Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
سەرژمێری 29-31

ڕۆژی دەنگی کەڕەنا

29 «”لە یەکی مانگی حەوت، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن، بۆتان دەبێتە ڕۆژی دەنگی کەڕەنا. قوربانی سووتاندنێک دەکەن بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک[a] بۆ جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ بەرانەکە و دەیەکێک[b] بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن بۆتان، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی سەرەمانگان و ڕۆژانە، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان وەک نەریتەکەیان، قوربانی بە ئاگرن بۆ یەزدان، ئەو بۆنەیە کە یەزدان پێی خۆشە.

ڕۆژی کەفارەت

«”لە ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتەدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن و گیانی خۆتان زەلیل[c] دەکەن، هیچ کارێک ناکەن. قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، ئەو بۆنەی پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ بن، لەلایەن ئێوەوە دەبێت. پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا و دوو دەیەک بۆ بەران و 10 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. 11 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن و قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.

جەژنی کەپرەشینە

12 «”لە ڕۆژی پازدەی مانگی حەوتیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن و حەوت ڕۆژ بۆ یەزدان دەیکەن بە جەژن. 13 قوربانی سووتاندنیش پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سێزدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە دەبێت. 14 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەریەک لە سێزدە گایەکە و دوو دەیەک بۆ هەریەک لە دوو بەرانەکە. 15 دەیەکێک بۆ هەریەک لە چواردە بەرخەکە. 16 هەروەها گیسکێکی نێر بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

17 «”لە ڕۆژی دووەم دوازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 18 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 19 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.

20 «”لە ڕۆژی سێیەم یازدە گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 21 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 22 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

23 «”لە ڕۆژی چوارەم دە گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 24 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 25 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

26 «”لە ڕۆژی پێنجەم نۆ گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 27 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان هەروەک نەریتەکەیان. 28 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

29 «”لە ڕۆژی شەشەم هەشت گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 30 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 31 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

32 «”لە ڕۆژی حەوتەم حەوت گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 33 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 34 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

35 «”لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن. 36 قوربانی سووتاندن پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک گا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، 37 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ گا و بەران و بەرخەکان بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان، 38 هەروەها یەک گیسکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

39 «”لە جەژنەکانتان، سەرەڕای نەزر و بەخشینە ئازادەکانتان، ئەمانە بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن: قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو و قوربانی هاوبەشی.“»

40 موسا بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.

نەزرکردن

30 هەروەها موسا بە سەرۆک هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێی کردووە، ئەگەر پیاوێک نەزرێکی بۆ یەزدان کرد یان سوێندی خوارد بۆ پابەندبوون بە شتێک، با قسەی خۆی نەشکێنێت و بەگوێرەی هەموو ئەوەی گوتوویەتی ئاوا بکات.

«بەڵام ئافرەت ئەگەر نەزرێکی بۆ یەزدان کرد و بە شتێک خۆی پابەند کرد، لە ماڵی باوکی، لە کاتی کچێنی و باوکی گوێی لە نەزرەکەی و ئەو شتە بوو کە خۆی پێ پابەند کردووە، ئەگەر خۆی لێ بێدەنگ کرد، ئەوا هەموو نەزرەکانی و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. بەڵام ئەگەر باوکی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا هەموو نەزر و ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە ناچەسپێت، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت، چونکە باوکی نەیهێشتووە.

«ئەگەر مێردی هەبوو و نەزری کرد یان بە دەمی خۆی ئەو شتەی گوت کە خۆی پێ پابەند دەکات و مێردەکەی بیستی و لە ڕۆژی بیستنەکەی بێدەنگ بوو، ئەوا نەزرەکانی دەچەسپێت و ئەو شتانەش کە خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا نەزرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەو شتەی بە دەمی خۆی گوتی کە خۆی پێ پابەند دەکات، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.

