Read the Gospels in 40 Days
شەیتان عیسا تاقی دەکاتەوە
4 عیسا پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز کە ڕووباری ئوردونی بەجێهێشت، ڕۆحەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد. 2 چل ڕۆژ ئیبلیس تاقی دەکردەوە. بە درێژایی ئەو ڕۆژانە هیچی نەخوارد، کاتێک ماوەکە تەواو بوو برسی بوو.
3 ئیبلیس پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان.»
4 عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت.][a]»
5 ئینجا ئیبلیس عیسای بردە شوێنێکی بەرز و لە چاوتروکانێکدا هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا و 6 پێی گوت: «هەموو ئەم دەسەڵات و شکۆیەی ئەوان دەدەمە تۆ، چونکە دراوەتە من و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت. 7 لەبەر ئەوە ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت.»
8 عیساش وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][b]»
9 ئینجا ئیبلیس بۆ ئۆرشەلیمی برد و لەسەر گوێسەبانەی[c] پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە. 10 لەبەر ئەوەی نووسراوە:
«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
بۆ ئەوەی بتپارێزن،
11 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][d]»
12 عیساش وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][e]»
13 کاتێک ئیبلیس هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بەجێی هێشت هەتا دەرفەتێکی دیکە.
عیسا لە ناسیرە دەردەکرێ
14 عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە. 15 لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد.
16 هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا. 17 پەڕتووکی[f] ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:
18 «[ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات،
چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران،
منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بەدیلگیراون،
هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران،
بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و
19 ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان.][g]»
20 ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. 21 دەستی کرد بە قسەکردن و گوتی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
22 هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»
23 عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»
24 هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت. 25 لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە، 26 بەڵام ئەلیاس بۆ ئەوان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەند لە ناوچەی سەیدا. 27 لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»
28 هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون. 29 دەریانکردە دەرەوەی شار، بردییانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە. 30 بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
31 پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد. 32 لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.
33 لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: 34 «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»
35 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.
36 خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.» 37 ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.
چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر
38 عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، لەبەر ئەو تکایان لێکرد. 39 ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستایەوە و خزمەتی کردن.
40 کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە. 41 ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.
42 کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات. 43 بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.» 44 ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.
عیسا قوتابییەکانی بانگ دەکات
5 ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن، 2 دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی، ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. 3 چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.
4 کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»
5 شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»
6 کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. 7 جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.
8 شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» 9 پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، 10 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون.
عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت[h].» 11 لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
پاککردنەوەی گولێک
12 کاتێک عیسا لە یەکێک لە شارەکان بوو، پیاوێک هات کە بە تەواوی تووشی نەخۆشی گولی ببوو. کە عیسای بینی خۆی بە زەویدا دا و لێی پاڕایەوە: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
13 عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە.» ئیتر یەکسەر گولییەکەی لێبووەوە.
14 عیسا ڕایسپارد: «بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
15 بەڵام هەواڵی ئەو زیاتر بڵاو بووەوە، جا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تاکو گوێ بگرن و نەخۆشییەکانیان چاک بێتەوە. 16 بەڵام ئەو دووردەکەوتەوە بۆ چۆڵەوانی و نوێژی دەکرد.
دەسەڵاتی گوناه بەخشین
17 ڕۆژێکیان عیسا خەریکی فێرکردن بوو، فەریسی[i] و مامۆستایانی تەوراتیش[j] کە لە هەموو گوندەکانی جەلیل و یەهودیا و ئۆرشەلیمەوە هاتبوون دانیشتبوون، توانای یەزدانیشی تێدابوو بۆ چاککردنەوە. 18 چەند پیاوێک هاتن ئیفلیجێکیان بە جێگاکەیەوە هێنا و دەیانویست بیبەنە ژوورەوە و لەبەردەمی دایبنێن. 19 کاتێک لەبەر زۆری خەڵکەکە ڕێیان نەبوو بیبەنە ژوورەوە، سەرکەوتنە سەربان و بە جێگاکەیەوە بە نێوان خشتەکاندا[k] شۆڕیان کردەوە بۆ ناوەڕاستیان بۆ بەردەم عیسا.
20 کە عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، فەرمووی: «کابرا، گوناهەکانت بەخشران.»
21 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان بیریان کردەوە و لە خۆیان پرسی: «ئەمە کێیە کفر دەکات؟ بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»
22 بەڵام عیسا زانی بیر لە چی دەکەنەوە، وەڵامی دانەوە: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ 23 کامیان ئاسانترە، بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە و بڕۆ“؟ 24 بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ[l] لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 25 دەستبەجێ لەبەرچاویان هەستا، ئەوەی لەسەری ڕاکشابوو هەڵیگرت و چووەوە ماڵی خۆی، ستایشی خوداشی دەکرد. 26 هەموویان سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، ترس دایگرتن و گوتیان: «ئەمڕۆ شتی سەرسوڕهێنەرمان بینی.»
عیسا بۆ گوناهباران هاتووە
27 لەدوای ئەمانە عیسا ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» 28 ئەویش هەموو شتێکی بەجێهێشت، هەستا و دوای کەوت.
29 لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و خەڵکی دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون. 30 بەڵام فەریسی و مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بۆڵەبۆڵیان بەسەر قوتابییەکانیدا کرد و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»
31 عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 32 نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»
لەبارەی ڕۆژوو
33 ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یەحیا زۆر ڕۆژوو دەگرن و نوێژ دەکەن، هەروەها ئەوانەی فەریسییەکان، بەڵام ئەوانەی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە.»
34 عیساش پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ 35 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.»
