Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Read the Gospels in 40 Days

Read through the four Gospels--Matthew, Mark, Luke, and John--in 40 days.
Duration: 40 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یۆحەنا 17-18

نوێژی عیسا بۆ باوەڕداران

17 کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی:

«باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات. هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون. ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە. من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم. ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو.

«ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد. ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە. ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە. بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. 10 هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم. 11 ئەمان لە‏جیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 12 کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوو کوڕی لەناوچوو[a] نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی.

13 «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمە دەکەم، تاکو شادی منیان بە تەواوی لە خۆیاندا هەبێت. 14 من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 15 داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی. 16 ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 17 بە ڕاستی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە. 18 وەک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. 19 بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن.

20 «تەنها بۆ ئەمان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە بە قسەی ئەمانەوە باوەڕم پێ دەهێنن، 21 تاکو هەموو یەک بن، وەک تۆ لە مندای و منیش لە تۆدام، ئەوانیش لە ئێمەدا بن، باوکە، تاکو جیهان باوەڕ بهێنێت کە تۆ منت ناردووە. 22 منیش ئەو شکۆیەم داونەتێ کە تۆ بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 23 من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە.

24 «باوکە، دەمەوێت ئەوانەی کە بە منت داون لەکوێ بم لەگەڵم بن، تاکو شکۆمەندییەکەم ببینن کە بە منت داوە، چونکە پێش دامەزراندنی جیهان منت خۆشویست.

25 «ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم، ئەوانیش دەزانن تۆ منت ناردووە. 26 ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»

گرتنی عیسا

18 عیسا ئەمانەی فەرموو و لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوتن بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی.

یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە. ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ.

عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟»

وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی».

عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو. کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی.

لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟»

گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.»

عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.» بۆ هاتنەدی ئەو قسەیەی کە فەرمووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.»[b]

10 شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆک کاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو.

11 عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێیداوم نەیخۆمەوە؟»

لەبەردەم سەرۆکی کاهین

12 ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە. 13 یەکەم جار بردییانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆک کاهین بوو. 14 قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک بۆ هەموو گەل بمرێت.

بۆ جاری یەکەم پەترۆس نکۆڵی دەکات

15 شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە[c] شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان، 16 بەڵام پەترۆس لە دەرەوە لەلای دەرگاکە ڕاوەستا. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە.

17 کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟»

گوتی: «نەخێر.»

18 خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە.

لەبەردەم سەرۆکی کاهینان

19 سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد.

20 عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە. 21 بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.»

22 کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆک کاهینان دەدەیتەوە؟»

23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» 24 ئینجا حەنا عیسای بە بەدەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینانی نارد.

بۆ جاری دووەم و سێیەم پەترۆس نکۆڵی دەکات

25 شیمۆن پەترۆسیش ڕاوەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە، لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.»

26 یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» 27 دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی.

عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس

28 بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن، بەڵکو بتوانن نانی پەسخە بخۆن. 29 پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟»

30 وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.»

31 پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.»

جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.» 32 ئەمەش ڕوویدا تاکو قسەی عیسا بێتە دی کە ئاماژەیە بۆ ئەو مردنەی کە دەمرێت.

33 لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟»

34 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟»

35 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟»

36 عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من لەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من لەم جیهانە بووایە، خزمەتکارانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من لێرە نییە.»

37 ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام[d]. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.»

38 پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم. 39 بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»

40 هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.