Old/New Testament
یاقوب بەرەکەتی ئیسحاق وەردەگرێت
27 کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی کز بوون بۆ بینین، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
2 ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم. 3 ئێستاش چەکەکەت، تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ دەشتودەر، نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە. 4 ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
5 ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە. 6 ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «وا گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی: 7 ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“ 8 ئێستاش، کوڕی خۆم، گوێم لێ بگرە، لەوەی من فەرمانت پێدەدەم: 9 بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، هەتا لێیان بنێم بۆ باوکت، وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. 10 ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»
11 یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم. 12 ڕەنگە باوکم دەستم لێ بدات؟ خۆ لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم، نەک بەرەکەت.»
13 دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»
14 ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، وەک ئەوەی باوکی حەزی لێ دەکرد. 15 ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد. 16 دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی. 17 ئینجا خواردنەکە و نانەکەی دروستی کردبوون دایە دەست یاقوبی کوڕی.
18 یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»
19 یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
20 ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟»
ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»
21 ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»
22 یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.» 23 ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، ئەویش داوای بەرەکەتی بۆ کرد. 24 پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟»
ئەویش گوتی: «منم.»
25 ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە. 26 ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»
27 ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:
«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم
وەک بۆنی دەشتودەرە
کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
28 با خودا لە شەونمی ئاسمان و
لە چەوری زەویت بداتێ،
هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
29 با گەلان ببنە خزمەتکارت،
نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.
ببە بە سەروەری براکانت،
کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.
با نەفرەت لێکەرانت نەفرەت لێکراو بن و
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»
30 پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. 31 ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بۆ باوکی بردە ژوورەوە، بە باوکی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
32 ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.» 33 ئیتر ئیسحاق لەرزینێکی زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»
34 عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست هاواری کرد، هاوارێکی بەرز و زۆر خەمبار، بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»
35 بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»
36 عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“[a]؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»
37 ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»
38 عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکە باوکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.
39 ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە:
«نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت،
دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.
40 لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و
دەبیتە خزمەتکاری براکەت.
بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت،
نیرەکەی[b] دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.»
ڕاکردنی یاقوب بۆ لای لابان
41 ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.»
42 ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت. 43 ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان. 44 بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە. 45 کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتانم لەکیس بچێت؟»
46 ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»
28 ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. 2 هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام[c] بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. 3 با خودای هەرە بە توانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا ببیتە کۆمەڵێک گەل. 4 بەرەکەتی ئیبراهیمت دەداتێ[d]، بۆ خۆت و نەوەکەت لەگەڵتدا، لەو زەوییەی ئێستا ئاوارەیت دەبیتە میراتگری، ئەوەی خودا دایە ئیبراهیم.» 5 ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
6 عیسۆش بینی ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کرد و ناردییە پەدان ئارام هەتا لەوێ ژنێک بهێنێت، کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کرد و فەرمانی پێدا، پێی گوت: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت.» 7 یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بوو، چوو بۆ پەدان ئارام. 8 عیسۆ بینی کە لەپێش چاوی ئیسحاقی باوکی، کچانی کەنعانیان بەدکردەوەن. 9 ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆتی کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی خواست، بەسەر ژنەکانی دیکەیدا.
خەونی یاقوب لە بێتئێل
10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. 12 خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
16 یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»
18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێتئێل[e]. بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
20 یاقوب نەزرێکیشی نەزر کرد[f] و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، 21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. 22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[g] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
نرخی دوای عیسا کەوتن
18 کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی دا بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. 19 مامۆستایەکی تەورات هاتە لای، پێی گوت: «مامۆستا، بۆ کوێ بڕۆیت دوات دەکەوم.»
20 عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ[a] جێیەکی نییە سەری لێ دابنێت.»
21 یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»[b]
22 بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»
عیسا ڕەشەبا هێمن دەکاتەوە
23 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی دوای کەوتن. 24 لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە داپۆشن، بەڵام عیسا نوستبوو. 25 ئینجا قوتابییەکانی چوون و هەڵیانستاند، گوتیان: «گەورەم، ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!»
26 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە هێمنییەکی تەواو.
27 ئەوانیش سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە چ مرۆڤێکە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»
دەرکردنی ڕۆحی پیس
28 کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەر، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووشبوو ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. 29 هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێش وەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»
30 لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان. 31 ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.»
32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان. 33 بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار و هەموو شتێکیان گێڕایەوە، بگرە ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 34 ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی عیسا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە لە ناوچەکەیان بچێتە دەرەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.