Old/New Testament
چاوپێکەوتنی یاقوب لەگەڵ عیسۆ
33 یاقوب چاوی هەڵبڕی و سەیری کرد وا عیسۆ و چوار سەد پیاوە دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. 2 هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. 3 خۆشی پێشیان کەوت، هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.
4 بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. 5 ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»
یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»
6 ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، 7 دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.
8 عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەمووەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»
ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»
9 بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆت هەڵیبگرە.»
10 یاقوب گوتی: «نا، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لە دەست وەردەگریت، کە ڕووی تۆم بینی وەک ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت. 11 دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» ئیتر یاقوب زۆری لێکرد، عیسۆش لێی وەرگرت.
12 ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»
13 بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ماندوو بکرێن بە لێخوڕین ئەوا هەموو ئاژەڵەکان دەمرن. 14 با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش لەسەر خۆ دەکەومە ڕێ، بەپێی ئەو ماڵەی پێش خۆم و بەپێی منداڵەکان، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»
15 عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»
یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»
16 ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. 17 یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت و خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا، سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.
18 دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا. 19 ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی. 20 هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل[a]».
دینە و شەخەمییەکان
34 دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ دیدەنی کچانی ئەو ناوە. 2 کاتێک کە شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد. 3 دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد. 4 شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە ببێتە ژنم.»
5 یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.
6 حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. 7 کوڕەکانی یاقوب کە بیستیان، لە دەشتودەر هاتنەوە، هەستیان کرد کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و زۆر تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل[b] کرد، ئەمەش کارێکی نەشیاو بوو.
8 بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە، بیدەنێ ببێتە ژنی. 9 ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن. 10 لەناومان نیشتەجێ بن، زەوییەکەش لەبەردەمتانە، تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، موڵکتان تێیدا هەبێت.»
11 ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم. 12 مارەیی و دیاری زۆر لەسەرم زیاد بکەن، ئەوەی داوای دەکەن دەیدەم، تەنها کچەکەم بدەنێ ببێتە ژنم.»
13 کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو. 14 پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنە نەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە. 15 بەڵام بەمە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین، ئەگەر وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان. 16 ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل. 17 بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەشتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوە کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»
18 قسەکانیان بەلای حەمۆر و بەلای شەخەمی کوڕی حەمۆرەوە باش بوو. 19 کوڕە لاوەکە لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە بە کچەکەی یاقوب دڵشاد بوو، لە ماڵی باوکیشی لە هەموویان ڕێزدارتر بوو. 20 ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد، گوتیان: 21 «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ. 22 بەڵام ئەم پیاوانە بەمە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەگەڵمان نیشتەجێ بن و ببینە یەک گەل، ئەویش خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانمانە، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنەکراون. 23 ئایا ماڵات و ماڵ و هەموو ئاژەڵەکانیان بۆ خۆمان نابن ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن؟»
24 هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.
25 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم، کە ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانکراو بێت هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو کوشتیان. 26 بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن. 27 ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو. 28 هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد. 29 هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.
30 ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان کردە ناحەز لەلای خەڵکی ئەم خاکە، کەنعانییەکان و پریزییەکان. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»
31 بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»
گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێتئێل
35 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە، سەربکەوە بەرەو بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت لە کاتێک تۆ لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
2 ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بکەنەوە و خۆتان پاک بکەنەوە، جلەکانیشتان بگۆڕن. 3 دەبا هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» 4 ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. 5 ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
6 یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان. 7 لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناونا ئێل بێتئێل[c]، چونکە لەو شوێنەدا خودای بۆ دەرکەوت، لە کاتی هەڵاتنی لە دەست براکەی.
8 دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.
9 کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 13 ئیتر خودا لەو شوێنەی قسەی لەگەڵ کرد لەسەری بەرزبووەوە.
14 یاقوبیش لەو شوێنەی کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ستوونێکی بەردینی ڕاگیر کرد و شەرابی پێشکەشکراوی بەسەردا ڕشت و زەیتی بەسەردا کرد. 15 یاقوب ئەو شوێنەی ناونا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
مردنی ڕاحێل و ئیسحاق
16 ئینجا لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەنئۆنی[d]. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[e].
19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.
یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
23 کوڕەکانی لێئە:
ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.
شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
24 کوڕەکانی ڕاحێل:
یوسف و بنیامین
25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:
دان و نەفتالی.
26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:
گاد و ئاشێر.
ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. 28 تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.
بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە
10 ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو چاک بکەنەوە.
2 ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە: یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، 3 فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، تۆماس و مەتای باجگر، یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس، 4 شیمۆنی کانەوی[a] و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
5 عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، 6 بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. 7 کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ 8 نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن. 9 زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10 نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
11 «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. 12 کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. 13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە. 16 ئەوەتا من وەک مەڕ بەناو گەلە گورگدا دەتاننێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
17 «لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکانیان بە قامچی لێتان دەدەن، 18 لەبەر من دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوایان و پاشایان، وەک شایەتێکی من بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. 19 کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن کە چی بڵێن و چۆن بڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، 20 چونکە ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.