Old/New Testament
یوسف و ژنی پۆتیفەر
39 یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتیفەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە بەرەو میسر هێنابوویان.
2 یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، ئیتر پیاوێکی سەرکەوتوو بوو، لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا بوو. 3 گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات. 4 یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتیفەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. 5 ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتیفەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. 6 ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد.
یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. 7 دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە لەگەڵم بنوو.»
8 بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم سەرقاڵی هیچ شتێک نییە کە لە ماڵەکەی هەیە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. 9 کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» 10 هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ بە یوسفی دەگوتەوە، ئەویش بە قسەی نەکرد، بۆ ئەوەی لەگەڵی بنووێت و لەگەڵی بێت.
11 ئەوە بوو ڕۆژێکیان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی هاتە ناو ماڵەکە، هیچ کەسێکی ماڵەکەش لە ماڵەوە نەبوو. 12 ژنەکە کەواکەی گرت و گوتی: «لەگەڵم بنوو!» بەڵام ئەو کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.
13 کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، 14 بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. 15 ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.»
16 کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. 17 ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەو گێڕایەوە، پێی گوت: «خزمەتکارە عیبرانییەکەی تۆ بۆت هێناوین، بۆم هاتە ژوورەوە هەتا دەستبازیم لەگەڵ بکات. 18 بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»
19 کە گەورەکەی ئەو قسەیەی ژنەکەی خۆی بیست کە بۆی کرد و پێی گوت، «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. 20 ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە.
21 بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. 22 ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەر کارێک لەوێ هەبوو. 23 کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، هەر کارێکیشی دەکرد یەزدان سەری دەخست.
ساقی[a] پاشای میسر و نانەواکەی
40 دوای ماوەیەک ساقی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە گەورەکەیان پاشای میسر کرد. 2 جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی تووڕە بوو، سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان. 3 ئیتر هەردووکیانی خستە زیندانەکەی ناو ماڵەکەی سەرۆکی پاسەوانەکان، ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو. 4 سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن.
ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە. 5 ئینجا ساقی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون هەردووکیان، لە یەک شەودا خەونیان بینی، خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەیان.
6 بۆ سبەی بەیانی یوسف هاتە لایان، سەیری کردن هەردووکیان ماتومەلوولن. 7 ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»
8 وەڵامیان دایەوە: «خەونمان بینیوە، بەڵام کەسێک نییە لێکیان بداتەوە.»
یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»
9 سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو. 10 سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەر کە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ. 11 جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون، جامەکەم دایە دەستی فیرعەون.»
12 یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن. 13 لە ماوەی سێ ڕۆژدا فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت. 14 کاتێک ژیانت باش دەبێت منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لەلای فیرعەون ناوم بهێنیت و لەم ماڵە دەرمبهێنیت، 15 چونکە لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم، لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»
16 کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو. 17 سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»
18 یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن. 19 لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت پەلدەدات و جەستەکەت لەسەر دارێک دەچەقێنێت، باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»
20 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد. 21 سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون. 22 بەڵام سەرۆکی نانەواکانی کوشت، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.
23 سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.
عیسا و حەزرەتی یەحیا
11 پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان.
2 کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی نارد و 3 پێی گوت: «ئایا تۆی ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»
4 عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن: 5 کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت[a]. 6 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە من بێ هیوا نابێت.»
7 لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ 8 ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن. 9 ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. 10 یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە:
«[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.][b]
11 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە. 12 لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن[c]، 13 چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە. 14 ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەمە ئەلیاسە کە خەریکە بێت[d]. 15 ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت!
16 «بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و بانگی یەکتری دەکەن و 17 دەڵێن:
«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“
18 چونکە یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ 19 ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.»
شارە گوناهبارەکان
20 ئینجا عیسا دەستی بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کرد کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو. 21 «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێتسەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، هەر زوو بە جلوبەرگی گوش[e] و لەناو خۆڵەمێش تۆبەیان دەکرد. 22 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. 23 تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان[f] دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. 24 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»
وەرن بۆ لام، من دەتانحەسێنمەوە
25 لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری زەوی و ئاسمان، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. 26 بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو.
27 «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەوە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆی ئاشکرا بکات.
28 «وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. 29 نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. 30 نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.