Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 41-42

خەونەکانی فیرعەون

41 ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە، لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای ڕوخسار جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار ناشیرین و لەڕ، لەلای مانگاکانەوە لەسەر کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان. ئینجا مانگا ڕوخسار ناشیرین و لەڕەکان، حەوت مانگا ڕوخسار جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات.

لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە، کە حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون، قەڵەو و جوانن. لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات، زانی کە خەونە.

ئەوە بوو سەر لە بەیانی دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەرانی میسر و هەموو داناکانی. فیرعەون خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام کەسێک لەنێویان نەبوو بۆی لێکبداتەوە.

ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد. 10 جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان. 11 من و ئەو لە یەک شەو خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان. 12 لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. بۆ ئەومان گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە، بۆ هەریەکەمان بەپێی خەونەکەی لێکی دایەوە. 13 ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.»

14 فیرعەونیش بەدوای یوسفدا ناردی، ئیتر خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.

15 فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. بەڵام دەربارەی تۆ بیستوومە کە خەون دەبیستیت هەتا لێکی بدەیتەوە.»

16 یوسف وەڵامی فیرعەونی دایەوە: «هی من نییە، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»

17 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، 18 بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و ڕوخسار جوان هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 19 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار زۆر ناشیرین و لەڕولاواز بوون. لە هەموو خاکی میسر ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. 20 ئینجا مانگا لەڕ و ڕوخسار ناشیرنەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. 21 چوونە ناو ورگیانەوە، بەڵام پێیانەوە دیار نەبوو کە ئەوانە چوونەتە ورگیانەوە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بەئاگا هاتم.

22 «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. 23 لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 24 گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەس نەبوو بۆم لێکبداتەوە.»

25 یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. 26 حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. 27 حەوت مانگا لەڕ و ناشیرنەکان بەدوایاندا هاتنە دەرەوە ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.

28 «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت، ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی نیشان دا: 29 حەوت ساڵ دێت تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. 30 بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. 31 ئیتر بەو تێروتەسەلییەی لە خاکەکەدا بووە نازانرێت، لەبەر ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت، چونکە زۆر گران دەبێت. 32 سەبارەت بەوەش کە خەونەکە دوو جار بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیار دراوە، خوداش خێرایە لە ئەنجامدانی.

33 «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا ببینێت و لەسەر خاکی میسر داینێت. 34 با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. 35 ئیتر هەموو خواردنی ئەم ساڵە باشانەی کە دێت کۆدەکەنەوە، لەژێر دەستی فیرعەون گەنم لە ئەمبار بکەن، بۆ خواردن لە شارۆچکەکان دەپارێزرێت. 36 ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت، ئیتر خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»

37 ئەم قسانە لەبەرچاوی فیرعەون باش بوو، هەروەها لەبەرچاوی هەموو دەستوپێوەندەکەی. 38 فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»

39 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەدوای ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆت ئاشکرا کرد، ئیتر کوا لە تۆ وردبینتر و داناتر. 40 تۆ لەسەر ماڵەکەی من دەبیت، هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن، تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»

یوسف وەک لێپرسراوی خاکی میسر

41 ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» 42 ئینجا فیرعەون ئەنگوستیلەکەی دەستی خۆی داکەند و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. 43 پاشان سواری دووەم گالیسکەی خۆی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.

44 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» 45 فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.

46 تەمەنی یوسف سی ساڵ بوو کاتێک دەستی بە خزمەتی فیرعەونی پاشای میسر کرد. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. 47 لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا زەوی بە پڕی بەروبوومی دا. 48 یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسردا بوو، لە هەموو شارێکدا خۆراکی دانا، خۆراکی ئەو کێڵگانەش کە لە دەوروبەری شارەکە بوون. 49 یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر ئیتر وازی لە ژماردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.

50 پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. 51 یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناونا مەنەشە[a] و گوتی: «چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» 52 دووەمیشیانی ناونا ئەفرایم[b]، گوتی «چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»

53 ئەو حەوت ساڵە تێروتەسەلییەی لە خاکی میسردا بوو کۆتایی هات. 54 ئینجا حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد، وەک یوسف گوتبووی. قاتوقڕی لە هەموو زەویدا بوو، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. 55 کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»

56 قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. 57 هەموو زەویش هاتن بۆ میسر هەتا گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو زەویدا توند بوو.

