M’Cheyne Bible Reading Plan
سەرزەنشتی داود لەلایەن ناتانەوە
12 یەزدان ناتانی نارد بۆ لای داود، ئەویش هاتە لای و پێی گوت: «دوو پیاو لە شارێکدا هەبوون، یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان هەژار. 2 پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕ و مانگایەکی زۆری هەبوو. 3 بەڵام هەژارەکە هیچی نەبوو، جگە لە بەرخێکی مێی بچووک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو. لەگەڵ خۆی و هەموو منداڵەکانیدا گەورە ببوو. بەرخەکە لە پارووەکەی ئەو دەیخوارد و لە جامەکەی ئەو دەیخواردەوە، لە باوەشیدا دەنوست و وەک کچی ئەوی لێهاتبوو.
4 «ئەوە بوو ڕێبوارێک بووە میوانی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بەڵام دەوڵەمەندەکە ڕازی نەبوو مەڕێک یان مانگایەکی خۆی بکاتە ژەمێک بۆ میوانەکە کە ڕووی تێکردبوو. لە جیاتی ئەوە کاوڕەمێیەکەی هەژارەکەی برد و ئامادەی کرد بۆ ئەو پیاوەی کە ڕووی تێکردبوو.»
5 داود زۆر لەو پیاوە تووڕە بوو، بە ناتانی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، ئەو پیاوەی ئەمەی کردووە شایانی سزای مردنە! 6 لە جیاتی کاوڕەمێیەکەش چوار قات دەداتەوە، لە دەرئەنجامی ئەوەی ئەم کارەی کردووە، لەبەر ئەوەی بەزەیی نەبووە.»
7 ناتانیش بە داودی گوت: «ئەو پیاوە تۆیت! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من دەستنیشانم کردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل، من لە دەستی شاول دەربازم کردیت. 8 ماڵی گەورەکەتم پێدایت و ژنەکانی ئەوم خستە باوەشتەوە، بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودام پێدایت. ئەگەر ئەوەش کەم بووایە ئەوا زیاتریشم بۆ دەکردیت. 9 ئیتر بۆچی فەرمایشتی یەزدانت بە سووک زانی، هەتا ئەم خراپەیە لەبەرچاوی یەزدان بکەیت؟ ئوریای حیتیت بە شمشێر کوشت و ژنەکەی ئەوت کردە ژنی خۆت، بە شمشێری عەمۆنییەکان کوشتت. 10 ئێستاش، بۆ هەتاهەتایە شمشێر لەسەر بنەماڵەکەت نابڕێتەوە، چونکە سووکایەتیت بە من کرد، ژنەکەی ئوریای حیتیت برد و کردتە ژنی خۆت.“
11 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من لەناو ماڵەکەی خۆتدا خراپەت بەسەردا دەهێنم، لەبەرچاوت ژنەکانت دەبەم و دەیاندەمە ئەو کەسەی کە لێت نزیکە، لە ڕووناکی ئەم خۆرە لەگەڵ ژنەکانت جووت دەبێت. 12 تۆ بە نهێنی ئەو کارەت کرد، بەڵام من لەبەردەم هەموو ئیسرائیل و لەژێر ڕووناکی خۆر ئەم کارەت پێدەکەم.“»
13 داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.»
ناتان وەڵامی دایەوە: «هەروەها یەزدانیش لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت. 14 بەڵام لەبەر ئەوەی بەم کارەت بوویتە هۆی ئەوەی دوژمنانی یەزدان تەواو سووکایەتی بە یەزدان بکەن، ئەوا ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت دەمرێت.»
15 هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت. 16 داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە. 17 پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد.
18 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.»
19 کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»
20 ئینجا داود لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، خۆی شوشت و بۆنی لە خۆی دا، جلەکانی گۆڕی، چووە ناو ماڵی یەزدان و کڕنۆشی برد. پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای کرد نانی بۆ دابنێن و خواردی.
21 خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو، بەڕۆژوو دەبوویت و دەگریایت، بەڵام کاتێک کە مرد هەستایت و نانت خوارد!»
22 ئەویش گوتی: «کاتێک منداڵەکە زیندوو بوو بەڕۆژوو دەبووم و دەگریام و دەمگوت: ”کێ دەزانێت؟ بەڵکو یەزدان بەزەیی پێمدا بێتەوە و منداڵەکە بژیێت.“ 23 بەڵام ئێستا ئەو مرد، ئیتر بۆچی ڕۆژوو بگرم؟ ئایا دەتوانم بیگەڕێنمەوە؟ من دەچم بۆ لای ئەو، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆ لای من.»
24 ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە، چووە ژوورەوە بۆ لای و لەگەڵی جووت بوو، منداڵێکی بوو ناوی لێنا سلێمان. یەزدانیش خۆشی ویست، 25 هەر لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ناتانی پێغەمبەرەوە پەیامی نارد و ناوی لێنا یەدیدەیا[a].
