنگوینە. 32 موسا گوتی: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی کردووە: ”ئۆمرێکی لێ پڕ بکەن و با بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی ئەو نانە ببینن کە لە چۆڵەوانی دەرخواردم دان کاتێک لە خاکی میسر دەرمهێنان.“»

33 ئینجا موسا بە هارونی گوت: «گۆزە ببە و پڕ بە ئۆمرێک مەنی تێبکە. ئینجا لەبەردەم یەزدانی دابنێ تاکو بۆ نەوەکانتان بپارێزرێت.»

34 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا دا، لە دواییدا هارون مەنەکەی لەناو سندوقەکەی پەیمان[h] دانا بۆ پاراستنی. 35 نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ مەنیان خوارد هەتا هاتنە خاکی ئاوەدانی، مەنیان خوارد هەتا هاتنە سنووری خاکی کەنعان.

36 ئۆمریش دەیەکی ئێفەیە.[i]

هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد

17 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل. جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»

موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»

بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»

ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ. من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە[j] لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل. ئەو شوێنەیان ناونا مەسا و مەریبا[k]، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»

بەزاندنی عەمالێقییەکان

عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم. موساش بە یەشوعی[l] گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»

10 یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە. 11 ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە ئەوا نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە عەمالێقییەکان سەردەکەوتن. 12 کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون بەردێکیان هێنا و لە ژێری دایاننا، لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی چەسپاو بوون. 13 یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.

14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»

15 موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و 16 گوتی: «دەستم بەرزکردووەتەوە بۆ تەختی یەزدان. یەزدان لە جەنگدا دەبێت لە دژی عەمالێق لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەک.»

هاتنی یەترۆ بۆ لای موسا

18 یەترۆی خەزووری موسا کە کاهینی میدیان بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە خودا لەگەڵ موسا و ئیسرائیلی گەلەکەی کردبووی، کە یەزدان ئیسرائیلی لە میسرەوە دەرهێناوە.

لەدوای ئەوەی موسا چیپۆرەی ژنی ناردبووەوە یەترۆی خەزووری هێنایەوە، لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی. ناوی یەکێکیان گێرشۆمە، چونکە موسا گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.» ناوی ئەوەی دیکەشیان ئەلیعەزەر بوو، چونکە گوتی: «خودای باوکم یارمەتیدەرم بوو و فریام کەوت لە شمشێری فیرعەون.»

یەترۆی خەزووری موسا و کوڕەکانی و ژنەکەی هاتنە لای موسا بۆ ئەو چۆڵەوانییەی ئەو لەوێ لەلای کێوی خودا لایدابوو. یەترۆی هەواڵی بۆ موسا نارد: «من یەترۆم، لەگەڵ ژنەکەت و دوو کوڕەکەی[m] بۆ لای تۆ هاتووم.»

موساش هاتە دەرەوە بۆ پێشوازی خەزووری، کڕنۆشی برد و ماچی کرد، لە هەواڵی یەکتریان پرسی و چوونە ناو چادرەکە. موساش هەموو ئەو شتانەی بۆ خەزووری گێڕایەوە کە یەزدان بە فیرعەون و میسرییەکانی کرد لە پێناوی گەلی ئیسرائیل و هەموو ئەو ناخۆشییانەی لە ڕێگا تووشیان هات و یەزدان فریایان کەوت.

یەترۆیش دڵخۆش بوو بەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کردی، کە فریایان کەوتبوو لە دەستی میسرییەکان. 10 یەترۆ گوتی: «ستایش بۆ یەزدان ئەوەی لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی فیرعەون فریاتان کەوت، ئەوەی فریای گەل کەوت لەژێر دەستی میسرییەکان. 11 کاتێک بەو شتانە لووتبەرز بوون لەسەر ئیسرائیلییەکان، ئێستا زانیم کە یەزدان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.» 12 جا یەترۆی خەزووری موسا قوربانی سووتاندن و چەند قوربانییەکی دیکەی بۆ خودا هێنا، هارون و هەموو پیرانی ئیسرائیلیش هاتن بۆ ئەوەی لەگەڵ خەزووری موسا بە ئامادەبوونی خودا نان بخۆن.

