Read the New Testament in 24 Weeks
سنووری سەربەستی
9 ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای گەورەمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە بەهۆی یەزدانەوە ئەنجامی کاری من نین؟ 2 ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح بەڵگەیە کە من نێردراوم.
3 بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم: 4 ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ 5 ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس[a]؟ 6 یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟
7 کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟ 8 ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟ 9 چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.][b] ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟ 10 بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت. 11 ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟ 12 ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان[c] لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟
بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ دابنێین بۆ مزگێنی مەسیح. 13 ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟ 14 بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە.
15 بەڵام شتێکم لەمە بەکارنەهێناوە. منیش ئەوانە نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە. 16 ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم! 17 چونکە ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ. 18 ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم.
19 هەرچەندە سەبارەت بە هەمووان سەربەستم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زیاتریان لێ بەدەستبهێنم. 20 بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە ببەمەوە. بۆ ئەوانەی لەژێر شەریعەتن[d] وەک لەژێر شەریعەت، کە خۆم لەژێر شەریعەت نیم، تاکو ئەوانەی لەژێر شەریعەتن بیانبەمەوە. 21 بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، وەک بێ شەریعەت بم، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانەی بێ شەریعەتن بیانبەمەوە. 22 بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان ببەمەوە. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک هەندێک ڕزگار بکەم. 23 هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار[e] بم.
24 ئایا نازانن هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپان ڕادەکەن، هەموو ڕادەکەن، بەڵام تەنها یەکێک خەڵات دەکرێت؟ کەواتە ڕابکەن تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. 25 هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە. 26 کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم. 27 بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.
ئاگادارکردنەوەیەک
10 خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی[f]. 2 جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران[g]، 3 هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد. 4 هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو[h]، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو. 5 بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە.
6 ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد. 7 بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: [گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.][i] 8 با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت. 9 نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن[j]. 10 بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر[k] کوشتیان.
11 جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین. 12 کەواتە ئەوەی وادەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت. 13 هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.
لە بتپەرستی ڕابکەن
14 بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن. 15 وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم: 16 ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟ 17 لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین.
18 سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟ 19 جا چی دەڵێم؟ ئایا ئەوەی بۆ بت سەربڕدراوە شتێکە، یان بتەکە شتێکە؟ 20 نەخێر بەڵکو ئەوەی سەری دەبڕن، بۆ ڕۆحە پیسەکان سەری دەبڕن نەک بۆ خودا. جا نامەوێت لەگەڵ ڕۆحە پیسەکان هاوبەش بن. 21 ناتوانن جامی مەسیحی خاوەن شکۆ و جامی ڕۆحە پیسەکان بخۆنەوە. ناتوانن بەشداری خوانی خاوەن شکۆ و خوانی ڕۆحە پیسەکان بکەن. 22 یاخود ئیرەیی[l] خاوەن شکۆ هەڵدەستێنین؟ ئایا ئێمە لەو بەهێزترین؟
هەموو شتێک بۆ شکۆی خودایە
23 «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هەموو شتێک بنیادنەر نییە. 24 کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خەڵک هەوڵ بدەن. 25 ئەو گۆشتەی لە بازاڕ دەفرۆشرێت بیخۆن، ئەوەندە لێی مەکۆڵنەوە، بەبێ لێپرسینەوەی ویژدان، 26 چونکە [زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە.][m]
27 ئەگەر بێباوەڕێک داوەتتان بکات و ئێوەش ویستتان بچن، جا هەرچییەکتان لەپێش دانرا بیخۆن، بێ لێکۆڵینەوە، لەبەر ویژدان. 28 بەڵام ئەگەر یەکێک پێی گوتن: «ئەمە کراوەتە قوربانی بت» مەیخۆن، لەبەر ئەوەی پێی گوتن و لەبەر ویژدان، 29 دەڵێم ویژدان، هی تۆ نا، بەڵکو هی ئەوی دیکە. جا بۆچی سەربەستیم لەلایەن ویژدانێکی دیکەوە حوکم بدرێت؟ 30 ئەگەر بە سوپاسکردنەوە بەشداری بکەم، ئیتر بۆچی تاوانبار دەکرێم لەسەر ئەوەی سوپاسی خودای لەسەر دەکەم؟
31 بۆیە ئەگەر خواردتان یان خواردتانەوە یان هەر شتێکتان کرد، هەموو شتێک بۆ شکۆی خودا بکەن. 32 بۆ جولەکە و ناجولەکە و کڵێسای خودا مەبنە کۆسپ. 33 هەروەک منیش لە هەموو شتێک هەمووان ڕازی دەکەم، بەدوای بەرژەوەندی خۆمدا ناگەڕێم، بەڵکو هی زۆران، تاکو ڕزگاریان ببێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.