Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئاشکراکردن 12-18

ژن و ئەژدیها

12 نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشی بوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو، سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد. نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون. کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی، ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، تاکو کە منداڵەکە بوو بیخوات. ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا. ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست[a] ڕۆژ بەخێو بکرێت.

پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ، میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان، بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما. ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.

10 جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو:

«ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و
    دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە،
چونکە ئەو سکاڵاکارەی لە خوشک و براکانمان،
    کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد،
    فڕێدرایە خوارەوە.
11 ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و
    بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن،
    ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.
12 بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن!
بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا،
    چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە!
تووڕەییەکی گەورەی پێیە،
    چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.»

13 کاتێک ئەژدیهاکە خۆی بینی فڕێدراوەتە سەر زەوی، ئافرەتەکەی ڕاونا کە کوڕەکەی لێبوو. 14 ئافرەتەکە هەردوو باڵی هەڵۆیەکی گەورەی پێدرا تاکو بۆ چۆڵەوانی و شوێنی خۆی بفڕێت و لەوێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ دوور لە مارەکە بەخێو بکرێت. 15 مارەکەش لە دەمیەوە ئاوێکی وەک ڕووبار بەدوای ئافرەتەکەدا فڕێدا بۆ ئەوەی ئاو بیبات. 16 زەوی یارمەتی ئافرەتەکەی دا، زەوی دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووت دا کە ئەژدیهاکە لە دەمیەوە فڕێیدا. 17 ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.

13 ئەژدیهاکەش لەسەر لمی دەریا ڕاوەستا.

دەرکەوتنی دڕندەیەک لە دەریا

ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە شاخ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر شاخەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کفرکردن هەبوو. ئەو دڕندەیەی بینیم لە پڵنگ دەچوو، پێی وەک ورچ و دەمی وەک دەمی شێر بوو. ئەژدیهاکەش توانا و تەختی خۆی و دەسەڵاتێکی گەورەی دایە دڕندەکە. سەرێک لە سەرەکانی دڕندەکە وەک بۆ مردن سەربڕابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. هەموو زەویش بە سەرسامییەوە بەدوای دڕندەکە کەوتن، کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»

دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت. ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا. ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا. هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە.

ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت.

10 ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت،
    ڕاپێچ دەکرێت.
ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت،
    بە شمشێر دەکوژرێت[b].

ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە.

دەرکەوتنی دڕندەیەک لە زەوی

11 دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا. 12 بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەم بۆ ئەو پەیڕەو دەکات، وا لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکات کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. 13 نیشانەی گەورە دەکات، تەنانەت وا دەکات لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی. 14 هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی دراوە لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا کرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە. 15 هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن. 16 وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت، 17 تاکو کەس نەتوانێت بکڕێت یان بفرۆشێت، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی.

18 ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکدبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە[c].

بەرخەکە و گۆرانی جەماوەر

14 پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی ئەویان لەسەر ناوچەوانیان[d] نووسرابوو. لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگە کە گوێم لێ بوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن. لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە. ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکن، ئەوانە بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە. درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، گلەییان لەسەر نییە.

سێ فریشتەکە

ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لەناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»

فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»

فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «ئەوەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر دەستی یان نێوچەوانی وەربگرێت، 10 ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. 11 دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»

12 ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.

13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»

ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»

دروێنەی زەوی

14 پاشان تەماشام کرد، ئەوەتا هەورێکی سپی و لەسەر هەورەکە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ[e] دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر بوو و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو. 15 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.» 16 جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.

17 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی لە ئاسمانە دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو. 18 فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە دەرچوو و دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.» 19 فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا. 20 گوشەرەکە[f] لە دەرەوەی شار گوشرا، تاکو بەرزی لغاوی ئەسپ، هەزار و شەش سەد ستادیا[g] خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.

گۆرانی موسا

15 پاشان نیشانەیەکی دیکەم لە ئاسماندا بینی، گەورە و سەیر: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.

پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی، دەیانگوت:

«ئەی یەزدان، خودای هەرە بە توانا،
    کارەکانت گەورە و سەیرە!
ئەی پاشای نەتەوەکان،
    ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و
    ناوت شکۆدار ناکات؟
چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.
هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،
    چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»

پاش ئەوە سەیرم کرد، پەرستگاکە لە ئاسماندا کرایەوە کە چادری پەرستنە، چادری پەیمانە. حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو، کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشی بوو، چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو. یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە. پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵ بە شکۆی و هێزی خودا و کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە، هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون.

حەوت جامی تووڕەیی خودا

16 ئینجا لە پەرستگاکەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو بە حەوت فریشتەکەی دەفەرموو: «بڕۆن حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بەسەر زەویدا بڕێژن.» فریشتەی یەکەم چوو و جامەکەی خۆی بەسەر زەویدا ڕژاند، جا دومەڵی پیس و ئازاربەخش لەوانە دەرکەوت کە نیشانەی دڕندەکەیان هەڵگرتبوو و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو.

فریشتەی دووەمیش جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر دەریا و وەک خوێنی مردووی لێهات، هەموو زیندەوەرێکی ناو دەریا مردن.

