Old/New Testament
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.
77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
2 لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.
3 بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[a]
4 پێڵووی چاوەکانمت گرت،
شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
5 بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
ساڵانی ڕابردوو.
6 شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:
7 «ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
8 ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
9 ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»
10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.
13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
نەوەی یاقوب و یوسف.
16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
شوێن پێیەکانت نەزانران.
20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.
هۆنراوەیەکی ئاساف.
78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
2 بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
3 ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
4 ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.
5 لەناو بنەماڵەی یاقوب شەریعەتی[b] دامەزراند،
لەناو ئیسرائیل تەورات،
کە باوباپیرانی ئێمەی ڕاسپارد
کە فێری منداڵانی خۆیانی بکەن،
6 بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بیانزانێت،
ئەو منداڵانەی لەدایک دەبن،
ئەوانیش هەستن و بۆ منداڵانی خۆیانی باس بکەن.
7 ئینجا هیوایان بە خودا دەبێت،
کردارەکانی خودایان لە یاد ناچێ،
بەڵکو ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنن.
8 بۆ ئەوەی وەک باوباپیرانیان نەبن،
نەوەیەکی یاخی و کەللەڕەق،
نەوەیەک جگەرسۆز نەبوو بۆ خودا،
ڕۆحیشیان دڵسۆزی ئەو نەبوو.
9 ئەفرایمییەکان کە چەکیان تیروکەوان بوو،
لە ڕۆژی جەنگدا گەڕانەوە.
10 پەیمانی خودایان شکاند،
بەپێی فێرکردنی نەجوڵانەوە.
11 کردارەکانی خودایان لەبیر کرد،
ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە پیشانی دابوون.
12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد،
لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن[c].
13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە،
وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن،
بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان،
ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند،
وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.
17 بەڵام بەردەوام بوون لە گوناهکردن لە دژی،
لە یاخیبوون لە دژی هەرەبەرز لە بیابان.
18 لە دڵی خۆیاندا خودایان تاقی کردەوە
بە داواکردنی ئەو خواردنەی دڵیان پێوەی بوو.
19 لە دژی خودا دوان، گوتیان:
«ئایا خودا دەتوانێت لە چۆڵەوانی مێزێک بڕازێنێتەوە؟
20 ئەوەتا لە تاشەبەردەکەی دا و ئاوی لێ هێنا،
جۆگەکان ئاویان لێ ڕژا!
ئایا دەتوانێت نانیش بدات و
گۆشت بۆ گەلەکەی دابین بکات؟»
21 کە یەزدان ئەمەی بیست زۆر تووڕە بوو،
ئاگری داگیرسا لە دژی یاقوب،
هەروەها تووڕەیی هەستا لە ئیسرائیل،
22 چونکە بڕوایان بە خودا نەهێنا و
پشتیان بە ڕزگاریی ئەو نەبەست.
23 جا فەرمانی دا بە هەورەکان لە بەرزایی،
دەرگای ئاسمانی کردەوە،
24 مەنی بەسەریاندا باراند بۆ خواردن و
دانەوێڵەی ئاسمانی پێدان.
25 مرۆڤ نانی فریشتەکانیان خوارد،
ئازووقەی بۆ ناردن هەتا تێربوون.
26 لە ئاسمانەوە بای ڕۆژهەڵاتی هەڵکرد،
بە هێزیشی بای باشووری بەرەو پێش برد.
27 وەک خۆڵ گۆشتی بەسەریاندا باراند،
وەک لمی دەریاکان پەلەوەڕی باڵدار.
28 باراندییە ناو ئۆردوگاکەیان،
لە دەوروبەری چادرەکانیان.
29 خواردیان و زۆر تیر بوون،
ئەوەی دڵیان پێوەی بوو بۆی هێنان.
30 بەڵام بەر لەوەی ئەوەی حەزیان لێی بوو بەجێی بهێڵن،
هێشتا خواردنەکەیان لەناو دەم بوو،
31 تووڕەیی خودا لێیان هەستا،
هەرە بەهێزەکانی کوشتن و
باشترین گەنجەکانی ئیسرائیلی خست.
32 لەگەڵ ئەمەشدا گوناهیان کردەوە،
بڕوایان بە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی نەکرد.
33 بە فووێک ڕۆژگاری لەناوبردن،
بە تۆقاندن ساڵانیان.
34 ئەگەر بیانکوژێت بەدوای دەکەون،
بە پەرۆشەوە دەگەڕێنەوە لای.
