Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 14-15

14 یەزدان بە موسای فەرموو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”با بگەڕێنەوە و بەرامبەر پی‌هەحیرۆت چادر هەڵبدەن، لەنێوان مگدۆل و دەریا. لەلای دەریاوە چادر هەڵبدەن، بەرامبەر بە بەعل‌چیفۆن. فیرعەون دەربارەی نەوەی ئیسرائیل دەڵێت: ’سەرلێشێواون لە خاکەکە، لەنێوان دەریا و چۆڵەوانی گیریان خواردووە.‘ دڵی فیرعەونیش ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی بەدوایان بکەوێت. بەڵام بۆ فیرعەون و هەموو سوپاکەی شکۆمەند دەبم، میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم.“» ئیتر بەم جۆرەیان کرد.

کاتێک بە پاشای میسر ڕاگەیەنرا کە گەلەکە لە دەستی هەڵاتن، دڵی فیرعەون و خزمەتکارانی سەبارەت بە گەلی ئیسرائیل گۆڕا، گوتیان «ئەمە چی بوو کردمان، کە ڕێمان دا نەوەی ئیسرائیل بڕۆن لە خزمەتکردنمان؟» ئیتر گالیسکەکەی پێ ئامادەکردن و سوپایەکەشی لەگەڵ خۆی برد، شەش سەد گالیسکەی هەڵبژێردراو و هەموو گالیسکەکانی میسر و هەموو ئەفسەرە سواربووەکانیانی برد. یەزدان دڵی فیرعەونی پاشای میسری ڕەقکرد، ئیتر بەدوای نەوەی ئیسرائیل کەوت، نەوەی ئیسرائیلیش ئازایانە بەرەو پێش دەچوون. میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پی‌هەحیرۆت بەرامبەر بەعل‌چیفۆن.

10 کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، زۆر ترسان و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد. 11 بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە بۆ مردن وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی؟ ئەمە چی بوو پێت کردین هەتا وامان لێ بکەیت لە میسر بێنە دەرەوە؟ 12 ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟»

13 موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە وەک ئەوەی ئەمڕۆ میسرییەکانتان بینی، ئیتر هەتاهەتایە نایانبیننەوە. 14 یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»

15 یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن. 16 تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، ئیتر نەوەی ئیسرائیل دەچنە ناوەڕاستی دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی. 17 ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی. 18 میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.»

19 ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا. 20 هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.

21 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد، یەزدان بە درێژایی شەو بە بایەکی ڕۆژهەڵاتی توند دەریاکەی ڕاماڵی، دەریاکەی کردە زەوی وشک و ئاوەکە شەق بوو. 22 ئیتر نەوەی ئیسرائیل چوونە ناو دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی، ئاو بووە دیوار بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە.

23 میسرییەکانیش دوایان کەوتن، هەموو ئەسپەکانی فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی لە دوایان هاتنە ناوەندی دەریاکە. 24 ئەوە بوو لە چاوەڕوانی بەرەبەیان، یەزدان لە ستوونی ئاگر و هەورەوە بەرەو خوار تەماشای لەشکری میسرییەکانی کرد و سەری لە لەشکری میسرییەکان شێواند. 25 چەرخەی گالیسکەکانیانی لێک ترازاند لەبەر ئەوە بە قورسی لێیاندەخوڕی. میسرییەکان گوتیان: «با لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل هەڵبێین، چونکە یەزدان بۆیان دەجەنگێت لە دژی میسرییەکان.»

26 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر دەریا درێژ بکە و ئاوەکە بۆ سەر میسرییەکان و گالیسکە و سوارەکان دەگەڕێتەوە.» 27 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد و دەمەو بەیان دەریاکە گەڕایەوە باری جاران، میسرییەکانیش لێی هەڵدەهاتن، یەزدان میسرییەکانی داتەکاندە ناو دەریاکە. 28 ئیتر ئاوەکە گەڕایەوە سەر گالیسکە و سوارەکانی و هەموو سوپاکەی فیرعەون و دایپۆشین. ئەوانەی بەدوایاندا هاتبوونە ناو دەریاکە، کەسیان لێ نەما.

29 بەڵام نەوەی ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا ڕۆیشتن بەناو دەریاکەدا و ئاویش دیوار بوو بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە. 30 یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی لە دەستی میسرییەکان ڕزگار کرد، ئیسرائیلیش میسرییەکانیان بینی لە کەناری دەریاکە مردوون. 31 ئیسرائیل ئەو کارە مەزنەی بینی کە یەزدان لە دژی میسرییەکان بەکاریهێنا، ئیتر گەل لە یەزدان ترسان و باوەڕیان بە یەزدان و بە موسای بەندەی هێنا.

سروودی موسا و مریەم

15 ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت:

«سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
    چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکەی
    فڕێدایە ناو دەریا.

«هێز و سروودم یەزدانە،
    بووە بە ڕزگاری بۆم.
ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم،
    خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
یەزدان پیاوی جەنگە،
    ناوی یەزدانە.
گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی
    فڕێدایە ناو دەریا،
هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی
    لە دەریای سوور نوقوم بوون،
قووڵایی دایپۆشین،
    کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
    بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
    دوژمن تێکدەشکێنێت.

