Old/New Testament
گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام
29 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. 2 بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. 3 کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
4 یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»
5 پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»
گوتیان: «دەیناسین.»
6 ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»
گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»
7 گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
8 ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
9 هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا. 11 یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا. 12 ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
13 هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد. 14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»
هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل
لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، 15 لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر بەخۆڕایی کارم بۆ دەکەیت؟ پێم بڵێ ئاخۆ کرێیەکەت چی بێت؟»
16 لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. 17 چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. 18 یاقوب ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکەکەت.»
19 لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» 20 ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو، لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل.
21 ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەی خۆم تەواو بوو، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»
22 لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. 23 بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش لەگەڵی نوست. 24 هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.
25 کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»
26 لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە، لێرە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. 27 هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت دەدەینێ بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کار، کە بۆ منی دەکەیت.»
28 یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. 29 هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی. 30 یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش نوست، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.
منداڵەکانی یاقوب
31 یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، ئیتر منداڵدانی کردەوە. بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. 32 لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن[a]، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»
33 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو، گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم. ئیتر ئەمەشی دامێ.» ناوی لێنا شیمۆن.
34 جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی[b].
35 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا[c]. ئیتر لە سککردن وەستا.
30 کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»
2 تووڕەیی یاقوب لە ڕاحێل جۆشا، گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»
3 ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. لەگەڵی بنوو هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»
4 جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ هەتا ببێتە ژنی. یاقوبیش لەگەڵی نوست. 5 بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 6 ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری لێکردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو، کوڕێکی دامێ.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان[d].
7 دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 8 ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.
9 کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. 10 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 11 لێئە گوتی: «بە بەختەوەری!» ئیتر ناوی لێنا گاد.
12 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 13 لێئەش گوتی: «بە خۆزگە پێخوازراویم! چونکە کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر[e].
14 لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی[f] لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»
15 بەڵام لێئە گوتی: «بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟»
ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەگەڵ تۆ بنووێت.»
16 کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دێیتە لای خۆم، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە لەگەڵی نوست.
17 خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو. 18 ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار[g].
19 دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو. 20 ئینجا لێئە گوتی: «خودا بە خەڵاتێکی باش خەڵاتی کردم. ئێستا مێردەکەم گوزەرانم لەگەڵ دەکات، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.
21 دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.
22 خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد[h]، خودا گوێی لە دەنگی بوو، منداڵدانی کردەوە. 23 ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.» 24 ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»
مەڕی یاقوب زۆر دەبێت
25 لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم. 26 ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت ئەو خزمەتەی خزمەتم کردوویت.»
27 بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.» 28 ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»
29 یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چەند خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە، 30 چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، دوای هاتنم زۆر پەرەی سەند و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»
31 ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟»
یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم. 32 ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن. 33 سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»
34 لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.» 35 هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە[i] خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی. 36 ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، یاقوبیش شوانی پاشماوەی مەڕەکانی لابانی دەکرد.
37 یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چناری هێنا و خەتی سپی لەسەر کێشان، بە پاککردنەوەی توێکڵەکانیان لە شوێنی هێڵەکان و دەرخستنی سپیێتییەکەی ژێریان. 38 ئینجا چڵە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە ڕاگرت، کە مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە بۆی دەهاتن، بەرامبەر بە مەڕەکان، هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بەتەگەبێن. 39 جا مەڕەکان لەلای چڵەکان پەڕین و مەڕەکان بەچکەی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو. 40 ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی لە خەتدارەکان و ڕەشەکان کرد لە مەڕەکانی لابان. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان. 41 ئەوە بوو هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان بە تەگە دەهاتن، یاقوب لەپێش چاویان چڵەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵەکان جووت ببن. 42 بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون داینەدەنان، جا لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب. 43 ئینجا پیاوەکە زۆر بەرفراوان بوو، ئیتر مەڕی زۆری هەبوو، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.
چاککردنەوەی ئیفلیجێک
9 ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتە شارەکەی خۆی[a]. 2 ئیفلیجێکیان هێنایە لای لەناو جێگا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»
3 جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»
4 عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ 5 کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ؟“ 6 بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 7 ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. 8 کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.
عیسا بۆ گوناهباران هاتووە
9 کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە. 11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.][b] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
لەبارەی ڕۆژووەوە
14 ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟»
15 عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.
16 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەکات. 17 شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ لەناو مەشکەی نوێ دەکرێت و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.