Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 9-11

کارەساتی پێنجەم: دەردی مەڕوماڵات

یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“ ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن، ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن. بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»

یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.» بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد. فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.

کارەساتی شەشەم: دومەڵ

ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «بە پڕی دەستەکانتان خوڵەمێشی تەنوور بۆ خۆتان ببەن و با موسا لەبەرچاوی فیرعەون بەرەو ئاسمان بەبای بکات. دەبێتە تۆزوبا لە هەموو خاکی میسر، دەبێتە دومەڵی کێم دەرپەڕیو لە هەموو خاکی میسر بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.»

10 ئیتر خوڵەمێشی تەنووریان برد و لە بەرامبەر فیرعەون وەستان، موسا بەرەو ئاسمان بەبای کرد و بووە دومەڵی کێمی دەرپەڕیو لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ. 11 جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکان بوو. 12 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.

کارەساتی حەوتەم: تەرزە

13 یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و لە بەرامبەر فیرعەون بوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بچن بمپەرستن. 14 ئەگینا ئەم جارە هەموو گورزەکانم بۆ دڵت و بۆ سەر خزمەتکارەکانت و بۆ سەر گەلەکەت دەنێرم، بۆ ئەوەی بزانیت لە هەموو زەوی هیچ کەسێک وەک من نییە. 15 دەمتوانی دەستم درێژ بکەم و خۆت و گەلەکەت تووشی دەرد بکەم و لەسەر ڕووی زەوی بتانسڕمەوە. 16 بەڵام لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆمت پیشان بدەم تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت. 17 تۆ هێشتا خۆت بە زل دەزانیت لەسەر گەلەکەم و ڕێیان نادەیت بڕۆن. 18 لەبەر ئەوە بەیانی ئەم کاتە تەرزەیەکی زۆر مەزن دەبارێنم کە لە میسر هاوتای نەبووبێت، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا. 19 ئێستاش بنێرە و مەڕوماڵاتەکەت و هەموو ئەو شتانەی کە هەتە و لە کێڵگەیە بیانپارێزە، هەموو خەڵک و ئاژەڵێک کە لە کێڵگە دەمێننەوە ئەگەر لە ماڵەوە کۆنەکرێنەوە ئەوا تەرزەکە بە سەریان دەکەوێت و دەمرن.“»

20 ئیتر دەستوپێوەندەکانی فیرعەون، ئەوانەی کە لە فەرمایشتی یەزدان ترسان، بە کۆیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە بەرەو ماڵەکان هەڵاتن. 21 بەڵام ئەوەی فەرمایشتی یەزدانی پشتگوێ خست، ئەوا خزمەتکاران و ئاژەڵە ماڵییەکەی لە کێڵگە بەجێهێشت.

22 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بەرەو ئاسمان درێژ بکە و لە هەموو خاکی میسر تەرزە بەسەر خەڵک و ئاژەڵ و هەموو شتێکدا دەبارێت کە لە کێڵگەکانی خاکی میسر گەشە دەکات.» 23 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەرەو ئاسمان درێژکرد، یەزدانیش هەورەتریشقەی لێدا و ئاگر بەرەو زەوی هات، یەزدان تەرزەی باراندە سەر خاکی میسر. 24 بووە تەرزە و ئاگریش لەناو تەرزەکە بریسکەی دەدایەوە. تەرزەکە ئەوەندە مەزن بوو کە لە هەموو خاکی میسر وەک ئەوە نەبووە، لەو کاتەوەی بوونەتە نەتەوە. 25 تەرزە لە هەموو خاکی میسری دا، لە هەموو ئەوەی لە کێڵگەدا بوو لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، تەرزە هەموو سەوزایی و ڕووەکی کێڵگەی کوتایەوە و هەموو داری کێڵگەشی شکاند. 26 تەنها لە خاکی گۆشەن کە نەوەی ئیسرائیلی لێبوو، تەرزە نەبوو.

27 فیرعەون ناردی و بانگی موسا و هارونی کرد، پێی گوتن: «ئەم جارە گوناهم کرد، یەزدان ڕاستودروستە و من و گەلەکەم تاوانبارین. 28 لە یەزدان بپاڕێنەوە، چونکە لە هەورەتریشقە و تەرزە تێر بووین، منیش ڕێتان دەدەم بڕۆن، ئیتر ڕاناگیرێن.»

29 موساش وەڵامی دایەوە: «بە چوونەدەرەوەم لە شارەکە دەستم بەرەو یەزدان بەرز دەکەمەوە و نزا دەکەم، ئیتر هەورەتریشقە دەوەستێت و تەرزە نابێت، بۆ ئەوەی بزانیت زەوی هی یەزدانە. 30 بەڵام سەبارەت بە خۆت و خزمەتکارەکانت، من دەزانم هێشتا لە یەزدانی پەروەردگار نەترساون.»