براکانی یوسف بۆ میسر دەچن

42 کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، ئیتر یاقوب بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟» گوتی: «بیستوومە وا لە میسر گەنم هەیە. بڕۆنە ئەوێ و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.»

ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر. بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت. ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەوانەی هاتبوون، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو.

یوسف خۆی دەسەڵاتدار بوو لەسەر خاکەکە، خۆی فرۆشیار بوو بۆ هەموو خەڵکەکەی. ئینجا براکانی یوسف هاتن و کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی. کە یوسف تەماشای براکانی خۆی کرد، ئەوانی ناسییەوە. بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن، لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.»

هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە. ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون هەتا ڕووتی خاکەکە ببینن.»

10 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن. 11 ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.»

12 ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون هەتا ڕووتی خاکەکە ببینن.»

13 بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.»

14 یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن. 15 ئا بەمەش تاقی دەکرێنەوە، بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە تەنها بە هاتنی برا بچووکەکەتان نەبێت بۆ ئێرە. 16 یەکێک لە خۆتان بنێرن هەتا براکەتان بهێنێت، ئێوەش بەند دەکرێن، ئیتر قسەکەتان تاقی دەکرێتەوە کە ئایا ڕاستگۆییتان تێدایە؟ ئەگینا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.» 17 ئیتر سێ ڕۆژ پێکەوە لە زیندانی کردن.

18 لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من لەخواترسم. 19 ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با برایەکتان لە زیندانەکەتان زیندانی بکرێت، ئێوەش بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ برسیێتی ماڵەکانتان. 20 بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئیتر ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد.

21 بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی بەرامبەر بە براکەمان تاوانبارین. کاتێک پەرێشانی گیانیمان بینی، لێمان پاڕایەوە بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهات.»

22 ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا خوێنەکەی داوا دەکرێت.» 23 نەشیاندەزانی یوسف لە قسەکانیان دەگات، چونکە لە ڕێگەی زمانزانەوە قسەی لەگەڵ دەکردن.

24 ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە.

25 دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم، زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی، ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا. 26 گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن.

27 لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی. 28 بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.»

ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟»

29 ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان: 30 «ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای داناین سیخوڕی خاکەکە بین. 31 بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین. 32 ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“

33 «ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمە دەزانم ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ برسیێتی ماڵەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن. 34 ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر دەزانم ئێوە سیخوڕ نین، بەڵکو سەرڕاستن. براکەشتان پێدەدەمەوە و لە خاکەکەش بازرگانی خۆتان بکەن.“»

35 ئەوە بوو کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکردەوە، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر کە کیسەی زیوەکانیان بینی، خۆیان و باوکیان ترسیان لێ نیشت. 36 یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.»

37 ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.»

38 بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.»

مەتا 12:1-23

گەورەی ڕۆژی شەممە

12 لەو کاتەدا، لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی کرد. کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «تەماشا بکە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»

ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد[a]، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[b] خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟ پێتان دەڵێم، مەزنتر لە پەرستگا لێرەیە. بەڵام ئەگەر واتای ئەوەتان بزانیایە: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،][c] ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد، چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»

چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە

لەوێ ڕۆیشت و هاتە کەنیشتەکەیان، 10 ئەوە بوو پیاوێک دەستێکی وشک بوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە شەممەدا چاککردنەوە دروستە؟»

11 پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە شەممەدا بکەوێتە چاڵێک، ئایا نایگرێت و دەریناهێنێت؟ 12 مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.»

13 ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە. 14 بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن لەناوی ببەن.

بەندەی هەڵبژێردراوی خودا

15 عیساش بەمەی زانی، لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموویانی چاککردەوە و 16 ئاگاداری کردنەوە ئاشکرای نەکەن، 17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:

18 [ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە،
    خۆشەویستم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
    جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
19 شەڕ ناکات و هاوار ناکات،
    کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
20 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
    پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە،
تاکو دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
21     نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.][d]

عیسا و شای ڕۆحە پیسەکان

22 ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، ئەویش نابینا و لاڵ بوو، چاکیکردەوە هەتا ئەوەی لاڵەکە قسەی کرد و بینی. 23 خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کوڕی داود نییە؟»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.