«بەڵام نەزری بێوەژن یان تەڵاقدراو، ئەوا هەموو ئەوەی خۆی پێ پابەند دەکات لەسەری دەچەسپێت.

10 «بەڵام ئەگەر ژنێک لە ماڵی مێردی نەزری کرد و خۆی بە سوێند بە شتێکەوە پابەند کرد، 11 مێردەکەی بیستی و بێدەنگ بوو، ڕێی لێ نەگرت، ئەوا هەموو نەزرەکانی دەچەسپێن و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. 12 بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا هەرچی گوتوویەتی لە نەزر و پابەندبوونەکانی ناچەسپێن، چونکە مێردەکەی بەتاڵی کردووەتەوە، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت. 13 هەموو نەزرێک و هەموو سوێندێکی پابەندبوون بۆ زەلیلکردنی گیان، مێردەکەی دەیچەسپێنێت و مێردەکەی بەتاڵی دەکاتەوە. 14 ئەگەر مێردەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی بێدەنگ بوو، ئەوا هەموو نەزرەکانی یان هەموو ئەو پابەندبوونانەی لەسەریەتی دەچەسپێن، چەسپاندوویەتی چونکە لەو ڕۆژەی بیستوویەتی لێی بێدەنگ بوو، 15 جا ئەگەر لەدوای بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.»

16 ئەمە ئەو فەرزانەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد لەنێوان مێرد و ژنەکەی و لەنێوان باوک و کچەکەی لە کاتی کچێنیدا لە ماڵی باوکی.

تۆڵە لە میدیانییەکان

31 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بە تەواوی تۆڵە بۆ نەوەی ئیسرائیل لە میدیانییەکان بکەرەوە، ئینجا دەچیتە پاڵ گەلەکەت.»

موساش بە گەلی گوت: «لەنێو خۆتان هەندێک پیاو چەکدار بکەن بۆ جەنگ، هەتا بچنە سەر میدیان و تۆڵەی یەزدان لە میدیان بکەنەوە، لە هەر هۆزێک هەزار کەس لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ جەنگ دەنێرن.» ئینجا لە خێڵەکانی ئیسرائیلدا لە هەر هۆزێک هەزار کەس هەڵبژێردرا، دوازدە هەزار کەس بۆ جەنگ چەکدار کران. ئینجا موسا ناردنی بۆ جەنگ، لە هەر هۆزێک هەزار، لەگەڵ فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین، قاپوقاچاغی پیرۆزگا و کەڕەناکانی هوتافیشی بەدەستەوە بوو.

ئەوان لە دژی میدیانییەکان جەنگان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، هەموو نێرینەیەکیان کوشت. پاشاکانی میدیانیشیان لەگەڵ کوژراوەکانیاندا کوشت، ئاڤی و ڕاقەم و چوور و حوور و ڕیڤەع، پێنج پاشای میدیان، بەلعامی کوڕی بەعۆریشیان بە شمشێر کوشت. هەروەها نەوەی ئیسرائیل ژن و منداڵی میدیانیان ڕاپێچ کرد و هەموو ئاژەڵ و مەڕ و مانگا و هەموو موڵکیانیان تاڵان کردن. 10 هەموو ئەو شارۆچکانەش کە میدیانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون و خێوەتگاکانیان سووتاند. 11 لە دەستکەوت و تاڵانییەکەش لە مرۆڤ و ئاژەڵ هەموویان برد. 12 ئینجا بە ڕاپێچکراوان و تاڵان و دەستکەوتەوە هاتنە لای موسا و ئەلعازاری کاهین، کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە ئۆردوگاکە لە دەشتی مۆئاب کە لەسەر ڕووباری ئوردون بوو بەرامبەر ئەریحا.

13 موسا و ئەلعازاری کاهین و هەموو ڕابەرانی کۆمەڵ بۆ پێشوازییان چوونە دەرەوەی ئۆردوگاکە. 14 بەڵام موسا لە سەرکردەکانی سوپا تووڕە بوو، کە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بوون و لە جەنگەوە هاتبوونەوە.