31 کەتان و جۆ تووشی ئافات هاتن، چونکە جۆ لە گوڵکردن و کەتانیش لە تۆوکردن بوو. 32 بەڵام گەنم و ماش تووشی ئافات نەبوون چونکە درەنگ پێدەگەن.

33 موسا فیرعەونی بەجێهێشت و لە شارەکەش ڕۆیشت، دەستی بەرەو یەزدان بەرز کردەوە و نزای کرد، ئیتر هەورەتریشقە و تەرزە وەستان و باران نەبارییە سەر زەوی. 34 کاتێک فیرعەون بینی باران و تەرزە و هەورەتریشقە وەستاوە، گەڕایەوە سەر گوناه و خۆی و خزمەتکارانی دڵیان ڕەقکرد. 35 ئیتر دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا بڕۆن، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمووی.

کارەساتی هەشتەم: کوللە

10 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون، چونکە من دڵی ئەو و دڵی خزمەتکارانی ئەوم ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی ئەم نیشانانەم لەنێویان ئەنجام بدەم. هەروەها بۆ ئەوەی بۆ منداڵ و نەوەکانت باسی ئەوە بکەیت چۆن میسرم کردە گاڵتەجار بەو نیشانانەی لەنێویاندا ئەنجامم داوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.»

جا موسا و هارون چوونە لای فیرعەون و پێیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”هەتا کەی مل نادەیت و لەبەردەمم ملکەچ نابیت؟ ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و بمپەرستن، چونکە ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت، ئەوا من بەیانی کوللە دەهێنمە سەر خاکەکەت. ڕووی زەوی دادەپۆشرێت و ناتوانرێت تەماشای زەوی بکرێت، ئەوەی لە تەرزەکە بۆتان ماوەتەوە و دەرباز بووە دەیخوات، هەروەها هەموو دارێکیش کە لە کێڵگەکانتان گەشە بکات دەیخوات. ماڵەکانت و ماڵی هەموو خزمەتکارەکانت و هەموو میسرییەکان پڕ دەکات، ئەو شتەی کە نە باوک و نە باپیرانت بینیویانە، لەو ڕۆژەوەی لەسەر زەوی پەیدا بوون هەتا ئەمڕۆ.“» ئینجا ڕووی وەرگێڕا و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

خزمەتکارانی فیرعەونیش پێیان گوت: «هەتا کەی ئەمە ببێتە تەڵە بۆمان؟ ڕێ بەو پیاوانە بدە با بڕۆن و یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن، ئایا هێشتا نازانیت کە میسر وێران بووە؟»

ئینجا موسا و هارونیان بردەوە لای فیرعەون، ئەویش پێی گوتن: «بڕۆن یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بەڵام کێ و کێ دەچن؟»

موساش وەڵامی دایەوە: «بە گەنج و پیرمانەوە دەچین، بە کوڕ و کچ و مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخمانەوە دەچین، چونکە پێویستە جەژن بۆ یەزدان بگێڕین.»

10 فیرعەونیش پێی گوتن: «یەزدان لەگەڵتان بێت![a] ئەگەر بهێڵم لەگەڵ ژن و منداڵەکانتان بڕۆن! دیارە ئێوە نیازتان خراپە. 11 نەخێر! تەنها پیاوان بڕۆن یەزدان بپەرستن، هەروەک خۆتان داواتان کردووە.» ئیتر موسا و هارون لەبەردەم فیرعەون دەرکران.

12 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر خاکی میسر درێژ بکە بۆ کوللە، بۆ ئەوەی بێتە سەر خاکی میسر و هەموو سەوزایی زەوییەکە بخوات، ئەوەی لە تەرزەکە ماوەتەوە.»

13 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەسەر خاکی میسردا درێژکرد، بە درێژایی ئەو ڕۆژ و شەوە یەزدان بایەکی ڕۆژهەڵاتی هێنا، کاتێک بووە بەیانی بایەکەی ڕۆژهەڵات کوللەی هەڵگرت. 14 کوللە هاتە سەر هەموو خاکی میسر و لەسەر هەموو سنوورەکانی میسر نیشتەوە، ئەوەندە گران بوو کە لەوەوپێش کوللەی وا نەبووە و ناشبێت. 15 ڕووی هەموو خاکەکەی داپۆشی و خاکەکە تاریک بوو، هەموو سەوزاییەکی زەوی و هەموو بەروبوومی دارەکان کە تەرزە لێی نەدابوو خواردی، هیچ سەوزایی لە خاکی میسر نەهێشتەوە، بە دار و ڕووەکی کێڵگەوە.