13 ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان. 14 کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟»

15 موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «چونکە گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن. 16 هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.»

17 خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە. 18 خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت. 19 ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە. 20 فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن. 21 بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. 22 هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان دادوەری تێدا دەکەن. ئیتر باری خۆت سووک بکە، ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن. 23 ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.»

24 موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی. 25 موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. 26 ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد.

27 ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆیش گەڕایەوە خاکی خۆی.

مەتا 18:1-20

کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟

18 لەو کاتەدا قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «کێ لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە؟»

ئەویش منداڵێکی بانگکرد و لە ناوەڕاستیاندا ڕایگرت، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر نەگۆڕێن و وەک منداڵتان لێنەیەت، هەرگیز ناچنە شانشینی ئاسمان. بۆیە ئەوەی وەک ئەم منداڵە خۆی نزم بکاتەوە، لە شانشینی ئاسماندا پایەبەرزترە.

«ئەوەی بە ناوی من پێشوازی لە منداڵێکی وەک ئەمە بکات، پێشوازی لە من دەکات. بەڵام ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.

«قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو کۆسپانەی کە مرۆڤ تووشی گوناه دەکەن! چونکە کۆسپەکان هەر دەبێ هەبن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی کۆسپەکان! ئەگەر دەستت یان پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە.[a] باشترە کە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو دەست یان دوو پێیەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە بخرێیتە ئاگری دۆزەخەوە.

نموونەی مەڕی ونبوو

10 «ئاگاداربن! بە سووکی مەڕواننە یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، چونکە پێتان دەڵێم فریشتەکانیان لە ئاسماندا بەردەوام ڕووی باوکم دەبینن کە لە ئاسماندایە. ⌟ 11 چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە ونبووان ڕزگار بکات.⌞

12 «ڕاتان چییە؟ ئەگەر یەکێک سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە چیادا بەجێناهێڵێت تاکو بچێت بەدوای ونبووەکەدا بگەڕێت؟ 13 ڕاستیتان پێ بڵێم: ئەگەر دۆزییەوە، لە نەوەد و نۆیەکەی تر کە بزر نەببوون زیاتر پێی دڵخۆش دەبێت! 14 بە هەمان شێوە باوکتان لە ئاسمان نایەوێت یەکێک لەم بچووکانە لەناوبچێت.

گلەیی برایانە

15 «ئەگەر خوشک یان براکەت خراپەی لەگەڵ کردیت، بڕۆ بە تەنها لەنێوان خۆت و خۆی گلەیی لێ بکە. ئەگەر گوێی لێگرتی، ئەوا براکەت بەدەستدەهێنیتەوە. 16 خۆ ئەگەر گوێی نەگرت، یەک یان دوو کەس لەگەڵ خۆت ببە، تاکو [هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی بسەلمێنرێت.][b] 17 ئەگەر بەگوێی نەکردن، بە کڵێسا بڵێ، ئەگەر بەگوێی کڵێساشی نەکرد، ئەوا بە بتپەرست و باجگری دابنێ.

18 «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی لەسەر زەوی گرێی بدەن، لە ئاسمانیش گرێدراو دەبێت، ئەوەی لەسەر زەوی بیکەنەوە، لە ئاسمانیش کراوە دەبێت.

19 «دیسان ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر دووان لە ئێوە لەسەر زەوی لەسەر هەر شتێک ڕێک بکەون، هەرچی داوا بکەن، لەلایەن باوکم کە لە ئاسمانە، بۆیان دەبێت، 20 چونکە لە هەرکوێیەک دوو یان سێ کەس بە ناوی منەوە کۆببنەوە، من لەوێ لەنێوانیاندا دەبم.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.