15 موسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئافرەتێکتان بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟ 16 ئەوانە بوون بە قسەی بەلعامیان کرد و بوونە هۆی ناپاکی نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزدان لە کێشەکەی پەعۆر، جا دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان بڵاو بووەوە. 17 ئێستاش هەموو منداڵە نێرینەکان بکوژن لەگەڵ هەر ژنێک کە لەگەڵ نێر جووت بووە، 18 بەڵام هەموو ئەو کچانەی لەگەڵ پیاو جووت نەبوون بۆ خۆتان بە زیندوویی بیانهێڵنەوە.

19 «ئێوەش حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە چادر هەڵبدەن و خۆتان پاک بکەنەوە، هەرکەسێک یەکێکی کوشتووە یان دەستی لە کوژراوێک داوە، با لە ڕۆژی سێیەم و حەوتەم خۆی پاک بکاتەوە، ئێوە و ڕاپێچکراوانتان. 20 هەروەها هەر بەرگێک یان شتێک لە پێست یان لە مووی بزن دروستکرابێت و هەر شتێک لە دار دروستکرابێت، پاکی دەکەنەوە.»

21 ئەلعازاری کاهینیش بە پیاوانی سوپاکەی گوت کە چووبوون بۆ جەنگ: «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، 22 زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و تەنەکە و قورقوشم، 23 هەموو ئەو شتانەی بەرگەی ئاگر دەگرێت، بەناو ئاگردا تێپەڕی دەکەن و پاشان بە ئاوی پاککردنەوە خاوێن دەبێتەوە. هەموو ئەو شتانەش کە بەرگەی ئاگر ناگرێت، ئەوا بەناو ئاودا تێپەڕی دەکەن. 24 لە ڕۆژی حەوتەمیش جلەکانتان دەشۆن و ئێوە پاک دەبنەوە، ئینجا دێنەوە ناو ئۆردوگاکە.»

دابەشکردنی تاڵان

25 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 26 «تۆ و ئەلعازاری کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی کۆمەڵ تاڵانە ڕاپێچکراوەکە لە خەڵک و لە ئاژەڵ بژمێرن. 27 تاڵانییەکە بە یەکسانی دابەش بکە لەنێوان ئەو سەربازانەی کە لە جەنگ بەشداریان کرد و هەروەها هەموو کۆمەڵ. 28 بەشی یەزدانیش دەربهێنە لە بەشی ئەوانەی بەشدارییان لە جەنگ کردووە، یەک لە پێنج سەدی خەڵک و گاوگۆتاڵ[d] و گوێدرێژ. 29 لە نیوەکەی ئەوان وەریدەگرن و دەیدەنە ئەلعازاری کاهین، بەخشینی بەرزکراوەیە بۆ یەزدان. 30 لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیلیش یەک لە پەنجا لە خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ و مەڕ یان لە هەر ئاژەڵێکی دیکە دەبەیت و دەیدەیتە لێڤییەکان کە بەرپرسیارن لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان.» 31 جا موسا و ئەلعازاری کاهین وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد.

32 کۆی تاڵانییەکەش کە دەستکەوتی پیاوانی سوپاکە بوو، شەش سەد و حەفتا و پێنج هەزار مەڕ و 33 حەفتا و دوو هەزار مانگا و 34 شەست و یەک هەزار گوێدرێژ بوون، 35 لە مرۆڤیش لەو ئافرەتانەی کە لەگەڵ پیاو جووت نەببوون سی و دوو هەزار کەس بوون.

36 جا نیوەکەی کە بەشی ئەوانە بوو بۆ جەنگ چووبوون:

سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، 37 بەشی یەزدانیش لە مەڕەکان شەش سەد و حەفتا و پێنج بوو،

38 مانگاکانیش سی و شەش هەزار بوو و بەشی یەزدانیش حەفتا و دوو بوو،

39 گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، بەشی یەزدانیش شەست و یەک بوو.

