Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 23-24

مردنی سارا

23 هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو. ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان مرد. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێنێتەوە و بەسەریدا بگریێت.

ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد، گوتی: «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، هەتا بتوانم مردووەکەم لەبەردەمم بنێژم.»

حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت: «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە بەرامبەر بە تۆ دەست بە گۆڕەکەیەوە ناگرێت، هەتا مردووەکەتی تێدا نەنێژیت.»

ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ خەڵکی خاکەکە برد، بۆ حیتییەکان. ئینجا قسەی لەگەڵ کردن، گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم کە لەبەردەممە بینێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر داوام بۆ بکەن. ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»

10 عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: 11 «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەفرۆشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»

12 ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و 13 لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»

14 عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: 15 «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل[a] زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»

16 ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.

17 ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە 18 موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە. 19 دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. 20 ئیتر کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی بووە موڵکی ئیبراهیم، بۆ ئەوەی لەلای حیتییەکان ببێتە گۆڕستان.

ئیسحاق و ڕڤقە

24 ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد. ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەرچییەکیشی هەبوو بە دەست ئەو بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم. سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم. بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم، بۆ ئیسحاق دەهێنیت.»

خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»

ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ. یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی برد، ئەوەی پێی فەرمووم و ئەوەی سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت. خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.» ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.

10 ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی برد و ڕۆیشت، هەموو شتە باشەکانی گەورەکەشی بە دەستیەوە بوو، هەستا و چوو بۆ میسۆپۆتامیا[b] بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر. 11 لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک[c] وشترەکانی خست. دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.

12 ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە، چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە. 13 من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان. 14 دەبا ئەو کچەی پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت هەڵبژاردبێت بۆ خزمەتکارەکەت، بۆ ئیسحاق. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»

15 پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو. 16 کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.

17 خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»

18 ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.

19 دوای ئەوەی ئاوی دایێ، گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.» 20 ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە هەتا ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان. 21 پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.

22 کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل[d] بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو. 23 ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان تێیدا بمێنینەوە؟»

24 ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.» 25 پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»

26 ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد، 27 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی نەهێنا لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم، من بەڕێوە بووم، یەزدان ڕێنمایی کردم بۆ ماڵی برایانی گەورەکەم.»

28 کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند. 29 ڕڤقەش برایەکی هەبوو ناوی لابان بوو، لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بۆ لای کانییەکە. 30 هەرکە خەزێم[e] و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە. 31 ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ ئەوا من ماڵم ئامادە کردووە و شوێنیش بۆ وشترەکان.»

32 ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون. 33 ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.»

لابانیش گوتی: «قسە بکە.»

34 ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم، 35 یەزدانیش گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە، مەزن بووە، مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی داوەتێ. 36 سارای ژنی گەورەکەم لە تەمەنی پیری کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو. 37 گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم. 38 بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“

39 «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“

40 «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، لە کەسوکارەکەم و لە ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم دەخوازیت. 41 ئاوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێت، کاتێک بچیتە لای کەسوکارەکەم، ئەگەر نەتدەنێ ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“

42 «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم، 43 ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، دەبا ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘ 44 ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها ئاو بۆ وشترەکانیشت دەکێشمەوە.‘ ئەوە ئەو ژنە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“

45 «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“

46 «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.

47 «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“

«ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“

«خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد. 48 منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم. 49 ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، خۆ ئەگەر نا، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، هەتا ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»

50 لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین. 51 ڕڤقە وا لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»

52 ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد. 53 ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای دا بە براکەی و دایکی. 54 ئیتر خۆی و پیاوەکانی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مانەوە.

بەیانی لە خەو هەستان و گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.»

55 بەڵام براکەی و دایکی گوتیان: «با کچەکە چەند ڕۆژێک لەلامان بمێنێتەوە، بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ، پاشان بکەوێتە ڕێ.»

56 ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.»

57 ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.» 58 ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟»

ئەویش گوتی: «دەڕۆم.»

59 ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد. 60 داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت:

«خوشکمان،
    پتر بن هەزار لەسەر هەزار،
با نەوەکانیشت
    ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.»

61 ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت.

62 ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە. 63 ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن. 64 ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی. 65 بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟»

خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی.

66 ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە. 67 ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی، هێنای و بوو بە ژنی و خۆشی ویست. ئەمەش بووە دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی.

مەتا 7

خەڵکی تاوانبار مەکەن

«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.

«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا تەختە دارێک لەناو چاوی خۆتدایە؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار تەختە دارەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.

«شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و ڕوو وەربگێڕن و پارچەپارچەتان بکەن.

داوا بکەن، پێتان دەدرێ

«داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.

«ئەگینا کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ 10 یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ 11 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! 12 کەواتە لە هەر شتێکدا ئاوا بۆ خەڵک بکەن کە دەتانەوێ بۆتان بکرێت، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.

دەرگای تەسک

13 «لە دەرگای تەسک بڕۆنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات پانە و ڕێگاکەی بەرینە و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14 بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.

ناسین بە بەرهەم

15 «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. 16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. 18 داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. 19 هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20 کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.

21 «نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”گەورەم، گەورەم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی بە خواستی باوکم دەکات کە لە ئاسمانە. 22 لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”گەورەم، گەورەم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی[a] زۆرمان نەکرد؟“ 23 ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی سەرپێچیکاران!“

دانا و گێل

24 «لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت. 25 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو. 26 هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت. 27 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخا، ڕووخانەکەشی گەورە بوو.»

28 کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، 29 چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.