Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 4-6

نیشانە بۆ موسا

موسا وەڵامی دایەوە و گوتی: «گریمان بڕوایان پێ نەکردم و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، بەڵکو بڵێن ”یەزدان بۆت دەرنەکەوتووە.“»

یەزدانیش پێی فەرموو: «ئەوە چییە لە دەستت؟»

ئەویش گوتی: «گۆچان.»

فەرمووی: «فڕێیبدە سەر زەوی.»

ئەویش فڕێیدایە سەر زەوی و بوو بە مار. ئیتر موسا لەبەری هەڵات. ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەست درێژبکە و کلکی بگرە.» جا دەستی درێژکرد و گرتی، بووەوە بە گۆچان لە دەستی. «بۆ ئەوەی بڕوا بکەن کە یەزدان بۆت دەرکەوتووە، خودای باوکانیان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.»

هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «دەستت بخەرە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستە ناو باخەڵی و دەریهێنایەوە، بینی دەستی گول[a] بووە، وەک بەفرە.

ئینجا فەرمووی: «دەستت بخەرەوە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستەوە ناو باخەڵی، ئینجا لەناو باخەڵی دەریهێنایەوە، بینی وەک هەموو بەشەکانی لەشی لێهاتووەتەوە.

«بەم شێوەیە ئەگەر بڕوایان پێ نەکردیت و گرنگی بە نیشانەی یەکەم نەدا، ئەوا گرنگی بە نیشانەی دووەم دەدەن. بەڵام ئەگەر بڕوایان بەو دوو نیشانەیە نەکرد و گوێیان لە قسەکانت نەگرت، ئەوا تۆ هەندێک لە ئاوی نیل دەبەیت و لەسەر وشکانی دەیڕێژیت، ئیتر ئەو ئاوەی لە نیلەوە دەیبەیت، لەسەر وشکانی دەبێتە خوێن.»

10 موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.»

11 یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟ 12 ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.»

13 بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.»

14 تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت. 15 لەگەڵی دەدوێیت و وتەکانم دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن. 16 ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا. 17 ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.»

گەڕانەوە موسا بۆ میسر

18 ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.»

یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»

19 یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.» 20 ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.

21 یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنج بدە هەموو پەرجووەکان[b] کە لە دەستی تۆم داناوە و لەبەردەم فیرعەون ئەنجامیان بدە، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن. 22 بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە، 23 پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»

24 ئەوە بوو لە ڕێگا، لەو شوێنەی بۆ شەومانەوە لێی وەستان، یەزدان تووشی هات[c] و ویستی بیکوژێت. 25 بەڵام چیپۆرە بەردەئەستێیەکی هەڵگرت و کوڕەکەی خەتەنە کرد و پارچە گۆشتەکەی لە پێیەکانی[d] دا، گوتی: «چونکە تۆ زاوای خوێنی بۆ من.» 26 ئیتر یەزدان وازی لێ هێنا، لەو کاتەش چیپۆرە گوتی، «زاوای خوێن،» لەبەر خەتەنەکردنەکە.

27 یەزدان بە هارونی فەرموو: «بڕۆ چۆڵەوانی بۆ پێشوازی موسا.» ئەویش چوو و لە کێوی خودا تووشی بوو و ماچی کرد. 28 ئیتر موسا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی بە هارون ڕاگەیاند کە موسای ناردبوو بۆی، هەروەها هەموو ئەو نیشانانەی فەرمانی پێدابوو.

29 موسا و هارون چوون و هەموو پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان کۆکردەوە. 30 هارون هەموو فەرمایشتەکانی یەزدان کە بە موسای فەرمووبوو پێی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی گەل نیشانەکانی کرد. 31 ئیتر گەل باوەڕیان هێنا، کاتێک گوێیان لێبوو یەزدان نەوەی ئیسرائیلی بەسەرکردووەتەوە و تەماشای زەلیلییەکەیانی کردووە، دانەوینەوە و کڕنۆشیان برد.

دروستکردنی خشتی قوڕ بەبێ کا

دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»

فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»

ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»

بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.» هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»

هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن، گوتی: «ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە. بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“ با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»

10 ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ، 11 بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“» 12 ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا. 13 سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.» 14 ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»

15 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟ 16 کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»

17 ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“ 18 ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەش خشتی قوڕیش وەک جاران دەدەن.»

19 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.» 20 کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن. 21 پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»

بەڵێنی ڕزگارکردن لەلایەن خوداوە

22 موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟ 23 لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»

هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم، بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بە توانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ـە[e] لەلای ئەوان خۆمم نەناساند. هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون. هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.

«بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە. هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتان ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت. دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»

موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.

10 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»

12 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»[f]

تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون

13 یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان بۆ نەوەی ئیسرائیل و بۆ فیرعەونی پاشای میسر، بۆ بردنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر.

14 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:

نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی، لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.

15 نەوەی شیمۆنیش یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو، لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.

16 ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان: گێرشۆن و قەهات و مەراری. تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.

17 کوڕانی گێرشۆن، لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.

18 نەوەی قەهاتیش، عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل. تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.

19 کوڕانی مەراریش، مەحلی و موشی.

ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.

20 عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو. تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.

21 نەوەی یەسهاریش: قۆرەح و نەفەگ و زکری.

22 نەوەی عوزیێلیش: میشائیل و ئەلسافان و سیتری.

23 هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.

24 نەوەی قۆرەحیش: ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف. ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.

25 ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو.

ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.

26 ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان[g] لە خاکی میسر دەربهێنن.» 27 ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.

هارون دەبێتە قسەکەری موسا

28 ئەوە بوو لەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسا دوا لە خاکی میسر. 29 یەزدان بە موسای فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»

30 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»

مەتا 14:22-36

عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات

22 دەستبەجێ قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بڕۆنە ئەوبەر، تاکو خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 23 کاتێک خەڵکەکەی بەڕێکرد، بە تەنها چووە سەر شاخ تاکو نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو، 24 بەلەمەکەش ماوەیەکی زۆر لە وشکانییەوە دوور کەوتبووەوە، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە بایەکە پێچەوانە بوو. 25 پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. 26 کاتێک قوتابییەکان بینییان لەسەر دەریاچەکە دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.

27 دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.»

28 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»

29 فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت. 30 بەڵام کاتێک بینی ڕەشەبایە، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»

31 عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتییەوە و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»

32 کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، بایەکە وەستا. 33 ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»

34 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت. 35 خەڵکی ئاوایی عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. 36 لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.