Old/New Testament
ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ
20 ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو، لە گرار ئاوارە بوو. 2 ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.
3 ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»
4 بەڵام هێشتا ئەبیمەلەخ لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟ 5 ئەی ئیبراهیمش پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»
6 خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت. 7 ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەشیگەڕێنیتەوە، ئەوە بزانە کە بێگومان دەمریت، خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن.»
8 سبەی ئەبیمەلەخ بەیانی زوو لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەم شتانەی پێیان گوت، پیاوەکانیش زۆر ترسان. 9 ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە ناشێت بە منت کرد.» 10 ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «چیت بینی هەتا ئەم کارەت کرد؟»
11 ئیبراهیمیش گوتی: «چونکە گوتم: ”لەم شوێنەدا هیچ لەخواترسی نییە، لەبەر ژنەکەشم من دەکوژن.“ 12 لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم. 13 کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”ئەمە ئەو چاکەیە کە لەگەڵمدا دەکەیت، چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»
14 ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە. 15 ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «زەوییەکەم وا لەبەردەمی تۆیە، هەرکوێیەکیت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»
16 بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو[a] دەدەمە براکەت. ئەمە بەرامبەر بە ئابڕووبردنەکەی تۆیە لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن و لەلای هەموو کەسێک، ئیتر تۆ تەواو ڕوو سپیت.»
17 ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو، 18 چونکە هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، یەزدان بە تەواوی بەستبووی، بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە.
لەدایکبوونی ئیسحاق
21 یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە، یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. 2 ئینجا سارا لە پیرەمێردیێتی ئیبراهیمدا سکی پڕ بوو و منداڵێکی بۆی بوو، لەو کاتەی کە خودا پێی فەرموو. 3 ئیبراهیم کوڕە لەدایکبووەکەی خۆی کە سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق. 4 کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. 5 تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.
6 سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» 7 هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونکە لە پیرەمێردی ئەودا کوڕێکم بوو.»
بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل
8 کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. 9 بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. 10 جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»
11 ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، بەهۆی کوڕەکەی. 12 بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لەلات ناڕەحەت نەبێت لەبەر کوڕەکە و لەبەر کەنیزەکەت. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت. 13 هەروەها کوڕی کەنیزەکەش دەکەمە نەتەوە، چونکە وەچەی تۆیە.»
14 سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێڵ بوو.
15 کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. 16 ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «با مەرگی کوڕەکە نەبینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.
17 خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. 18 هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستت بەهێز بکە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»
19 ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.
20 خودا لەگەڵ کوڕەکە بوو، گەورە بوو و لە چۆڵەوانیدا دەژیا، بووە تیرهاوێژ. 21 لە چۆڵەوانی پاران نیشتەجێ بوو، دایکیشی لە خاکی میسر ژنێکی بۆ هێنا.
پەیمانی بیری شابەع
22 لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە. 23 ئێستاش ئا لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی نە لە خۆم و نە لە منداڵم و نە لە نەوەم نەکەیت. بەڵکو وەک ئەو چاکەیەی لەگەڵ تۆدا کردم لەگەڵم دەکەیت، هەروەها لەگەڵ ئەو خاکەی کە تێیدا ئاوارە بوویت.»
24 ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»
25 ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو. 26 بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»
27 ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست. 28 ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت. 29 ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕات گرتوون؟»
30 ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.» 31 لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناونا بە بیری شابەع[b]، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.
32 لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان. 33 ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد. 34 ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.
تاقیکردنەوەی ئیبراهیم
22 لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
2 ئینجا خودا فەرمووی: «کوڕەکەت، تاقانەکەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ئیسحاق، بیبە و بڕۆ خاکی مۆریا. لەوێ بیکە قوربانی سووتاندن، لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم.»
3 بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد، داریشی بڕی بۆ قوربانی سووتاندن. ئینجا هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. 4 لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. 5 ئیتر ئیبراهیم بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»
6 ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت، هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. 7 ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟»
ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»
8 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا بۆ خۆی بەرخێک بۆ قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.
9 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست، ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر قوربانگاکە لەسەر دارەکان. 10 ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت هەتا کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. 11 بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
12 پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا زانیم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»
13 ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و سەری خست، وەک قوربانی سووتاندن لە جیاتی کوڕەکەی. 14 ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناونا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»
15 فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و 16 گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت، 17 بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی. 18 لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.»
19 ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لەلای بیری شابەع نیشتەجێ بوو.
کوڕانی ناحۆر
20 دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە، 21 عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای، هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە. 22 هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.» 23 بتوئێلیش ڕڤقەی بوو. ئەم هەشتە لە میلکە بوون بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم. 24 کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو.
گەنجینەی ڕاستەقینە
19 «لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن، دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت، 21 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.
22 «چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، 23 بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!
24 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.
خودا خەممان دەخوات
25 «بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە پۆشاک؟ 26 سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟ 27 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟
28 «هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی کێوی بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت، 29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 30 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات! 31 جا خەم مەخۆن بڵێن ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی بپۆشین؟“ 32 چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەمانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە. 33 بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت. 34 لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.