Old/New Testament
گۆرانییەک بۆ ستایش
26 لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری.
2 دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
3 تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
4 هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
5 ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،
شاری بەرزیش نەوی دەکات،
دەیدات بە زەویدا،
تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
6 پێی هەژار،
هەنگاوی نەدار،
پێشێلی دەکات.
7 ڕێڕەوی کەسی ڕاستودروست ڕێکە،
ئەی ڕاست، ڕێگای ڕاستودروست خۆش دەکەیت.
8 ئەی یەزدان، لە ڕێی حوکمەکانت
چاوەڕێی تۆ دەکەین،
بۆ ناوەکەت و بۆ یادکردنەوەتە
ئارەزووی گیان.
9 گیانەکەم بە شەو ئارەزووت دەکەم،
هەروەها لە بەیانیدا ڕۆحم لە ناخمدا پەرۆشە بۆت،
چونکە کاتێک حوکمەکانت لە زەوین،
دانیشتووانی جیهان فێری ڕاستودروستی دەبن.
10 بەدکار بەر میهرەبانی بکەوێت،
فێری ڕاستودروستی نابێت،
لە خاکی ڕاستییەکاندا ناڕەوایی دەکات،
شکۆی یەزدان نابینێت.
11 ئەی یەزدان بەرزی دەستت نابینن،
با دڵگەرمیت بۆ گەلەکەت ببینن و
شەرمەزار بن،
با ئەو ئاگرەی کە ئامادەت کردووە دوژمنەکانت بخوات.
12 ئەی یەزدان ئاشتیمان دەدەیتێ،
چونکە لە ڕاستیدا هەموو کارەکانمان تۆ کردووتە.
13 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
گەورەکانی دیکە، جیا لە تۆ بوون بە گەورەمان،
بەڵام تەنها تۆ، یادی ناوی تۆ دەکەین.
14 مردوون، زیندوو نابنەوە!
تارمایین، هەڵناستنەوە،
لەبەر ئەوە سزات دان و تێکت شکاندن،
هەموو یادگاریێکی ئەوانت لەناوبرد.
15 بۆ نەتەوەت زیاد کرد ئەی یەزدان،
بۆ نەتەوەت زیاد کرد و
شکۆمەند بوویت،
هەموو سنوورەکانی خاکەکەت فراوان کرد.
16 ئەی یەزدان، لە تەنگانەدا هانایان بۆ هێنایت،
کاتێک تەمبێت کردن،
بە چرپەوە نوێژیان هەڵڕشت.
17 وەک ژنی سکپڕ کە لە منداڵبوون نزیک دەبێتەوە
لە ژاندا دەتلێتەوە و دەقیژێنێت،
ئاوامان لێ هات لەبەردەمت، ئەی یەزدان.
18 سکپڕ بووین تلاینەوە
وەک ئەوەی بامان بووبێت.
لە زەویدا ڕزگاریمان بەرپا نەکرد و
کەسێکی جیهانمان لێ نەبوو.
19 مردووەکانت زیندوو دەبنەوە،
لاشەکان هەڵدەستنەوە.
هەستن و گۆرانی بڵێن
ئەی دانیشتووانی خۆڵ،
چونکە شەونمت شەونمی بەیانییە،
زەوی تارماییەکانی لێ لەدایک دەبێت.
20 گەلەکەم بڕۆ، بڕۆ ناو ژوورەکانت و
دەرگاکەت لەدوای خۆت کلیل بدە،
بۆ ساتێک خۆت بشارەوە
هەتا تووڕەیی تێدەپەڕێت.
21 چونکە ئەوەتا یەزدان لە شوێنی خۆیەوە دێتە دەرەوە
هەتا سزای تاوانی دانیشتووانی زەوی بدات لەسەری.
زەوی خوێنەکانی ناو خۆی دەردەخات،
لەمەودوا کوژراوەکانی ناشارێتەوە.
ڕزگاریی ئیسرائیل
27 لەو ڕۆژەدا،
یەزدان بە شمشێرە
ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی،
سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە،
لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە،
ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
2 لەو ڕۆژەدا
«گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
3 من یەزدانم، چاودێری ئەوم،
هەموو ساتێک ئاوی دەدەم.
نەوەک بەسەریدا بدرێت
بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم.
4 هەڵچوونم نییە.
کێ دەتوانێ لە جەنگدا دڕکوداڵ بخاتە بەرپێم؟
من پێشێلی دەکەم و دەیسووتێنم،
پێکەوە گڕیان تێ بەردەدەم.
5 بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من
لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت،
ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
6 لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت،
ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات،
ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
7 ئایا یەزدان لێیدان
بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟
یان ئەوەندەی لێ کوشتن
وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
8 بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد،
ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی
لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
9 لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت،
ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی
بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە
وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات،
نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر
بە پێوە نەمێنێت.
10 چونکە شاری قەڵابەند تەنهایە،
ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی،
لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و
لەوێ پاڵ دەداتەوە و
لقەکانی تێکدەدات.
11 کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و
ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن،
چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە،
لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و
شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.
12 لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە ئەی نەوەی ئیسرائیل. 13 لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.
خۆنزمکردنەوەی عیسا
2 ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن، 2 ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن. 3 هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن. 4 هەریەکە تەماشای بەرژەوەندی خۆی نەکات، بەڵکو تەماشای بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بکەن.
5 وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:
6 ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە،
نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،
7 بەڵکو خۆی کردە هیچ[a]،
شێوەی بەندەی وەرگرت،
وەک مرۆڤی لێهات،
8 کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا،
خۆی نزم کردەوە و
تاکو مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ[b].
9 لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و
ئەو ناوەی[c] دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،
10 تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدەن،
لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،
11 هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە،
بۆ شکۆی خودای باوک.
ڕۆڵەکانی خودا بێ گلەیین
12 بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان، 13 چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.
14 هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن، 15 تاکو بێ گلەیی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە، 16 کاتێک دەست بە وشەی ژیانەوە بگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە غارم نەداوە و ڕەنجم نەکێشاوە. 17 بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم،[d] ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان. 18 جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
تیمۆساوس و ئەپەفرۆدیتۆس
19 هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، 20 چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، 21 لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. 22 بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. 23 بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. 24 متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
25 بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. 26 ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە نەخۆشی ئەوتان بیستووە. 27 بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. 28 بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. 29 کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، 30 چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.