Read the Gospels in 40 Days
کەژاوەی پاشایانە
21 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، گەیشتنە بێتفاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و 2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. 3 ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.»
4 ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[a] گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ:
5 [بە شاری سییۆن بڵێن،
ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و
جاشی ماکەرێک بووە.][b]
6 قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. 7 ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. 8 خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. 9 ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد:
«هۆسانا[c] بۆ کوڕی داود!»
«[پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!][d]»
«هۆسانا بۆ خودا!»
10 کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟»
11 خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.»
پاککردنەوەی پەرستگا
12 عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی وەرگێڕا. 13 پێی فەرموون: «نووسراوە، [ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،][e] بەڵام ئێوە دەیکەنە [ئەشکەوتی دزان!][f]»
14 نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. 15 بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و 16 لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟»
عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە:
«[لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە
ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە]؟»[g]
17 ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێتعەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە.
دار هەنجیری بێ بەر
18 بەیانی کە دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. 19 دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو.
20 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟»
21 عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن، ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ وا دەبێت. 22 جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.»
دەسەڵاتی عیسا
23 کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»
24 عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 25 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»
لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 26 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»
27 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»
ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»
نموونەی دوو کوڕەکە
28 ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“
29 «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.
30 «چووە لای دووەم و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو[h]، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.
31 «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، 32 چونکە یەحیا بە ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. دواتر کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»
نموونەی ڕەزەوانەکان
33 گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: «گەورەی ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، دەوروبەرەکەی پەرژین کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. 34 کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن.
35 «ڕەزەوانەکان کۆیلەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و یەکێکیشیان بەردباران کرد. 36 دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، هەمان شتیان لەوانیش کرد. 37 لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد، گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
38 «بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ 39 ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان.
40 «کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟»
41 وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.»
42 عیسا پێی فەرموون: «قەت لە نووسراوە پیرۆزەکان[i] نەتانخوێندووەتەوە:
«[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[j]،
ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە][k]؟
43 «لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات. 44 ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.»
45 کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. 46 لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.
نموونەی داوەتی پاشا
22 عیسا دووبارە بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: 2 «پاشایەتی ئاسمان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا. 3 کۆیلەکانی نارد تاکو بانگهێشتکراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست بێن.
4 «دیسان کۆیلەی دیکەی نارد و گوتی: ”بە بانگهێشتکراوان بڵێن، ئەوەتا شێوم[l] ئامادە کردووە، گا و دابەستەکانیشم سەربڕیوە و هەموو شتێک ئامادەیە. وەرنە زەماوەندەکە!“
5 «بەڵام گوێیان نەدایێ و ڕۆیشتن، یەکێک بۆ کێڵگەکەی و ئەوی دیکە بۆ بازرگانییەکەی. 6 ئەوانی دیکە کۆیلەکانی ئەویان گرت و سووکایەتییان پێ کردن و کوشتیانن. 7 جا پاشا زۆر تووڕە بوو، سوپاکەی نارد و بکوژەکانی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند.
8 «ئینجا بە کۆیلەکانی گوت: ”زەماوەند ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی کە بانگهێشتم کردن شایستە نەبوون، 9 کەواتە بڕۆنە سەر ڕێگاکان و ئەوەی بینیتان بۆ زەماوەندەکە بانگهێشتی بکەن.“ 10 ئەو کۆیلانەش چوونە سەر ڕێگاوبانەکان و هەموو ئەوانەی لە باش و خراپ بینییان کۆیان کردنەوە، تاکو زەماوەندەکە پڕبوو لە میوان.
11 «کاتێک پاشا هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی میوانەکان ببینێت، لەوێ یەکێکی بینی جلی زەماوەندی[m] لەبەر نەکردبوو. 12 پێی دەڵێت: ”برادەر، چۆن بێ جلی زەماوەند هاتییە ژوورەوە؟“ ئەو بێدەنگ بوو.
13 «ئینجا پاشا بە خزمەتکارانی گوت: ”پەلبەستی بکەن و فڕێیبدەنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.“
14 «چونکە بانگهێشتکراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن.»
سەرانەدان بە قەیسەر
15 ئینجا فەریسییەکان ڕۆیشتن و تەگبیریان کرد چۆن عیسا بە قسەی خۆی تووش بکەن. 16 قوتابییەکانی خۆیان و هێرۆدسییەکانیان[n] ناردە لای و گوتیان: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و ڕێگای خودا بە ڕاستی فێردەکەیت و گوێ بە کەس نادەیت، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت. 17 کەواتە پێمان بفەرموو ڕات چییە: دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»
18 عیسا کە بە نیازخراپی ئەوانی دەزانی، فەرمووی: «ئەی دووڕووان، بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ 19 پارەی سەرانەم پیشان بدەن.» ئەوانیش دینارێکیان بۆ هێنا. 20 پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»
21 وەڵامیان دایەوە: «قەیسەر.»
پاشان پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»
22 کە گوێیان لێبوو سەرسام بوون، ئینجا بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن.
زیندووبوونەوەی مردووان
23 لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان هاتنە لای، کە بڕوایان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نییە، پرسیاریان لێکرد: 24 «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 25 جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت، 26 بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم تاکو حەوتەم. 27 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 28 ئایا لە هەستانەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە؟ چونکە هی هەموویان بووە.»
29 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. 30 لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 31 بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە و دەفەرموێ: 32 [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم][o]؟ خودا خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»
33 خەڵکەکە کە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.
گەورەترین ڕاسپاردە
34 بەڵام فەریسییەکان بیستیان کە عیسا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، پێکەوە کۆبوونەوە. 35 یەکێکیان تەوراتناس بوو، پرسیاری لێکرد تاکو تاقی بکاتەوە:
36 «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردەی تەورات چییە؟» 37 عیسا پێی فەرموو: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و لە هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.][p] 38 ئەمە گرنگترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. 39 دووەمیشیان وەک ئەو وایە: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][q] 40 جا هەموو تەورات و پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە بەندن.»
مەسیح و داود
41 کاتێک فەریسییەکان کۆببوونەوە، عیسا لێی پرسین: 42 «دەربارەی مەسیح چی دەڵێن، کوڕی کێیە؟»
وەڵامیان دایەوە: «کوڕی داودە.»
43 ئەویش پێی فەرموون: «کەواتە، چۆن داود بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“؟ چونکە دەڵێ:
44 «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“][r]
45 بۆیە ئەگەر داود پێی بڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
46 جا کەسیان نەیانتوانی بە وشەیەکیش وەڵامی بدەنەوە، لەو ڕۆژەشەوە ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.