Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 13-15

جیابوونەوەی ئەبرام و ڵوت

13 ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ ڵوت لە میسرەوە چووە نەقەب. ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.

قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای. بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.

هەروەها ڵوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. بەڵام خاکەکە هەردووکیانی هەڵنەگرت بۆ ئەوەی پێکەوە نیشتەجێ بن، لەبەر ئەوەی دەستکەوتیان ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر نەیانتوانی پێکەوە نیشتەجێ بن. ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی ڵوت ڕوویدا. لەو کاتەش کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.

ئینجا ئەبرام بە ڵوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک لەنێوان من و تۆ و لەنێوان شوانەکانم و شوانەکانی تۆ نەبێت، چونکە ئێمە مام و برازاین[a]. ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»

10 ڵوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 11 ڵوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. ئیتر هەردووکیان لە یەکتری جیا بوونەوە. 12 ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، ڵوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو، ڕووەو سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 13 خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار و گوناهبار بوون، لە دژی یەزدان.

14 دوای جیابوونەوەی ڵوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 15 چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە تۆ و نەوەی تۆ، 16 نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش دەژمێردرێت. 17 بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»

18 ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن[b] نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.

دەربازکردنی ڵوت لەلایەن ئەبرامەوە

14 وا ڕوویدا کە لە سەردەمی ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم، ئەمانە جەنگیان بەرپا کرد لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە. هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو[c]. بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.

لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و ئەو پاشایانەی کە لەگەڵی بوون هات، ڕفائییەکانیان بەزاند لە عەشترۆت قەرنەیم، هەروەها زوزییەکان لە هام و ئێمییەکانیش لە شاڤێ قیریاتەیم، هەروەها حۆرییەکان[d] لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر، هەتا ئێیل پاران لە نزیک بیابان. ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمورییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.

ئینجا پاشای سەدۆم و پاشای عەمۆرا و پاشای ئەدما و پاشای چەبۆئیم و پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. 10 دۆڵی سیدیمیش پڕ بوو لە چاڵە قیڕ. کاتێک هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا هەڵاتن و لەوێ کەوتن، ئەوانی دیکەش بۆ چیاکان هەڵاتن. 11 ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەکەکانی سەدۆم و عەمۆرا و هەموو خۆراکەکانیان بردن و ڕۆیشتن. 12 هەروەها ڵوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.

13 یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی[e] ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەموری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. 14 کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. 15 کە شەویش داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون، جا هێرشی بردە سەریان و تەفروتونایان کردن و تاکو حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. 16 جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها ڵوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.

17 دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.

18 مەلکیسادقی پاشای شالیمیش[f] نان و شەرابی دەرهێنا. ئەو کاهینی خودای هەرەبەرز بوو. 19 داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
    ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
20 ستایش بۆ خودای هەرەبەرز
    کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.»

ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.

21 ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»

22 بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، 23 کە ئەگەر تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگییەکی[g] پێڵاوەکانت یان هەر شتێک لە شتەکانی تۆ ببەم، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ 24 تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ، ئەوان بەشی خۆیان وەردەگرن.»

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

15 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[h] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،
    من قەڵغانم بۆت،
    پاداشتت زۆر گەورەیە.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[i]

لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتا ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری؟»

یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[j] و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»

10 ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. 11 ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.

12 کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات. 13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»

17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی. 18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات، 19 خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی، 20 حیتی، پریزی، ڕفائی، 21 ئەموری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»

مەتا 5:1-26

وتاری سەر چیا

کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، زاری کردەوە و فێری کردن:

«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن[a]،
    چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن،
    چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان،
    چونکە دەبنە میراتگری زەوی.
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی[b]،
    چونکە تێر دەکرێن.
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە،
    چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان،
    چونکە خودا دەبینن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان،
    چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
10 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە،
    چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.

11 «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12 دڵخۆش و دڵشاد بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.

خوێی زەوی و ڕووناکی جیهان

13 «ئێوەن خوێی زەوی، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێر دەکرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.

14 «ئێوەن ڕووناکی جیهان، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە. 15 هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16 بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.

تەواوکردنی تەورات

17 «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. 18 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی. 19 بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەوی بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. 20 ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمان.

تووڕەیی

21 «بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: [مەکوژن][c] و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“ 22 بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی دەڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێ بدرێتە سەنهەدرین[d]، ئەوەش دەڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.

23 «لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی لەسەرت هەیە، 24 لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.

25 «خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە. 26 ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.