Read the Gospels in 40 Days
من مێوی ڕاستەقینەم
15 «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. 2 هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. 3 ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن. 4 بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.
5 «منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. 6 ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. 7 ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. 8 باوکم بەمە شکۆدار دەبێت، کە بەرهەمی زۆر بهێنن، بەم شێوەیە دەبنە قوتابی من.
9 «هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. 10 ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. 11 ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. 12 ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. 13 کەس خۆشەویستی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14 ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. 15 ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن. 16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
ڕقی جیهان
18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهانەوە وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من لە جیهان هەڵمبژاردوون، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە.“[a] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستووە، هی ئێوەش دەپارێزن. 21 بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن. 22 ئەگەر نەهاتمایە و قسەم بۆ نەکردنایە، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان[b]. 23 ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە. 24 ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە. 25 بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: [بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.][c]
26 «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات. 27 ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.
کاری ڕۆحی پیرۆز
16 «ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن. 2 لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وادەزانێت خزمەتی خودا دەکات. 3 ئەمانەش دەکەن چونکە نە باوکەیان ناسیوە و نە من. 4 بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.
5 «ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت: ”بۆ کوێ دەچیت؟“ 6 کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن. 7 بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان[d] بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم. 8 کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان: 9 لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛ 10 لەسەر ڕاستودروستی[e]، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛ 11 لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە.
12 «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. 13 بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات. 14 ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت[f] کە لە منەوە وەریدەگرێت. 15 هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.
16 «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»
هاتنی خۆشی دوای ناخۆشی
17 هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟» 18 گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»
19 عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟ 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی. 21 کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات. 22 ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. 23 لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 24 هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تەواو بێت.
25 «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم. 26 لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، 27 چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم. 28 لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»
29 قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت. 30 ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویست ناکات کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»
31 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟ 32 وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.
33 «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.