Old/New Testament
هاجەر و ئیسماعیل
16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. 2 سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»
ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. 3 ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. 4 ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.
کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. 5 ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»
6 ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.
7 ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. 8 فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»
ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»
9 فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:
«ئێستا سکت پڕە،
کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[a] لێ دێت.
دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»
13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[b] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[c] و بەرەدە.
15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی خۆی کە لە هاجەر بوو ناوی لێنا ئیسماعیل. 16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.
پەیمانی خەتەنەکردن
17 کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. 2 پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»
3 ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: 4 «لەلایەنی منەوە، ئەمەش پەیمانەکەمە لەگەڵ تۆ، تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. 5 ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە. 6 زۆر زۆریش بەردارت دەکەم، پێم داویت ببیتە چەندین نەتەوە و چەندین پاشات لێ بکەوێتەوە. 7 پەیمانی خۆم دەچەسپێنم لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی دوای خۆت لە نەوەکانیان، پەیمانێکی هەتاهەتایی، کە ببمە خودای تۆ و نەوەی دوای خۆت. 8 ئەو خاکەی کۆچی تێدا دەکەیت، دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت، هەموو خاکی کەنعان، موڵکێکی هەتاهەتایی، منیش دەبمە خودایان.»
9 ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش پەیمانەکەم بەجێدەهێنیت، خۆت و نەوەی دوای خۆت، لە نەوەکانیان. 10 ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت، هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. 11 خۆتان خەتەنە دەکەن، ئەمەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. 12 هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. 13 دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت. 14 هەر نێرینەیەکی خەتەنە نەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»
15 هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارای ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا. 16 بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»
17 ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟» 18 ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەبەردەم بەرەکەتی تۆدا ژیان بەسەرببات.»
19 خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی. 20 بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن. 21 بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.» 22 کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.
23 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو. 24 ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا، 25 ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵان بوو کاتێک خەتەنە کرا. 26 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران. 27 هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.
داوێنپیسی
27 «بیستووتانە گوتراوە: [داوێنپیسی مەکەن.][a] 28 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە. 29 ئەگەر چاوی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. 30 ئەگەر دەستی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.
تەڵاق
31 «دیسان گوتراوە: [ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.][b] 32 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.
سوێندخواردن
33 «دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: [سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.][c] 34 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی خودایە، 35 نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی[d]، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە. 36 سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵێکی سپی یان ڕەش بکەیت. 37 با قسەتان: ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە[e].
تۆڵەسەندن
38 «بیستووتانە گوتراوە: [چاو بە چاو، ددان بە ددان.][f] 39 بەڵام من پێتان دەڵێم: لە دژی خراپەکار مەوەستنەوە، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە، 40 ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ. 41 ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. 42 ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.
خۆشویستنی دوژمنان
43 «بیستووتانە گوتراوە: [نزیکەکەت خۆشبوێت،][g] ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“ 44 بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە، 45 تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت. 46 ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێکتان هەیە؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ 47 ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟ 48 بۆیە ئێوە تەواو بن، وەک باوکی ئاسمانیتان تەواوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.