M’Cheyne Bible Reading Plan
یەزدان ساموئێل بانگ دەکات
3 منداڵەکەش، ساموئێل، لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا.
2 لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو، 3 ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە، 4 جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد.
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» و 5 ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە.
6 یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.»
7 ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو.
8 بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات. 9 جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە.
10 ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!»
ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.»
11 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە. 12 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم. 13 من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن. 14 لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو هەتاهەتایە.»
15 ئینجا ساموئێل هەتا بەیانی پاڵکەوت و دەرگاکانی ماڵی یەزدانی واڵا کرد. ساموئێل ترسا ئەو بینینە بە عێلی ڕابگەیەنێت. 16 ئینجا عێلی ساموئێلی بانگکرد و گوتی: «کوڕم ساموئێل.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
17 عێلی گوتی: «ئەو قسەیە چی بوو کە پێی فەرموویت؟ تکایە لێمی مەشارەوە. خودا توندترین سزات بدات، ئەگەر وشەیەکم لێ بشاریتەوە لە هەموو ئەوەی پێی فەرموویت.» 18 ساموئێلیش تەواوی فەرموودەکەی پێ گوت و هیچی لێی نەشاردەوە، ئەویش گوتی: «خۆی یەزدانە، ئەوەی بە باشی بزانێت با بیکات.»
19 ساموئێل گەشەی دەکرد، یەزدانیش لەگەڵی بوو، نەیهێشت هیچ یەکێک لە قسەکانی ساموئێل بشکێت. 20 جا هەموو ئیسرائیل هەر لە دانەوە هەتا بیری شابەع[a] زانییان کە ساموئێل متمانەپێکراوە ببێت بە پێغەمبەری یەزدان. 21 یەزدان بەردەوام لە شیلۆ خۆی بۆ دەردەخست، چونکە لەوێ بە ڕێگەی فەرمایشتەکەیەوە خۆی بۆ ساموئێل ئاشکرا کردبوو.
دڵسۆزی خودا
3 کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ 2 زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
3 کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ 4 نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:
[تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.][a]
5 بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕەوایە کە تووڕەیی دەهێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) 6 نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ 7 لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» 8 وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن، دەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت.» ئەوانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە.
هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە
9 کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، 10 وەک نووسراوە:
[کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،
11 کەس نییە تێبگات،
کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.
12 هەموو ڕوویان وەرگێڕا و
تێکڕا بێ سوود بوون.
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.][b]
13 [قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.][c]
[ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.][d]
14 [دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.][e]
15 [پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،
16 وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە
17 ڕێگای ئاشتی پێنازانن.][f]
18 [ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.][g]
19 ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. 20 بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە[h] دەناسرێت.
بێتاوانکردن بە باوەڕ
21 بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. 22 ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی، 23 لەبەر ئەوەی هەموو گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا کەوتن و 24 بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی[i] کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە. 25 خودا مەسیحی وەک کەفارەت[j] پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشی کردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا، 26 هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.
27 بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ. 28 کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت. 29 ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە، 30 چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنە نەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات. 31 ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت[k] دەچەسپێنین.
41 لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی پاشا، لەگەڵ دە پیاو هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، 2 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو دە پیاوەی لەگەڵی بوون هەستان و بە شمشێر لە گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیان دا و کوشتیان، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە. 3 هەروەها ئیسماعیل هەموو ئەو جولەکانەشی کوشت کە لە میچپا لەگەڵ گەدەلیاهو بوون، هەروەها ئەو سەربازە بابلییانەشی کوشت کە لەو ناوە بوون.
4 لە ڕۆژی پاش کوشتنی گەدەلیاهو، بەر لەوەی کەس پێی بزانێت، 5 هەندێک پیاو لە شەخەم و شیلۆ و سامیرەوە هاتن، هەشتا پیاوی ڕیش تاشراو و جل دادڕاو، لەشی خۆیان بریندار کردبوو، هاتن و پێشکەشراوی دانەوێڵە و بخووری سادەیان بەدەستەوە بوو بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ماڵی یەزدان. 6 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆش لە میچپا هاتە دەرەوە تاکو پێشوازییان لێ بکات، دەڕۆیشت و دەگریا. کە پێیان گەیشت پێی گوتن: «وەرن بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام.» 7 کاتێک گەیشتنە ناوەڕاستی شارەکە، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون، ئەوانیان کوشت و فڕێیان دانە ناو ئەمباراوێک. 8 بەڵام دە پیاویان تێدابوو گوتیان: «مەمانکوژە، گەنم و جۆ و زەیت و هەنگوینمان هەیە و لە کێڵگەدا شاردراوەتەوە.» جا ئیسماعیل دەستی گێڕایەوە و لەگەڵ براکانیان نەیکوشتن. 9 ئەو ئەمباراوەی ئیسماعیل لاشەی هەموو ئەو پیاوانەی فڕێدا ناوی کە بەهۆی گەدەلیاهوەوە کوشتبوونی، ئەو ئەمباراوە بوو کە ئاسا پاشا بۆ بەرگری لە دژی بەعشای پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، جا ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بە کوژراوان پڕی کردەوە.
10 پاشان ئیسماعیل، هەموو پاشماوەی گەل کە لە میچپا بوون ڕاپێچی کردن، کچەکانی پاشا و هەموو ئەو خەڵکەی لەوێ مانەوە، ئەوانەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی بە سەرپەرشتیار بەسەریانەوە دانا. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ ڕاپێچی کردن و ڕۆیشت، هەتا بۆ لای عەمۆنییەکان بپەڕێتەوە.
11 کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی لەگەڵی بوون، ئەو خراپانەیان بیستەوە کە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ کردبووی، 12 هەموو پیاوەکانیان برد و چوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، لەلای گۆمەکەی گبعۆن تووشی بوون. 13 ئەو ڕاپێچکراوانەی لەگەڵ ئیسماعیل بوون دڵشاد بوون کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەحیان لەگەڵ هەموو سەرلەشکرەکان بینی کە لەگەڵی بوون، 14 جا هەموو ئەو گەلەی ئیسماعیل لە میچپاوە ڕاپێچی کردبوون گەڕانەوە و چوون بۆ لای یۆحانانی کوڕی قارێیەح. 15 بەڵام ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، بە هەشت پیاوەوە لە یۆحانان دەرباز بوون و چوونە لای عەمۆنییەکان.
هەڵاتن بۆ میسر
16 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لەگەڵی بوون، هەموو پاشماوەی گەلیان لە میچپا بردەوە، ئەوانەی لە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ وەریانگرتنەوە، دوای ئەوەی ئیسماعیل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، جەنگاوەرە بەتواناکان و ژن و منداڵ و کاربەدەستان بوون کە لەلای گبعۆن وەریانگرتبوونەوە. 17 جا چوون و لە گێروت کیمهام، ئەوەی لەتەنیشت بێتلەحمە، نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی بڕۆن و بچنە ناو میسرەوە، 18 دوور لە بابلییەکان. لێیان دەترسان لەبەر ئەوەی ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە.
نوێژێکی داود.
17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
2 ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.
3 ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
4 سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
5 هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
پێم نەخلیسکاوە.
6 ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
7 جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
8 وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
9 لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.
10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
بە دەمیش لاف لێدەدەن.
11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.
13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.
15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.