36 هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ ناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدرێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت. 37 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابە نوێیەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. 38 کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بکرێتە مەشکەی نوێوە. 39 کەسیش نییە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت ”کۆنەکە خۆشترە.“»
گەورەی ڕۆژی شەممە
6 لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی گوڵەگەنمیان لێدەکردەوە، لەناو دەستیان دەیانپرواند و دەیانخوارد. 2 هەندێک فەریسی لێیان پرسین: «بۆچی ئەوەی لە ڕۆژی شەممەدا دروست نییە دەیکەن؟»
3 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ 4 چۆن چووە ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[m] برد و خواردی، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت؟»[n] 5 ئینجا پێی فەرموون: «کوڕی مرۆڤ خۆی گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
6 لە ڕۆژی شەممەیەکی دیکەدا، چووە ناو کەنیشت و خەڵکی فێردەکرد. پیاوێک لەوێ بوو دەستی ڕاستی وشک ببوو. 7 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان سەیری عیسایان دەکرد، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکی چاک دەکاتەوە، تاکو شتێکی لێ بدۆزنەوە و تاوانباری بکەن. 8 بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەیانی زانی، بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «هەستە و لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.» ئەویش هەستا و ڕاوەستا.
9 عیسا پێی فەرموون: «لێتان دەپرسم، ئاخۆ لە ڕۆژی شەممەدا چی دروستە، کردنی کاری باش یان کاری خراپ؟ ڕزگارکردنی کەسێک یان لەناوبردنی؟»
10 چاوی بە هەموویاندا گێڕا، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش کردی و دەستی چاک بووەوە. 11 بەڵام ئەوان زۆر تووڕە بوون و لەگەڵ یەکتری گفتوگۆیان دەکرد چی لە عیسا بکەن.
دوازدە نێردراوەکە
12 لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە چیا تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. 13 کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: 14 شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب و یۆحەنا، فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، 15 مەتا و تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی و شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم[o]، 16 یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو.
17 ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەختایی ڕاوەستا. لەوێ کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییەکانی و خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، 18 هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە، ئەوانەش کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە.
20 ئینجا چاوی بۆ قوتابییەکانی هەڵبڕی و فەرمووی:
«خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، ئەی هەژاران،
چونکە شانشینی خودا بۆ ئێوەیە.
21 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا برسین،
چونکە تێر دەبن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کە ئێستا دەگریێن،
چونکە پێدەکەنن.
22 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی ڕقی لێتان دەبێتەوە و
کاتێک جیاتان دەکەنەوە، جنێوتان پێدەدەن و
بە بەدکار ناوتان دەبەن، لەبەر کوڕی مرۆڤ.
23 «لەو ڕۆژەدا دڵخۆش بن و لە خۆشیدا هەڵپەڕن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە باوباپیرانیشیان ئاوایان بە پێغەمبەران کردووە.
24 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی دەوڵەمەندان،
چونکە خۆشگوزەرانی خۆتان لێرە وەرگرتووە.
25 قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا تێرن،
چونکە ئێوە برسی دەبن.
قوڕبەسەرتان ئەی ئەوانەی ئێستا پێدەکەنن،
چونکە ئێوە ماتەم دەگێڕن و دەگریێن.
26 قوڕبەسەرتان کاتێک هەموو خەڵک ستایشتان دەکات،
چونکە باوباپیرانیان ئاوایان بۆ پێغەمبەرە درۆزنەکان کردووە.
دوژمنەکانتان خۆشبوێ
27 «بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، 28 ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. 29 ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. 30 هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. 31 چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.
32 «ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. 33 ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. 34 ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە. 35 بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. 36 بە بەزەیی بن، وەک باوکتان بە بەزەییە.
خەڵکی تاوانبار مەکەن
37 «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. ببەخشن، خودا دەتانبەخشێت. 38 بدەن، پێتان دەدرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»
39 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «ئایا کوێر دەتوانێت ڕابەرایەتی کوێر بکات؟ هەردووکیان ناکەونە چاڵەوە؟ 40 قوتابی لە مامۆستاکەی بەرزتر نییە، بەڵام هەرکەسێک تەواو فێربێت، وەک مامۆستاکەی لێ دێت.
41 «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ 42 چۆن دەتوانی بە براکەت بڵێی: ”برام با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم“ لەکاتێکدا تەختە دارەکەی ناو چاوی خۆت نابینیت؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار تەختە دارەکەی ناو چاوت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.
ناسین بە بەرهەم
43 «هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات. 44 هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە. 45 مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت.
ئەو خانووەی بناغەکەی لە بەردە
46 «بۆچی بە ”گەورەم، گەورەم!“ ناوم دەبەیت، کەچی ئەوەی دەیفەرمووم کاری پێ ناکەیت؟ 47 ئەوەی بۆ لام دێت و گوێ لە فەرمایشتەکانم دەگرێت و کاری پێ دەکات، نیشانتان دەدەم لە کێ دەچێت. 48 لە مرۆڤێک دەچێت خانووێک دروستدەکات، جا زەوییەکەی هەڵکەند و قووڵی کرد و بناغەکەی لەسەر بەرد دانا، لافاو هەستا و لە خانووەکەی دا، بەڵام نەیتوانی بیجوڵێنێت، چونکە لەسەر بەرد بنیاد نرابوو. 49 بەڵام ئەوەی گوێی لێبوو و پەیڕەوی نەکرد، لە مرۆڤێک دەچێت کە خانووێکی بێ بناغەی لەسەر زەوی دروستکردبێت. کاتێک لافاو هات و لە خانووەکەی دا، دەستبەجێ بە تەواوی ڕووخا.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.