Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 10-12

خشتەی نەتەوەکان لەدوای لافاوەکە

10 ئەمانەش نەوەکانی نوحن، سام و حام و یافەت کە دوای لافاوەکە ئەوانیش کوڕیان بوو.

یافەتییەکان

کوڕەکانی یافەت:

گۆمەر، ماگۆگ، مادەی، یاڤان، توبال، مەشەک و تیراس.

کوڕەکانی گۆمەر:

ئەشکەنەز، ڕیفەت و تۆگەرما.

کوڕەکانی یاڤان:

ئەلیشا، تەرشیش، کیتیم[a] و ڕۆدانیم. لەمانەوە نەتەوەکانی کەنار ئاوەکان بۆ خاکەکانیان بڵاو بوونەوە، هەریەکەیان بەپێی زمانی خۆی و هۆز و نەتەوەی خۆی.

حامییەکان

کوڕەکانی حام:

کوش، میسر، پووت و کەنعان.

کوڕەکانی کوش:

سەبا، حەڤیلا، سەڤتا، ڕەعما و سەبتەکا.

کوڕەکانی ڕەعما:

شەبا و دیدان.

نەمرود لە نەوەی کوش لەدایکبوو، کە بووە جەنگاوەرێکی مەزن لەسەر زەوی. ئەو لەبەردەم یەزدان بووە ڕاوچییەکی بە توانا. لەبەر ئەمەیە دەگوترێت: «وەک نەمرودی ڕاوچییەکی بە توانا لەبەردەم یەزدان.» 10 سەرەتای شانشینەکەی بابل، ئەرەک، ئەکەد و کەلنێ بوو لە خاکی شینعار[b]. 11 لەو خاکەوە چوو بۆ ئاشور، لەوێ نەینەوا، ڕەحۆبۆت عیر و کەلەحی بنیاد نا، 12 هەروەها ڕەسەن کە شارە گەورەکەیە دەکەوێتە نێوان نەینەوا و کەلەح.

13 لوودی، عەنامی، لەهابی و نەفتوحییەکان لە نەوەی میسر بوون، 14 هەروەها پاتروسی و کەفتۆری و کەسلوحییەکانیش، لە کەسلوحییەکانیش فەلەستی کەوتنەوە.

15 کەنعان باوکی سەیدا بوو، کە نۆبەرەکەی بوو، لەگەڵ حیتییەکان، 16 هەروەها یەبوسی، ئەموری، گرگاشی، 17 حیڤی، عەرقی[c]، سینی[d]، 18 ئەرڤادی، چیماری و حەماتییەکانیشی بوو.

لەدوای ئەوە هۆزەکانی کەنعانییەکان بڵاو بوونەوە. 19 سنووری کەنعانییەکان لە سەیدائەوە بوو هەتا دەهاتە گرار هەتا غەزە، هەتا دەهاتە سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما و چەبۆئیم، هەتا لەشەع.

20 ئەمانەن نەوەی حام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و نەتەوەکانیان.

سامییەکان

21 سامیش کوڕی بوو، یافەت برای گەورەی بوو، سام باپیرە گەورەی هەموو کوڕانی عێبەر بوو.

22 کوڕەکانی سام:

ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام.

23 کوڕەکانی ئارام:

عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک.

24 ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو،

شالەحیش باوکی عێبەر بوو.

25 عێبەریش دوو کوڕی بوو،

یەکێکیان ناوی پەلەگ[e] بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو.

26 یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو:

ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت[f]، یارەح، 27 هەدۆرام، ئوزال، دیقلە، 28 عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا، 29 ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. هەموو ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون.

30 نشینگەکانیان لە مێشاوە هەتا دەگەیشتە سفاری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات.

31 ئەمانەن نەوەی سام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و بەپێی نەتەوەکانیان.

32 ئەمانەن هۆزەکانی نەوەی نوح بەپێی نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکانیان. لە ئەوانیشەوە نەتەوەکان بەسەر زەویدا بڵاو بوونەوە، لەدوای لافاوەکە.

قوللەی بابل

11 هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار[g] دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیڕیش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»

بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»

ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناونرا بابل[h]، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

لە سامەوە هەتا ئەبرام

10 ئەمانەش نەوەکانی سامن.

دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە، کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو، ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 11 دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

12 ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح. 13 دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

14 شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر. 15 دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

16 عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ. 17 لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

18 پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو. 19 دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

20 ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ. 21 دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

22 سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر. 23 دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

24 ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح. 25 دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

26 تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.

27 ئەمانەش نەوەکانی تارەحن.

تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش ڵوتی بوو. 28 هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو. 29 ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو. 30 سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو.

31 تارەح ئەبرامی کوڕی و ڵوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارای بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، هەموویانی برد. پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان و لەوێ نیشتەجێ بوون.

32 ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.

بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە

12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.

«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
    بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
    دەبیتە بەرەکەت.
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
    نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
    لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»

ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. ئەبرام سارای ژنی و ڵوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی، ئیتر ڕۆیشتن و چوونە خاکی کەنعان. گەیشتنە خاکی کەنعان.

ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون. یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.

لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە، عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب[i] بەردەوام بوو لە کۆچکردن.

ئەبرام لە میسر

10 لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو لەوێ بۆ ماوەیەک ئاوارە بێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر گەورە بوو. 11 کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارای ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت. 12 کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە. 13 بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»

14 کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە. 15 کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون. 16 ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر.

17 بەڵام یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد. 18 ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟ 19 بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ هەتا بردم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!» 20 ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.

مەتا 4

تاقیکردنەوەی عیسا

پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو. تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[a]، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»

بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.][b]»

ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی[c] پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:

«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][d]»

عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][e]»

دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»

10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][f]»

11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.

مژدەبەخشین لە جەلیل

12 کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، خۆی گەیاندەوە جەلیل. 13 ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی[g]، 14 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:

15 [خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،
    ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،
    جەلیلی نەتەوەکان[h]،
16 ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،
    ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
    ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.][i]

17 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە جاڕدان کرد و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»

عیسا قوتابییەکانی هەڵدەبژێرێت

18 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترێ پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 19 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[j] 20 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.

21 کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاکدەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. 22 دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.

عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە

23 ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکان[k] خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی[l] پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی نێو خەڵک هەبوو، چاکی دەکردنەوە. 24 لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاکیکردنەوە. 25 جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە[m] و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ئوردون دوای کەوتن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.