Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 12-13

سەری ساڵ و جەژنی پەسخە

12 یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە. لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک. ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا ئەو لەگەڵ نزیکترین دراوسێی ماڵەکەی بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لە بەرخەکە حیسابی بۆ دەکرێت. دەبێت ئاژەڵێکی ساغ، نێر، یەک ساڵە دانێن بۆ خۆتان، لە بەرخ یان لە گیسک هەڵیاندەبژێرن. لەژێر پارێزگاریتان دەمێنێت هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەری دەبڕن. لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن. گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن. نەکەن بە خاوی یان لێنراو بە ئاو بیخۆن، بەڵکو بە ئاگر برژاو بێت، سەری و پێی و هەناوی. 10 لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن. 11 ئاواش دەیخۆن، ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان لە دەستتان بێت، بە پەلە دەیخۆن، پەسخەیە[a] بۆ یەزدان.

12 «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم. 13 خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک خاکی میسر تووش دەکەم.

14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت. 15 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[b] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[c] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت. 16 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[d] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت، بۆ هەرکەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.

17 «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت. 18 لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ. 19 حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت، ئەوانەی نامۆن و ئەوانەی هاوڵاتیشن. 20 شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»

21 ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن. 22 دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە. 23 یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.

24 «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن. 25 ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم خزمەتە دەپارێزن. 26 ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم خزمەتە چییە بۆ ئێوە؟“ 27 ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد. 28 نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.

29 ئەوە بوو لە نیوەی شەودا یەزدان لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش. 30 فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.

دەرچوون

31 بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد. 32 مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»

33 میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد هەتا پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.» 34 گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا. 35 هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی موسا گوتی، داوای خشڵی زیو و خشڵی زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد. 36 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.

37 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت، نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو بێجگە لە ئافرەت و منداڵ. 38 هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوت لەگەڵ ئاژەڵێکی زۆریش، مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ. 39 ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە، چونکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەیانتوانی دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.

40 مانەوەی نەوەی ئیسرائیلیش کە لە میسردا نیشتەجێ بوون چوار سەد و سی ساڵ بوو. 41 ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە. 42 لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوە هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.

فەرزی پەسخە

43 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە:

«هیچ بیانییەک لێی ناخوات. 44 هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات. 45 بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.

46 «لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت. 47 هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.

48 «ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنە نەکراو لێی ناخوات. 49 یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»

50 ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد. 51 ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.

تەرخانکردنی نۆبەرە

13 یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.»

موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن. ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە[e]، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن. کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن. حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان. لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت.

«لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”ئەمە لەبەر ئەوەیە، لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“ بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت. 10 ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.

11 «کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانییەکان دەیداتە ئێوە، هەروەک سوێندی خوارد بۆ ئێوە و بۆ باوکانتان، 12 ئەوا ئێوە هەموو بەری یەکەمی سک و هەموو نۆبەرەیەکی نێرینە لە بەری ماڵاتەکەتان کە بۆتان دەبێت، دەبێت پێشکەشی یەزدانی بکەن، ئەوانە بۆ یەزدانن. 13 هەموو نۆبەرەیەکی گوێدرێژیش بە بەرخێک دەکڕنەوە، ئەگەر نەیکڕنەوە، ملی دەشکێنن. هەموو نۆبەرەیەکیش لە کوڕانتان دەکڕنەوە.

14 «لە ڕۆژانی داهاتوو کە کوڕەکەت لێت دەپرسێت و دەڵێت: ”ئەمە چییە؟“ پێی دەڵێیت: ”بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین، لە خاکی کۆیلایەتی. 15 ئەوە بوو کاتێک فیرعەون کەللەڕەق بوو لە ڕێپێدانمان بۆ ئەوەی بڕۆین، یەزدان هەموو نۆبەرەیەکی لە خاکی میسر کوشت، لە نۆبەرەی مرۆڤەوە هەتا نۆبەرەی ئاژەڵ. لەبەر ئەمەیە من هەموو نێرێکی نۆبەرەی سک بۆ یەزدان سەردەبڕم و هەر نۆبەرەیەک لە منداڵەکانم دەکڕمەوە.“ 16 ئەمەش دەبێتە نیشانە لەسەر دەستت و هێما لەسەر نێوچەوانت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین.»

ڕۆیشتن بەناو دەریا

17 ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان[f]، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.» 18 ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.

19 موساش ئێسکەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»[g]

20 دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام لایاندا لە قەراغی چۆڵەوانی. 21 یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن. 22 ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.

مەتا 16

داواکردنی نیشانەی ئاسمانی

16 فەریسی و سەدوقییەکان هاتنە لای عیسا بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوایان لێکرد نیشانەیەکی ئاسمانییان پیشان بدات.

وەڵامی دایەوە: «کە ئێوارە داهات، دەڵێن ”ساماڵە، چونکە ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە،“ سەر لە بەیانیش، ”ئەمڕۆ هەورە، ئاسمان سوور هەڵگەڕاوە و ڕووگرژە.“ ئێوە دەزانن ڕووی ئاسمان بخوێننەوە، بەڵام ناتوانن نیشانەکانی زەمانە لێکبدەنەوە! نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس.» ئینجا بەجێی هێشتن و ڕۆیشت.

کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»

لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «لەبەر ئەوەیە کە نانمان نەهێناوە.»

عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 10 یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 11 چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ لە هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان ئاگاداربن!» 12 ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.

پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت

13 کە عیسا گەیشتە ناوچەی قەیسەرییەی فیلیپۆس، لە قوتابییەکانی پرسی: «ئایا خەڵک دەڵێن کوڕی مرۆڤ کێیە؟»

14 گوتیان: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێشە، هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلیاسە، هەندێکیش یەرمیا یان یەکێک لە پێغەمبەران.»

15 پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»

16 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحیت، کوڕی خودای زیندووی.»

17 عیساش وەڵامی دایەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، چونکە گۆشت و خوێن ئەمەیان بۆت ئاشکرا نەکرد، بەڵکو ئەو باوکەم کە لە ئاسمانە. 18 منیش پێت دەڵێم، تۆ پەترۆسی[a] و لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی[b] خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ[c] پێی ناوێرێت.[d] 19 کلیلەکانی شانشینی ئاسمانت دەدەمێ، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی گرێی بدەیت، لە ئاسماندا گرێدراو دەبێت، ئەوەی تۆ لەسەر زەوی بیکەیتەوە، لە ئاسماندا کراوە دەبێت.» 20 ئینجا فەرمانی دایە قوتابییەکان بە کەس نەڵێن کە ئەو مەسیحە.

یەکەم باسی مردنی عیسا

21 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە ڕوونکردنەوە کرد بۆ قوتابییەکانی کە دەبێت بچێتە ئۆرشەلیم، لەوێ بە دەستی پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات زۆر ئازار بچێژێت و بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.

22 پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی: «خودا نەکات گەورەم! هەرگیز ئەمەت بەسەرنەیەت!»

23 عیسا ئاوڕی دایەوە و بە پەترۆسی فەرموو: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ کۆسپی لەبەردەمم، چونکە بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»

خۆ ئامادەکردن بۆ مردن

24 ئینجا عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 25 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، دەیدۆزێتەوە. 26 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 27 کوڕی مرۆڤ بە شکۆی باوکییەوە لەگەڵ فریشتەکانی خۆی دەگەڕێتەوە، ئەوسا پاداشتی هەرکەسێک بەپێی کرداری دەداتەوە. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن تاکو کوڕی مرۆڤ نەبینن بە شانشینەکەیەوە دێتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.