26 لەو ماوەیە یۆئاب لە دژی شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان دەجەنگا و قەڵای شاهانەی گرت. 27 ئینجا یۆئاب چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد و گوتی: «لە دژی ڕەبە جەنگام و سەرچاوەی ئاوی شارەکەم گرت. 28 ئێستا پاشماوەی سوپا کۆبکەرەوە و بەسەر شارەکەدا بدە و دەستی بەسەردا بگرە، نەوەک من دەستی بەسەردا بگرم و بە ناوی منەوە ناوی لێ بنرێت.»
29 ئیتر داود هەموو سوپای کۆکردەوە و چوو بۆ ڕەبە و لە دژی جەنگا و گرتی. 30 تاجی سەری پاشاکەی برد، کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[b] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، 31 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین، فەرمانی پێ کردن لە کوورەی خشتدا کار بکەن، ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
ماڵی هەتاهەتایی
5 لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان[a] ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. 2 ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین، شەیداین ماڵی ئاسمانیمان لە سەری بپۆشین، 3 چونکە ئەگەر پۆشیمان بە ڕووتی نابینرێین. 4 لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. 5 خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
6 بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە لەشدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، 7 چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. 8 ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین، لە لەش دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. 9 بۆیە ئامانجی بەرزمان دادەنێین، ئەگەر لە لەشدا نیشتەجێ بین یان دوور بین، ئەو لێمان ڕازی بێت، 10 چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، ئەگەر باشە یاخود خراپە.
خزمەتی ئاشتبوونەوە
11 لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین. 12 ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ. 13 ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە. 14 خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. 15 ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.
16 لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین. 17 کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ. شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە! 18 ئەمەش هەمووی لە خوداوەیە، کە لەگەڵ خۆی لە ڕێگەی مەسیحەوە ئاشتی کردینەوە و خزمەتی ئەم ئاشتبوونەوەی پێداین، 19 واتە خودا بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح جیهانی لەگەڵ خۆی ئاشت دەکردەوە، گوناهەکانیان لەسەر نانووسێت و پەیامی ئاشتبوونەوەی بە ئێمە سپاردووە. 20 کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە. 21 ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ ئەو ببین بە ڕاستودروستی خودا.
لاوانەوەیەک بۆ میرانی ئیسرائیل
19 «تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و 2 بڵێ:
«”دایکت چ شێرێک بوو
لەناو شێران!
لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و
بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد.
3 یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند،
بوو بە شێرێکی بە توانا.
فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،
مرۆڤیشی خوارد.
4 کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست،
چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان،
بۆ خاکی میسر
بە تەوق هێنایان.
5 «”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی،
ئیتر ئومێد بڕ بوو،
هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و
کردی بە شێرێکی بە توانا.
6 لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ،
چونکە بووە شێرێکی بە توانا.
فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،
مرۆڤیشی خوارد.
7 قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و
شارۆچکەکانی کاول کردن،
خاکەکە و هەرچی تێیدایە
لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین.
8 نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری
لە دژی کۆبوونەوە.
تۆڕیان هەڵدایە سەری،
ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە.
9 بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە،
هێنایانە لای پاشای بابل.
بردیانە ناو زیندان،
تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل
نەڕەی نەبیسترێت.
10 «”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا،
کە لەدەم ئاو چێنرا.
لەبەر زۆری ئاو،
چڕ و بەردار بوو.
11 لقی بەهێزی هەبوو،
کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان.
باڵای کرد و هەڵکشا
بەناو لقە پڕگەڵاکاندا،
لە بەرزی و زۆری چڵەکانی
دەرکەوت و بینرا.
12 بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و
فڕێدرایە سەر زەوی.
بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد،
بەرەکەی هەڵوەراند،
لقە بەهێزەکانی وشک بوون و
ئاگر هەڵیانیلووشی.
13 ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە،
لە خاکێکی وشک و تینوودا.
14 لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە
ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی.
ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە
کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“
ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە.
64 ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە،
ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.
2 لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە،
لە کۆمەڵی خراپەکاران.
3 کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە،
قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە،
4 هەتا لە بۆسەکانیانەوە کەسی بێ کەموکوڕی پێ بپێکن،
لەناکاو دەیپێکن و ناترسن.
5 بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن،
دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن،
دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»
6 تەگبیر بۆ تاوان دەکەن،
دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!»
بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.
7 بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت،
لەناکاو برینداریان دەکات.
8 زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان،
هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.
9 هەموو ئادەمیزاد دەترسن،
کاری خودا ڕادەگەیەنن و
بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.
10 با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و
پەنا ببەنە بەر ئەو،
با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.
65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
2 ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
3 کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
5 بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
6 کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
بە توانا چەکدارت کردووە،
7 کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
هەروەها ئاژاوەی گەلان.
8 ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
9 بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.