Old/New Testament
یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات
49 ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە هەتا پێتان ڕابگەیەنم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
2 «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن،
گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.
3 «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت،
هێزی منیت و یەکەم توانامیت،
سەری شانازی و سەری هێزی.
4 هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت،
چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت،
گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.
5 «شیمۆن و لێڤی بران،
بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.[a]
6 من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان،
سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان،
چونکە لە تووڕەبوونیان مرۆڤیان کوشت و
لە ئارەزوومەندییان گایان لەپێ خست.
7 نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە،
لە هەڵچوونیان کەوا سەختە.
لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و
لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.
8 «یەهودا[b]، براکانت ستایشی تۆ دەکەن،
دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت،
کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.
9 بەچکە شێرە یەهودا،
لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم.
خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟
10 داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت،
گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێو قاچەکانی،
هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،[c]
گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.
11 نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و
ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە.
جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و
پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.
12 چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و
ددانەکانی لە شیر سپیترن.
13 «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت،
دەبێتە بەندەری کەشتییەکان،
سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.
14 «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و
لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.
15 بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و
زەوییەکەی دڵگیرە،
شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و
دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.
16 «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات،
وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.
17 دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا،
مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو،
بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و
سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.
18 «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
19 «چەتە پەلاماری گاد دەدەن،
بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.
20 «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت،
ئەو خۆشی دەداتە پاشایان.
21 «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و
بەچکەی جوانی دەبێت.
22 «یوسف مێوێکی بەردارە،
مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو،
چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.
23 تیرئەندازان بە جۆش پەلاماریان دا و
ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.
24 بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە،
بازووەکانی دەستی لێزان بوون،
بە دەستی توانادارەکەی یاقوب،
بە ناوی شوانی بەردەکەی ئیسرائیل[d]،
25 بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات،
بەهۆی هەرە بە تواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات،
بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و
بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە،
بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.
26 بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن
لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی،
لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان.
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
بەسەر تەپڵی سەری جیاکراوە لە براکانی.
27 «بنیامین گورگێکی دڕندەیە،
بەیانییان نێچیر دەخوات و
ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»
28 هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
مردنی یاقوب
29 ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە، 30 لەو ئەشکەوتەی لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە کە ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی. 31 ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت. 32 کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی لەناوی بوو لە حیتییەکان کڕدرا بوون.»
33 کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
50 یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد. 2 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد، 3 چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کاری مۆمیاکاران تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.
4 کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن، 5 کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش با بچم بۆ ئەوەی باوکم بنێژم و دەگەڕێمەوە.»
6 فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و باوکت بنێژە، وەک چۆن سوێندی داویت.»
7 ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون، 8 لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت. 9 هەر لەگەڵیان گالیسکە و ئەسپ سوار چوون. کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوو.
10 ئینجا هاتنە سەر جۆخینەکەی[e] ئاتاد، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا، حەوت ڕۆژ یوسف ماتەمی بۆ باوکی دانا. 11 کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم[f] کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.
12 کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد. 13 جا کوڕەکانی هەڵیانگرت بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، کە ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی، ئەوەی ڕووەو مەمرێیە. 14 ئیتر دوای ناشتنی باوکی، یوسف گەڕایەوە بۆ میسر، خۆی و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون.
دڵنەواییکردنی یوسف لە براکانی
15 کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.» 16 ئیتر پەیامیان نارد بە یوسف بڵێن، «باوکت پێش مردنی خۆی ڕایسپاردووە و گوتوویەتی، 17 ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببووریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.
18 دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»
19 بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟ 20 مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا بە مەبەستی چاکە گێڕای هەتا وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر. 21 ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.
مردنی یوسف
22 یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا، 23 منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، نەوەی سێیەم. ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەوی وەرگرتووە.
24 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.» 25 ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»
26 دوای ئەوە یوسف مرد، تەمەنی سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.
نموونەی دەنکە خەردەل
31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل[a] وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، 32 کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»
نموونەی هەویرترش
33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک[b] دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە[c] ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
34 عیسا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35 تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی:
[بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە دەریدەبڕم.][d]
ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان
36 ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»
37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە[e]، سەپانەکانیش فریشتەکانن.
40 «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. 41 کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و 42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت. 43 ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
نموونەی گەنجینە و مرواری
44 «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.
45 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا. 46 کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.
نموونەی تۆڕ
47 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. 49 کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و 50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»
51 عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»
وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»
52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»
ڕەتکردنەوەی عیسا
53 کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد لەوێ ڕۆیشت. 54 هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان فێری کردن، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ 55 ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ 56 ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» 57 جا ڕەتیان کردەوە.
بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»
58 لەوێدا پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.