«بە مەزنی و پایەبەرزیت
    بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت،
جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت
    وەک پووش دەیانخوات.
بە بای لووتت
    ئاوەکان گرد بوونەوە،
ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان،
    قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
دوژمن گوتی:
    ”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم،
تاڵان دابەش دەکەم،
    گیانم لێیان تێر دەبێت،
شمشێرەکەم ڕادەکێشم،
    دەستم لەناویان دەبات.“
10 بەڵام بە بای خۆت فووت کرد،
    دەریا دایپۆشین،
ڕۆچوون وەک قورقوشم،
    لە ئاوێکی مەزن.
11 ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟
    کێ وەک تۆ
        پایەبەرزە لە پیرۆزی،
        سامناک لە شکۆمەندی،
        دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟

12 «دەستی ڕاستت درێژکرد،
    زەوی قووتی دان.
13 ئەو گەلەی کڕیتەوە،
    بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت،
بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت،
    بۆ نشینگەی پیرۆزت.
14 گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن،
    دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
15 سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن،
    ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت،
هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
16     سامناکی و تۆقین دێتە سەریان.
ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت
    وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن،
هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە،
    هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
17 دەیانهێنیت و دەیانچێنیت
    لە کێوی میراتت،
ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد ئەی یەزدان،
    ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.

18 «یەزدان پاشایەتی دەکات
    بۆ هەتاهەتایە.»

19 کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن. 20 ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن. 21 مریەمیش سروودی بۆ گوتن:

«سروود بۆ یەزدان بڵێ،
    چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکانی
    فڕێدایە ناو دەریا.»

مێرگەکانی مارا و ئێلیم

22 ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە. 23 کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.[a] 24 جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»

25 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو.

لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە. 26 فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»

27 ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.

مەتا 17

شێوە گۆڕانی عیسا

17 دوای شەش ڕۆژ عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای برد و بە تەنها بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕابەرایەتی کردن. لەپێشیان شێوەی گۆڕا، ڕووی وەک ڕۆژ دەدرەوشایەوە و جلەکانی وەک ڕووناکی سپی هەڵگەڕان. لەناکاو موسا و ئەلیاسیان بۆ دەرکەوت و لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.

ئینجا پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. ئەگەر حەز بکەیت لێرە سێ کەپر دروستدەکەم، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.»

کاتێک قسەی دەکرد، هەورێکی ڕۆشن باڵی بەسەریاندا کێشا و دەنگێک لە هەورەکەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی پێی دڵشادم. گوێی لێ بگرن!»

کاتێک قوتابییەکان گوێیان لێبوو، بەدەمدا کەوتن، زۆر ترسان. بەڵام عیسا هات، دەستی لێدان و فەرمووی: «هەستن، مەترسن!» ئینجا چاویان هەڵبڕی و لە عیسا زیاتر کەسیان نەبینی.

کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان: «ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێنرێتەوە.»

10 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «باشە بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت؟»

11 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چییان ویست پێیان کرد. هەروەها کوڕی مرۆڤیش بە دەستیانەوە ئازار دەچێژێت.» 13 ئەوسا قوتابییەکان تێگەیشتن کە باسی یەحیای لەئاوهەڵکێشی بۆ کردن.

دەرکردنی ڕۆحی پیس

14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و 15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە. 16 هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»

17 جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ بیهێننە ئێرە بۆ لام.» 18 عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.

19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»

20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. ⌟ 21 بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.⌞»

دووەم باسی مردنی عیسا

22 کاتێک قوتابییەکان لە جەلیل کۆبوونەوە، عیسا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک و 23 دەیکوژن، لە ڕۆژی سێیەم هەڵدەستێنرێتەوە.» ئەوانیش زۆر دڵگران بوون.

باجی پەرستگا

24 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی گەیشتنە کەفەرناحوم، باجگرانی دوو درهەمەکە[a] هاتنە لای پەترۆس و گوتیان: «ئەرێ مامۆستاتان دوو درهەمەکە نادات؟»

25 گوتی: «بەڵێ.»

کاتێک پەترۆس هاتە ماڵەوە، عیسا پێشی کەوت و فەرمووی: «ڕات چییە شیمۆن؟ پاشایانی زەوی سەرانە و باج لە کێ وەردەگرن؟ لە هاوڵاتییانی خۆیان یان لە خەڵکی بیانی؟»

26 پەترۆس گوتی: «لە بیانی.»

عیساش پێی فەرموو: «کەواتە ڕۆڵەکان ئازادن. 27 بەڵام تاکو بۆیان نەبینە کۆسپ، بڕۆ دەریاچەکە و قولاپ هەڵبدە، یەکەم ماسی کە دەیگریت، دەمی بکەرەوە، دراوێکی ستاتیر[b] دەبینیتەوە، بیبە و لە جیاتی خۆم و خۆت بیاندەرێ.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.