35 بەبیریان دێتەوە کە خودا تاشەبەردیانە،
خودای هەرەبەرزیشە کە دەیانکڕێتەوە[d].
36 بەڵام بە دەم فێڵ دەکەن،
بە زمان درۆی لەگەڵ دەکەن.
37 دڵیان لەلای ناچەسپێت،
دڵسۆز نین لەگەڵ پەیمانەکەی.
38 ئەویش بەزەییدارە و
لە گوناه خۆشدەبێت و نافەوتێنێت.
زۆر جار تووڕەیی خۆی دەگێڕێتەوە،
هەموو هەڵچوونی خۆی دەرنابڕێت.
39 بەبیری دێتەوە ئەمانە مرۆڤن،
بایەکن هەڵدەکەن و ناگەڕێنەوە.
40 چەند جار لە چۆڵەوانی لێی یاخیبوون،
لە بیابان دڵتەنگیان کرد.
41 جار لەدوای جار خودایان تاقی کردەوە،
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان ئەزیەت دا.
42 دەستی ئەویان لەبیرچوو،
ئەو ڕۆژەی ئەوانی لە دوژمن کڕییەوە.
43 ئەو ڕۆژەی لە میسر نیشانەی پیشاندا،
لە وڵاتی چۆعەن پەرجووی کرد.
44 ڕووبار و جۆگەکانیانی گۆڕی بۆ خوێن،
بۆ ئەوەی نەخۆنەوە.
45 مێشومەگەزی نارد پێوەیان دان،
بۆقی نارد بۆگەنیان کردن.
46 بەروبوومی ئەوانی دا بە سن،
بەری ماندووبوونیان بە کوللە.
47 بە تەرزە ڕەزەمێوەکانی کوتان و
بە زوقم دار هەنجیرەکانی وشککردن.
48 گاوگۆتاڵی ئەوانی خستنە بەر تەرزە و
ئاژەڵی ماڵی دانە بەر بروسکە.
49 گڕی هەڵچوونی خۆی ڕژاندە سەریان، تووڕەیی و تۆڵە و بەڵا،
بە فریشتەی لەناوبەر ناردی.
50 ڕێگای بۆ تووڕەیی خۆی خۆشکرد،
مردنی لێ نەگێڕانەوە،
ژیانیانی تووشی دەرد کرد.
51 لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا،
یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام[e].
52 ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا،
وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن.
53 بەبێ ترس بەرەو ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن،
بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین.
54 بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز،
ئەو چیایەی بە دەستی ڕاستەی بەدەستیهێنا.
55 نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن،
میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن،
هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد.
56 بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون،
یاساکەیان شکاند.
57 هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد،
وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک.
58 بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد،
بە بتەکانیان ئیرەیی[f] ئەویان جۆشاند.
59 خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو،
بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە.
60 چادری پەرستنی شیلۆی[g] بەجێهێشت،
ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو.
61 سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست،
هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی.
62 گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر،
لە میراتەکەی تووڕە بوو.
63 گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین،
کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا.
64 کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن،
بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا.
65 ئەوسا پەروەردگار وەک خەوتووێک هەستا،
وەک پاڵەوانێک لە سەرخۆشی بەهۆش بێتەوە.
66 لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە،
کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی.
67 خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە،
هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد،
68 بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد،
کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت.
69 وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا،
وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی.
70 داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و
لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا.
71 لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای،
بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی،
ئیسرائیلی میراتگری خۆی.
72 ئەویش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن،
بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.
10 ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە. 2 شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە. 3 لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان[a] لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون. 4 بەڵام مەسیح دەرئەنجامی تەوراتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.
ڕزگاری بۆ هەمووان
5 موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی تەوراتە دەنووسێت: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][b] 6 بەڵام ئەم ڕاستودروستییەی بە باوەڕە ئاوا دەفەرموێ: [لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»][c] (واتە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،) 7 [یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»][d] (واتە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.) 8 بەڵام چی دەفەرموێ؟ [پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،][e] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: 9 ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. 10 لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. 11 هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.][f] 12 جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، 13 چونکە [هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.][g]
14 ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟ 15 هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: [چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!][h]
16 بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: [ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟][i] 17 کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە. 18 بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بەڵێ!
[پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.][j]
19 بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:
[من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.][k]
20 بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:
[دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،
دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.][l]
21 بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:
[بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.][m]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.