فریشتەی سێیەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر ڕووبار و کانیاوەکان، بووە خوێن. گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو دەیگوت:

«تۆ دادپەروەریت، ئەی ئەوەی هەیە و هەبووە، پیرۆزەکە،
    چونکە ئاوا حوکمت داوە،
چونکە ئەوانە خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی تۆیان ڕشتووە،
    تۆش خوێنت پێدان بیخۆنەوە، چونکە شایانی ئەوەن.»

گوێم لە قوربانگاکە بوو دەیگوت:

«بەڵێ ئەی خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
    حوکمەکانت ڕاست و دادپەروەرن.»

فریشتەی چوارەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر خۆر و پێی درابوو خەڵکی بە ئاگر بسووتێنێت. خەڵک بە گەرمایەکی گەورە سووتان، کفریان بە ناوی خودا کرد، ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەم دەردانەدا هەیە، بەڵکو تۆبەیان نەکرد تاکو شکۆداری بکەن.

10 فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕژاندە سەر تەختی دڕندەکە، شانشینەکەی تاریک بوو، خەڵکی شانشینەکە لەتاو ئازار زمانی خۆیان دەگەست. 11 لەتاو ئازار و برینیان کفریان بە خودای ئاسمان کرد بەڵام تۆبەیان لە کردەوەکانیان نەکرد.

12 فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕژاندە سەر ڕووباری گەورەی فورات، ئیتر ئاوەکە وشکی کرد، تاکو ڕێگای پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بکات. 13 ئینجا سێ ڕۆحی پیسی وەک بۆقم بینی لە دەمی ئەژدیهاکە و دەمی دڕندەکە و دەمی پێغەمبەرە درۆزنەکە دەهاتنە دەرەوە. 14 ئەوانە ڕۆحی شەیتانین کە پەرجوو دەکەن، دەچنە لای پاشاکانی هەموو جیهان، تاکو لەو ڕۆژە گەورەیەی خودای هەرە بە توانادا بۆ جەنگ کۆیان بکەنەوە.

15 مەسیح دەفەرموێ: «ئەوەتا وەک دزێک دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی ئێشک دەگرێت و جلوبەرگەکانی دەپارێزێت، نەوەک ئابڕووی ببینرێت و بە ڕووتی بڕوات.»[h]

16 پاشان ڕۆحەکان لە شوێنێکدا کۆی کردنەوە کە بە عیبری پێی دەگوترێ «هارمەگیدۆن[i]».

17 فریشتەی حەوتەم جامەکەی خۆی بە هەوادا ڕژاند، دەنگێکی بەرز لە پەرستگاکە و لە تەختەکەوە هات، گوتی: «هاتە دی!» 18 پاشان هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە پەیدابوو، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا، تەنانەت لەو کاتەوەی خەڵک لەسەر زەوین شتی وا ڕووی نەداوە، بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو. 19 شارە گەورەکە بووە سێ بەش، شارەکانی نەتەوەکانیش کەوتن. خوداش بابلی گەورەی بەبیر هاتەوە تاکو جامی شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خۆی بداتێ. 20 هەموو دوورگەکان ڕایانکرد و چیاکان نەدۆزرانەوە. 21 تەرزەیەکی گەورە کە قورساییەکەی یەک تالنت‏[j] دەبوو لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکیدا باری، لەتاو لێدانی تەرزەکە کفریان بە خودا کرد، چونکە لێدانەکەی زۆر گەورە بوو.

بابل دایکی داوێنپیسانە

17 ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ئاوە زۆرەکان دانیشتووە. ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»

پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی، بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو، دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو. ژنەکە ئەرخەوانی و قرمزی پۆشرا بوو، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابووەوە، جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو:

«بابلی گەورە،
دایکی لەشفرۆشان و
قێزەونانی زەوی.»

هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.

فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەی هەڵیگرتووە پێت دەڵێم کە حەوت سەر و دە شاخی هەیە. ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.

«ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن[k] کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە، 10 حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە. 11 ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات. 12 ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن. 13 ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە. 14 ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»

15 ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن. 16 دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 17 چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان بە مەبەستی بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی. 18 ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»

کەوتنی بابل

18 پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:

«کەوت! بابلی گەورە کەوت!
    بووە جێنشینی جنۆکەکان و
پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،
    پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،
    پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.
لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان
    لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.
پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،
    بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»

گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:

«ئەی گەلی من لێی دەربچن،
    تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،
    تاکو دەردەکانی نەگرن.
چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و
    خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.
سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و
    بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،
    لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.
هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،
    ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
”من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،
    هەرگیز شیوەن ناگێڕم.“
لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،
    مردن و شیوەن و قاتوقڕی.
بە ئاگریش دەسووتێت،
    خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.

«پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 10 لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:

«”ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر!
    ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!
    چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات.“

11 «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 12 شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 13 دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان[l]، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»

14 دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 15 بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 16 دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە،
    کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،
    بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!
17 چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!“

«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. 18 کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: ”چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟“ 19 خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:

«”قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە!
    ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!
لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!

20 «”ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!
    چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا.“»

21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:

«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،
    هەرگیز نادۆزرێتەوە.
22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا
    تێیدا نابیسترێت.
هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،
    دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،
    ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.
بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و
    هەموو نەتەوەکان بە جادووگەری تۆ گومڕابوون.
24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و
    هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.