Old/New Testament
سێ میوان
18 ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، لەو کاتەدا کە لە گەرمای ڕۆژدا لە دەرکی چادرەکەیدا دانیشتبوو. 2 سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
3 ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە. 4 با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە. 5 پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم هەتا بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.»
ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
6 ئیتر ئیبراهیم بە پەلە بەرەو چادرەکە چوو بۆ لای سارا و گوتی: «خێرا سێ پێوانە[a] لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
7 هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی. 8 ئینجا دەڵەمە[b] و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
9 پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟»
ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
10 ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.»
ساراش لە دەرگای چادرەکەی خۆیەوە کە لە پشتی ئەمەوە بوو، گوێی گرتبوو. 11 ئیبراهیم و سارا دوو پیری بەساڵدا چووبوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. 12 سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا لەدوای ئەوەی لە کەڵک کەوتووم و مێردەکەم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
13 ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”وا من پیر بووم، ئایا بەڕاستی منداڵم دەبێت“؟ 14 هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
15 سارا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم،» چونکە ترسا. بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
پاڕانەوەی ئیبراهیم بۆ سەدۆم
16 ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. 17 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ 18 لە کاتێکدا ئیبراهیم بێگومان دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز، هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. 19 لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»
20 ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاواری لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و گوناهیان زۆر گەورە بووە. 21 ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ وەک هاوارەکەی کە هاتووەتە لای من، بە تەواوی بەم جۆرەیان کردووە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»
22 ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو. 23 ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ 24 ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و نایبەخشیت، لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی تێیدایە؟ 25 حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە! ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت. جا ڕاستودروست و خراپەکار وەک یەکیان لێبێت. دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەری ناکات؟»
26 یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست لە شارەکەدا ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
27 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا من وێرام لەگەڵ پەروەردگار قسە بکەم، منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم. 28 ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟»
فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
29 دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
30 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟»
فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
31 ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
32 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
33 ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.
وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا
19 هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، ڵوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک ڵوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. 2 ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.»
فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»
3 بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان. 4 پێش ئەوەی ڕاکشێن، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەورەی ماڵەکەیان دا. 5 ئینجا ڵوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان هەتا لاقەیان بکەین.»
6 ڵوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست. 7 گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن. 8 من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
9 ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەمە هاتووە بۆ ئەوەی پەناهەندە بێت لەنێوانمان و دەیەوێت ببێتە دادوەر لەسەرمان. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر زۆریان لە ڵوت کرد و هاتنە پێشەوە هەتا دەرگاکە بشکێنن.
10 بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و ڵوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست. 11 ئەو پیاوانەش کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، کوێرییان کردن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکی ئەوەیان کەوت کە دەرگاکە بدۆزنەوە.
12 ئینجا دوو پیاوەکە بە ڵوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە، زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسانێکی دیکەش کە لە شارەکەدا هەتن؟ هەموویان لێرە ببە دەرەوە، 13 چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاواریان لە دژی خەڵکەکەی مەزن بووە، یەزدانیش ئێمەی ناردووە هەتا وێرانی بکەین.»
14 ئیتر ڵوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ زاواکانی کرد کە کچەکانی ئەمیان خواستبوو. گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی زاواکانی.
15 لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە ڵوت کرد و پێیان فەرموو: «خێراکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
16 بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان. 17 جا کە هێنایاننە دەرەوە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
18 بەڵام ڵوت پێی گوتن: «نا، گەورەم! 19 خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم. 20 تەماشا ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
21 ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم. 22 بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر[c].
23 کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، ڵوت گەیشتە ناو زۆعەر. 24 ئینجا یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند، لەلایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە. 25 هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد. 26 بەڵام ژنی ڵوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
27 بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا لەبەردەم یەزدان داکۆکی کردبوو. 28 ڕوانییە سەدۆم و عەمۆرا و هەموو زەوی دەوروبەرەکە، سەیری کرد وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
29 ئینجا کە خودا شارۆچکەکانی دەوروبەرەکەی وێران کرد، خودا ئیبراهیمی هاتەوە یاد[d] و ڵوتی لەناو ئەو سەرەوژێرکردنە هێنایە دەرەوە، کاتێک ئەو شارانەی سەرەوژێر کرد کە ڵوت تێیدا دانیشتبوو.
ڵوت و کچەکانی
30 ئینجا ڵوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون. 31 کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە، هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە بەلاماندا بێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە. 32 وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و لەگەڵی ڕاکشێین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
33 ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
34 بۆ ڕۆژی دوایی کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ شەو لەگەڵ باوکم ڕاکشام. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و لەگەڵی ڕاکشێ. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.» 35 ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و لەگەڵی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
36 ئیتر هەردوو کچەکەی ڵوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو. 37 گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ. 38 هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەنعەمی. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.
خێرکردن
6 «هۆشیار بن. نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن، بۆ ئەوەی بتانبینن. ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.
2 «لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، لەپێش خۆت زوڕنا لێمەدە وەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، تاکو لەلایەن خەڵک ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 3 بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، 4 تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.
نوێژکردن
5 «کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، تاکو بۆ خەڵک دیار بن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 6 بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە. 7 کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وادەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت. 8 لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.
9 «بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن:
«”ئەی باوکمان لە ئاسمان،
با ناوت پیرۆز بێت،[a]
10 با پاشایەتییەکەت بێ[b]،
با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
11 نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.
12 لە گوناهەکانمان[c] خۆشبە،
هەروەک ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
13 مەمانخەرە تاقیکردنەوە،
بەڵکو لە شەیتان[d] ڕزگارمان بکە.“
14 ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. 15 بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.
ڕۆژووگرتن
16 «کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ڕوویان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 17 بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ، 18 تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.