Old/New Testament
بانگەوازی دانایی
8 ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟
ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
2 لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،
لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
3 لەلای دەروازەی شارەکان،
لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
4 «ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،
دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
5 ساویلکەکان، فێری ژیری بن،
گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
6 گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،
کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
7 چونکە ڕاستگۆیی وێردی دەممە،
خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
8 قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،
هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
9 هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،
ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
10 تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،
زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو.
11 چونکە دانایی لە یاقووت[a] باشترە،
هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.»
12 «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،
زانیاری و سەلیقەم هەیە.
13 ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،
من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،
لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
14 ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،
من تێگەیشتنم، هێز هی منە.
15 بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و
فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
16 بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،
بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
17 من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،
ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
18 دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،
ڕاستودروستی[b] و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
19 بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،
دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
20 بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،
لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
21 هەتا سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و
ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.»
22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،
هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،
لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،
هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،
پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،
نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،
کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و
سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا
بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،
کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،
ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،
هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،
لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
32 «ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.
33 گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن،
پشت گوێی مەخەن.
34 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت،
ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە،
لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت.
35 چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە،
ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
36 بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت،
هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»
9 دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە،
حەوت[c] کۆڵەکەکەی داتاشیوە.
2 سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە،
هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.
3 کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات،
لەسەر بەرزاییەکانی شار:
4 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
5 «وەرن، لە نانی من بخۆن و
لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.
6 واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین،
بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»
7 ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت،
ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.
8 سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە،
سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.
9 ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت،
کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.
10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە.
11 چونکە بە من ڕۆژگارت زیاد دەکات،
ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.
12 ئەگەر دانا بیت، بۆ خۆت دانایت،
ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.
13 گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە،
ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.
14 لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت،
لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،
15 بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان،
ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:
16 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
17 «ئاوی دزراو شیرینە،
نانی بە دزی بەتامە.»
18 بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن،
میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.
خزمەتکاری پەیمانی نوێ
3 ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟ 2 ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن. 3 ئێوە دەرکەوتن نامەی مەسیحن، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختەی بەردین، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.
4 بەهۆی مەسیح متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە. 5 ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە. 6 ئەوەی لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، ئەوەی پیت نییە بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە، چونکە پیت[a] دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
7 ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە، 8 ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟ 9 چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟ 10 شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە، 11 چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!
12 لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە، 13 نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو[b] نەکەن. 14 بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە تاکو ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت. 15 بەڵام تاکو ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە. 16 بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت، 17 چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە. 18 هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەدانەوەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.