16 فیرعەون بە خێرایی بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «گوناهم سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان و سەبارەت بە ئێوەش کرد. 17 ئێستاش تەنها ئەم جارە لەم گوناهەم خۆشبن، لە یەزدانی پەروەردگارتان بپاڕێنەوە با تەنها ئەم کارەساتە کوشندەیەم لەسەر لابدات.»

18 موساش لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە. 19 یەزدانیش بایەکی ڕۆژئاوایی زۆر بەهێزی وەرگێڕا و کوللەکەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریای سوور[b] و یەک کوللە نەما لە هەموو خاکی میسردا. 20 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بە نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.

کارەساتی نۆیەم: تاریکی

21 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ ئاسمان درێژ بکە با تاریکی باڵ بەسەر خاکی میسردا بکێشێت، کە چاو چاو نەبینێت.» 22 ئیتر موسا دەستی بۆ ئاسمان درێژکرد و تاریکاییەکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باڵی بەسەر خاکی میسردا کێشا. 23 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس کەسی نەبینی و کەس لە شوێنی خۆی هەڵنەستا، بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل لە نشینگەکانیان ڕووناکییان هەبوو.

24 ئینجا فیرعەون بانگی موسای کرد و گوتی: «بڕۆن یەزدان بپەرستن، تەنها مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخەکانتان بمێنێت، هەروەها ژن و منداڵەکانیشتان با لەگەڵتان بڕۆن.»

25 بەڵام موساش گوتی: «پێویستە ڕێگامان پێبدەیت بۆ ئەوەی قوربانی و قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەین بۆ یەزدانی پەروەردگارمان. 26 بەڵکو مەڕوماڵاتیشمان لەگەڵمان دەڕۆن تەنها سمێکیش بەجێنامێنێت، چونکە لەوان هەڵدەگرین بۆ پەرستنی یەزدانی پەروەردگارمان، ئێمە نازانین بە چی یەزدان بپەرستین، هەتا نەگەینە ئەوێ.»

27 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بڕۆن. 28 فیرعەونیش پێی گوت: «لەلام بڕۆ، ئاگاداری خۆت بە نەیەیتەوە بەرچاوم، چونکە ئەو ڕۆژەی ڕووم ببینیت دەمریت.»

29 موساش وەڵامی دایەوە: «هەروەک گوتت! جارێکی دیکە ناتبینمەوە.»

کارەساتی دەیەم: مردنی نۆبەرە

11 یەزدان بە موسای فەرموو: «کارەساتێکی دیکە بەسەر فیرعەون و میسردا دەهێنم، دوای ئەمە ڕێتان دەدات بڕۆن، کاتێک ڕێتان دەدات بڕۆن هەمووان لێرە بە دەرکردن دەردەکات. بە گەل بڵێ با هەر پیاوێک یان ژنێک داوای خشڵی زێڕ و زیو لە دراوسێ میسرییەکەی بکات.» یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، هەروەها کاربەدەستانی فیرعەون و گەلی میسر بە چاوی ڕێزەوە سەیری موسایان دەکرد.

موسا گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر. هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەمرێت، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەختەکەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو کەنیزەیەی لە پشت دەستاڕە، نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێکی ماڵیش. هاوارێکی مەزنیش لە هەموو خاکی میسردا دەبێت کە وەک ئەوە نەبووە و جارێکی دیکەش نابێت. بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت، نە بە خەڵک و نە بە ئاژەڵ،“ بۆ ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسری و ئیسرائیلی دەکات. ئیتر هەموو خزمەتکارانت دێنە لام و کڕنۆشم بۆ دەبەن و دەڵێن ”بڕۆن، خۆت و هەموو ئەو گەلەی لەدوای تۆن،“ ئیتر لەپاش ئەوە ئێرە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.» ئینجا موسا بە تووڕەییەوە لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

یەزدان بە موسای فەرموو: «فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، بۆ ئەوەی پەرجووەکانم لە خاکی میسردا زیاد بێت.» 10 موسا و هارون هەموو ئەم پەرجووانەیان لەبەردەم فیرعەون کرد، بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا لە خاکەکەی بڕۆن.

مەتا 15:21-39

باوەڕی ژنێکی کەنعانی

21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»

23 بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»

24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»

25 بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»

26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»

28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.

ناندانی چوار هەزار کەس

29 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت. 30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31 تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.

32 ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»

33 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»

34 عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟»

گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچکۆلە.»

35 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. 36 حەوت نان و ماسییەکانی برد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە. 37 هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە. 38 نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ. 39 ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.