40 مرۆڤیش شازدە هەزار بوو، بەشی یەزدانیش سی و دوو بوو.

41 جا بەشەکە کە بەخشینی بەرزکراوە بوو بۆ یەزدان، موسا دایە ئەلعازاری کاهین، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

42 بەڵام نیوەکەی ئیسرائیل کە موسا لە پیاوانی سوپاکەی جیا کردبووەوە، 43 نیوەکەی کۆمەڵ سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، 44 مانگاش سی و شەش هەزار بوو، 45 گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، 46 لە مرۆڤیش شازدە هەزار بوو. 47 جا موسا لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیل یەک لە پەنجای خەڵک و ئاژەڵی برد و دایە لێڤییەکان کە بەرپرسیار بوون لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

48 ئینجا سەرکردەی یەکەکانی سوپاکە هاتنە پێش بۆ لای موسا، فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، 49 بە موسایان گوت: «ئێمەی خزمەتکارانت ژمارەی ئەو پیاوانەی جەنگمان وەرگرت کە لەژێر فەرمانمان بوون و کەسمان لەدەست نەداوە، 50 ئەوەتا قوربانی یەزدانمان پێشکەش کرد، هەریەکە هەرچی کەلوپەلی زێڕی دەست کەوتووە لە خڕخاڵ و بازن و ئەنگوستیلە و گوارە و ملوانکە، بۆ کەفارەتکردن بۆمان لەبەردەم یەزدان.»

51 جا موسا و ئەلعازاری کاهین هەموو کەلوپەلێکی لە زێڕ دروستکراویان لێ وەرگرتن. 52 هەموو زێڕەکەی بەخشینی بەرزکراوە کە لەلایەن فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بۆ یەزدان بەرز کرایەوە، شازدە هەزار و حەوت سەد و پەنجا شاقل بوو. 53 بەڵام پیاوانی سوپاکە ئەوەی دەستیان کەوتبوو بۆ خۆیان بوو. 54 جا موسا و ئەلعازاری کاهین زێڕەکەیان لە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان وەرگرت و هێنایانە ناو چادری چاوپێکەوتنەوە، وەک یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان.

مەرقۆس 9:1-29

شێوە گۆڕانی عیسا

ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێتەوە.»

دوای شەش ڕۆژ، عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، بە تەنها بردنییە سەر چیایەکی بەرز، لەپێشیان شێوەی گۆڕا. جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.

پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. هەورێکیش هات و سێبەری بەسەریاندا کرد، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»

کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.

کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»

11 پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»

12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ 13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»

دەرکردنی ڕۆحی پیس

14 کاتێک گەیشتنە لای قوتابییەکان، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. 15 کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد و سڵاویان لێکرد.

16 عیسا لێی پرسین: «لەبارەی چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟»

17 یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. 18 لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»

19 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.»

20 ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات.

21 عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟»

گوتی: «لە منداڵییەوە. 22 زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر و ناو ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.»

23 عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.»

24 یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»

25 عیسا کە بینی خەڵکەکە ڕاکەڕاکەیانە، لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی: «ئەی ڕۆحی کەڕولاڵ، فەرمانت پێ دەکەم، لێی وەرە دەرەوە و نەچیتەوە ناوی!»

26 ئینجا ڕۆحە پیسەکە هاواری کرد و بە توندی فێی لێهێنا و لێی هاتە دەرەوە. کوڕەکە وەک مردووی لێ هات، تەنانەت زۆر کەس گوتیان: «مرد.» 27 بەڵام عیسا دەستی گرت و هەڵیستاندەوە، ئەویش ڕاوەستا.

28 عیسا چووەوە ماڵ، قوتابییەکانی بە تەنها لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»

29 پێی فەرموون: «ئەم جۆرە بە نوێژ نەبێت دەرناکرێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.