Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Read the Gospels in 40 Days

Read through the four Gospels--Matthew, Mark, Luke, and John--in 40 days.
Duration: 40 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەتا 25-26

نموونەی کچە داناکان و کچە گێلەکان

25 «لەم کاتەدا شانشینی ئاسمان وەکو دە پاکیزە دەبێ، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. پێنج لەوان گێل بوون، پێنجیش دانا. گێلەکان چراکانیان برد و زەیتیان[a] لەگەڵ خۆیان نەبرد. بەڵام داناکان لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لەناو گۆزەدا برد. کاتێک زاوا دواکەوت، هەموو خەویان هات و نوستن.

«لە نیوەشەودا هاوار کرا: ”ئەوەتا زاوا هات! بەرەو پیری بچن!“

«هەموو ئەو پاکیزانەش هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. گێلەکان بە داناکانیان گوت: ”لە زەیتەکەی خۆتان بەشمان بدەن، چونکە چراکانمان دەکوژێتەوە!“

«بەڵام داناکان وەڵامیان دانەوە: ”لەوانەیە بەشی ئێمە و ئێوە نەکات. چاکترە بچنە لای فرۆشیاران و بۆ خۆتان بکڕن.“

10 «کە ئەوان بۆ کڕین چوون، زاوا هات، ئەوانەی بۆ زەماوەندەکە ئامادەبوون، لەگەڵی چوونە ژوورەوە و دەرگا داخرا.

11 «پاشان پاکیزەکانی دیکەش هاتن و گوتیان: ”گەورەم، گەورەم! دەرگامان لێ بکەرەوە!“

12 «وەڵامی دایەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، من ناتانناسم.“

13 «کەواتە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن.

نموونەی دواکەوتنی گەورەی ماڵ

14 «دیسان، شانشینی ئاسمان وەک پیاوێکە گەشت بکات، کۆیلەکانی بانگ دەکات و موڵکەکەی خۆی دەداتە دەستیان. 15 پێنج کیسە زێڕی[b] دایە یەکێکیان و ئەوی دیکە دوو کیسە و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی، یەکسەریش چووە گەشت. 16 ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و ئیشی پێوە کرد، پێنجی دیکەشی بەدەستهێنا. 17 بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زێڕەکەش، دووی دیکەی بەدەستهێنا. 18 بەڵام ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی لە زەویدا هەڵکەند و زێڕی گەورەکەی شاردەوە.

19 «دوای ماوەیەکی زۆر گەورەی ئەو کۆیلانە دێت و حیسابیان لەگەڵ دەکات. 20 ئەوەی پێنج کیسە زێڕەکەی وەرگرت، دێت و پێنج کیسەی دیکەش دەهێنێت و دەڵێت: ”گەورەم تۆ پێنج کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا پێنج کیسە زێڕی دیکەم بەدەستهێناوە.“

21 «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“

22 «هەروەها ئەوەی دوو کیسە زێڕەکە هات و گوتی: ”گەورەم تۆ دوو کیسە زێڕت دامێ، ئەوەتا دوو کیسە زێڕی دیکەم بەدەستهێناوە.“

23 «گەورەکەی پێی گوت: ”ئافەرین، ئەی کۆیلەی چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، زۆرت پێ دەسپێرم. وەرە ژوورەوە بۆ خۆشی گەورەکەت.“

24 «ئینجا ئەوەی یەک کیسە زێڕەکەی وەرگرتبوو هات و گوتی: ”گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی سەختیت، شوێنێک دەدرویتەوە کە تۆوت نەکردووە، لە شوێنێک کۆدەکەیتەوە کە شەنەبات نەکردووە، 25 جا ترسام و چووم کیسە زێڕەکەتم لەناو زەویدا شاردەوە. ها ئەوە ماڵەکەتە.“

26 «گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ”ئەی کۆیلەی خراپ و تەوەزەل! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە تۆوم نەکردووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە نەموەشاندووە، 27 دەبووایە زێڕەکەمت لە بانک دابنابووایە، لە گەڕانەوەمدا ئەوەی هی منە لەگەڵ سووەکەی وەرمدەگرتەوە.

28 «”لەبەر ئەوە ئەو کیسە زێڕەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زێڕەکەی پێیە، 29 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 30 کۆیلە بێ سوودەکەش فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.“

عیسا حوکم بەسەر جیهان دەدات

31 «کاتێک کوڕی مرۆڤ بە شکۆی خۆی دێتەوە و هەموو فریشتەکانیش لەگەڵیدان، ئەوسا لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت. 32 هەموو نەتەوەکان لەبەردەمی کۆدەبنەوە و ئەویش لە یەکتریان جیا دەکاتەوە، وەک شوان مەڕ لە بزن جیا دەکاتەوە. 33 جا مەڕەکان لەلای ڕاستی خۆی ڕادەگرێت، بەڵام بزنەکان لەلای چەپ.

