Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Read the Gospels in 40 Days

Read through the four Gospels--Matthew, Mark, Luke, and John--in 40 days.
Duration: 40 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەتا 23-24

هەمووتان برای یەکترین

23 پاشان عیسا بە خەڵکەکە و قوتابییەکانی خۆی فەرموو: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موسا دانیشتن. لەبەر ئەوە ڕێک هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن، بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن، چونکە ئەوان دەڵێن و نایکەن. باری قورس کە هەڵناگیرێت، دەیپێچنەوە و دەیخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە پەنجەش بیجوڵێنن.

«هەموو کردارەکانیان بۆ ئەوەیە خەڵکی بیانبینن، بە پانکردنی نوشتەکانیان و گەورەکردنی گوڵینگەکانیان[a]. حەز دەکەن لە میوانداری لەلای سەرەوە و لە کەنیشتەکانیش ڕیزی پێشەوە، لە بازاڕیشدا سڵاویان لێ بکرێت و خەڵک بە ”ڕابی[b]“ بانگیان بکەن.

«بەڵام با ئێوە بە ”ڕابی“ بانگ نەکرێن، چونکە تەنها یەک مامۆستاتان هەیە و ئێوەش هەموو بران. کەسیش لەسەر زەوی بە ”باوک“ بانگ مەکەن، چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانە. 10 بە ”مامۆستا“ بانگ نەکرێن، چونکە یەک مامۆستاتان هەیە، ئەویش مەسیحە. 11 ئەوەی لەنێوتان پایەبەرزترە، دەبێتە خزمەتکارتان. 12 ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.

دووڕوویی فەریسییەکان

13 «بەڵام قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە شانشینی ئاسمان لەڕووی خەڵک دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێ، بچنە ژوورەوە.

14 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ماڵی بێوەژن[c] هەڵدەلووشن، بۆ دەرخستنیش نوێژ درێژ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە سزاتان گەورەترە.

15 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە جولەکە، کە بووە جولەکە، ئەوسا دوو ئەوەندەی خۆتان دەیکەنە کوڕی دۆزەخ.

16 «قوڕبەسەرتان ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە پەرستگا بخوات، هیچ نییە. بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا پابەندە.“ 17 ئەی گێل و کوێرینە، کامیان گرنگترە، زێڕەکە یان پەرستگا کە زێڕەکە پیرۆز دەکات؟ 18 هەروەها ئێوە دەڵێن: ”ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، هیچ نییە، بەڵام ئەوەی سوێند بە قوربانییەکەی سەری بخوات، ئەوا پابەندە.“ 19 ئەی کوێرینە کامیان گرنگترە، قوربانی یان قوربانگا کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟ 20 بۆیە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە هەموو ئەوەش کە لەسەریەتی. 21 ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە. 22 ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە.

23 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەیەکی پونگ و شویت[d] و ڕازیانە دەدەن و گرنگترینی تەوراتتان پشتگوێ خستووە. دادپەروەری و بەزەیی و دڵسۆزی، پێویست بوو ئەمانە بکەن و ئەوانەش پشتگوێ نەخەن. 24 ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە لەبەر مێشوولە شلەمەنی دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن!

25 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناوەکەی پڕە لە چڵێسی و بەڕەڵایی. 26 ئەی فەریسی کوێر، یەکەم جار ناو جام پاک بکەرەوە، تاکو دەرەوەشی پاک بێتەوە.

27 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! چونکە ئێوە لە گۆڕی سپیکراو دەچن، کە بە ڕواڵەت جوان دیارە، بەڵام ناوەوەی پڕە لە ئێسقانی مردووان و هەموو پیسییەک. 28 ئێوەش ئاوان، بە ڕواڵەت لەلای خەڵک ڕاستودروستن، بەڵام ناوەوەتان پڕە لە دووڕوویی و سەرپێچی.

29 «قوڕبەسەرتان ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان! دووڕووان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن و ئارامگای پیاوچاکان دەڕازێننەوە و 30 دەڵێن: ”ئەگەر لە سەردەمی باوباپیراندا بژیاینایە، لە خوێنڕشتنی پێغەمبەران بەشداریان نەدەبووین.“ 31 کەواتە شایەتی لەسەر خۆتان دەدەن کە کوڕی پێغەمبەرکوژانن. 32 جا ئێوە پێوانەی باوباپیرانتان پڕ بکەن!

33 «ئەی مارینە! ئەی بێچووە ماران! چۆن لە سزای دۆزەخ هەڵدێن؟ 34 لەبەر ئەمەیە ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستایانی تەوراتتان بۆ دەنێرم. لێیان دەکوژن و لە خاچیان دەدەن، لە کەنیشتەکانتان بەر قامچییان دەدەن و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە ڕاویان دەنێن. 35 لەبەر ئەوە هەموو خوێنێکی پاک کە لەسەر ئەم زەوییەدا ڕژاوە دەکەوێتە ئەستۆتان، لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە هەتا خوێنی زەکەریای کوڕی بەرەخیا کە لەنێوان قوربانگا و پەرستگادا کوشتتان. 36 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئۆباڵی هەموو ئەمانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم نەوەیە.»

خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم

37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.][e]»

پێشبینی وێرانبوونی پەرستگا

24 عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحم،“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.

«ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 10 ئەو کاتە زۆر کەس لەڕێ لادەدەن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. 12 لەبەر زۆربوونی سەرپێچی، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.

گەورەترین تەنگانە

15 «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن [قێزەونی وێرانکەر][f] لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات، 16 ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕاکەنە چیاکان، 17 ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. 18 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 19 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 20 نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، 21 چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات، لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

22 «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە. 23 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 24 چونکە مەسیحە درۆزنەکان[g] و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون چەواشە دەکەن. 25 ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.

26 «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، ”ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە!“ باوەڕ مەکەن، 27 چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.

هاتنەوەی عیسا

29 «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە،

«[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
    ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][h]

30 «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە دێت.[i] 31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە ئەوانە کۆدەکەنەوە کە هەڵبژێردراون، لەم سەری ئاسمانەوە تاکو ئەوسەری.

لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن

32 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 33 بە هەمان شێوە، ئێوەش کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لە بەردەرگایە. 34 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

کەس ئەو کاتە نازانێت

36 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. 37 ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 38 وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، 39 کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 40 لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 41 دوو ئافرەت دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.

42 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا گەورەتان مەسیح دێتەوە. 43 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. 44 کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.

نموونەی کۆیلەی دڵسۆز

45 «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارانی دیکە تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ 46 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 47 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 48 بەڵام ئەگەر ئەو کۆیلەیە خراپ بێت و لە دڵی خۆیدا بڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ 49 ئینجا دەست بکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان بخوات و بخواتەوە. 50 ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. 51 ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.