Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
هۆشەع 12-14

12 ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،
    دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،
    هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.
لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و
    زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،
    سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،
    کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و
    بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،
    گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.
لە بێت‌ئێل تووشی بوو،
    لەوێ قسەی لەگەڵی کرد[a].
یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،
    ناوبانگی یەزدانە!
تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و
    هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.

بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،
    حەز دەکات ستەم بکات.
ئەفرایم گوتی:
    «من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،
لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە
    کە گوناه بێت.»

«من یەزدانی خودای ئێوەم،
    ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،
دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،
    وەک ڕۆژانی جەژن.
10 قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و
    بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،
    هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»

11 ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟
    بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!
لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،
    بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن
    لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
12 یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام[b] هەڵات و
    ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،
    لە پێناوی ژنێکدا شوانەتی کرد.
13 یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و
    لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
14 بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،
    پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و
    سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل

13 کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو،
    ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو،
    بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن،
    لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن،
بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان،
    هەمووی دەستکردی وەستایە.
دەربارەیان دەڵێن:
    «ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی،
    بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و
    وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات،
وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە،
    وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە[c].

«بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم،
    ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت.
جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت،
    جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد،
    لە زەوی تینووێتی.
کاتێک لە لەوەڕ تێربوون،
    کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو،
    لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
جا وەک شێر دەبم بۆیان،
    وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و
    پەردەی دڵیان دەدڕێنم.
وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم،
    ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.

«ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت،
    چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
10 ئێستا کوا پاشاکەت؟
    تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات،
کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت:
    ”پاشا و میرم بدەرێ“؟
11 لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و
    لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
12 تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون،
    گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
13 ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت،
    بەڵام منداڵێکی نەفامە،
چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و
    لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.

14 «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم،
    لە مردن دەیانکڕمەوە.
ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟
    ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟

«میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
15     هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو.
بایەکی ڕۆژهەڵات دێت،
    بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات،
ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و
    سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت.
گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی
    تاڵان دەکرێت.
16 خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن،
    چونکە لە خودای خۆی یاخی بوون،
بە شمشێر دەکوژرێن و
    منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن،
    سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»

تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت

14 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
    چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
    بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
    «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
    بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.[d]
ئاشور ڕزگارمان ناکات.
    سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
    ”خوداوەندەکانمان،“
    چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»

«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
    بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
    چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
    ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
    وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
    چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
    وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
    وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
    ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
    من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
    بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»

کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
    کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
    ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
    بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.

ئاشکراکردن 4

بینینی تەختی پاشایانەی خودا

پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم[a]، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ.

لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو، تەنانەت لەژێر باڵەکانی، شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:

«پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە،
خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»

هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاس دەکەن بۆ ئەوەی دانیشتووی سەر تەختەکەیە، ئەوەی هەتاهەتایە زیندووە، 10 بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:

11 «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت،
    چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە،
    بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.