34 «ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستیەوەن دەفەرموێ: ”وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەتی پێدان، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە، 35 چونکە برسی بووم و نانتان دام، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە. 36 ڕووت بووم جلتان لەبەرکردم، نەخۆش بووم سەرتان لێدام، زیندانی بووم هاتنە لام.“

37 «ئەوسا ڕاستودروستان وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی بینیوە و نانمان داویتێ، یان تینوو و ئاومان داویتێ؟ 38 کەی تۆمان بە نامۆیی بینیوە و شوێنمان کردوویتەوە، یان بە ڕووتی و جلمان لەبەرکردوویت؟ 39 کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆ لات؟“

40 «ئینجا پاشا وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە.“

41 «دواتر بەوانەی لەلای چەپیەوەن دەفەرموێ: ”لێم دوور بکەونەوە! ئەی ئەوانەی کە نەفرەتتان لێکراوە بەرەو ئاگری هەتاهەتایی، ئەوەی بۆ ئیبلیس و فریشتەکانی ئامادە کراوە، 42 چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، 43 نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم جلتان لەبەر نەکردم، نەخۆش و زیندانی بووم سەرتان لێ نەدام.“

44 «ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە: ”گەورەم، کەی تۆمان بە برسیێتی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نەخۆش یان زیندانی بینیوە و خزمەتمان نەکردوویت؟“

45 «ئەویش وەڵامیان دەداتەوە: ”ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم بچووکانە نەکردووە، بۆ منتان نەکردووە.“

46 «ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەچن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی.»

پیلانگێڕی بۆ کوشتنی عیسا

26 کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: «دەزانن جەژنی پەسخە[c] دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.»

ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، پێکەوە تەگبیریان دەکرد، بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. گوتیان: «بەڵام نەک لە جەژندا، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»

ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتنی

کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی[d] بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.

کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەست بڵاوییەی بۆ چییە؟ دەتوانرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.»

10 عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆچی گرفت بۆ ژنەکە دەنێنەوە؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. 11 هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. 12 کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. 13 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»

ناپاکی یەهوزا

14 ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، 15 گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ کێشا. 16 ئیتر بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو بە گرتنی بدات.

بەستنی پەیمانی نوێ

17 ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەژنی فەتیرە[e]، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «دەتەوێ بچینە کوێ و ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»

18 فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» 19 قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

20 کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. 21 کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»

22 ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، ئەو کەسە منم؟»

23 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. 24 کوڕی مرۆڤ دەبێت وەکو لەسەری نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»

25 ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، ئەو کەسە منم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.»

شێوی مەسیح

26 کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەرگرن، بخۆن، ئەمە جەستەی منە.»

27 ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، 28 چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. 29 پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.»

30 ئینجا گۆرانی ڕۆحییان[f] گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.

نکۆڵیکردنی پەترۆس

31 ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:

«[لە شوانەکە دەدەم،
    مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.][g]

32 بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»

33 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.»

34 عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

35 پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» قوتابییەکانیش هەموو وایان گوت.

نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی

36 دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن، تاکو دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» 37 پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. 38 پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و شەوارەم لەگەڵ بگرن.»

39 کەمێک چووە پێش و بە ڕوودا چووە سەر زەوی، نوێژی دەکرد و دەیفەرموو: «باوکە، ئەگەر دەکرێت ئەم جامەم لەسەر تێبپەڕێت. بەڵام نەک وەک من دەمەوێت، بەڵکو تۆ.»

40 هاتەوە لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک شەوارەم لەگەڵ بگرن؟ 41 شەوارە بگرن و نوێژ بکەن، نەوەک تاقی بکرێنەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»

42 دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ بێت.»

43 دیسان هاتەوە و بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. 44 ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی دەکرد و هەمان شتی دەگوتەوە.

45 دوایی هاتە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کات نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. 46 هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»

گرتنی عیسا

47 هێشتا ئەو قسەی دەکرد، ئەوە بوو یەهوزا هات کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو بە شمشێر و دارەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48 ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» 49 دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی[h].» ئینجا ماچی کرد.

50 عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. 51 لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.

52 عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. 53 ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54 بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»

55 لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. 56 بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.

دادگاییکردنی عیسا

57 ئەوانەی عیسایان گرت، بردییانە لای قەیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. 58 پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.

59 کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین[i] بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو بە کوشتنی بدەن. 60 بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، 61 گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»

62 جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە شایەتی چی لەسەر تۆ دەدەن؟» 63 بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.

سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئەگەر تۆ مەسیحەکەی[j]، کوڕی خودا.»

64 عیسا پێی فەرموو: «تۆ خۆت وا دەڵێیت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەسەر هەوری ئاسماندا دێتەوە.[k]»

65 ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. 66 چی دەبینن؟»

وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»

67 ئینجا تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و 68 گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»

پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات

69 لەو کاتەدا پەترۆس لە حەوشە، لە دەرەوە دانیشتبوو. کەنیزەیەک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»

70 ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێی.»

71 ئینجا چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»

72 دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

73 دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، زمانت ئاشکرات دەکات[l]

74 جا دەستی بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن کرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. 75 ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.