Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئاشکراکردن 6-11

حەوت مۆرەکە

سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد ئەسپێکی سپیم بینی، سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.

کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!» ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو.

کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو. گوێم لێبوو دەنگێک لەناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت[a] گەنم بە دینارێک[b]، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.»

کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. دەسەڵاتیان پێدرابوو چارەگی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد بکوژن، هەروەها بە دڕندە کێوییەکانی زەوی.

کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون. 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟» 11 جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.

12 سەیرم کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا، مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا، 13 ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی، وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت، بەرەکەی دەکەوێت. 14 ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما. 15 پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا، 16 بە چیا و بەردیان دەگوت: «بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە! 17 چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»

پاراستنی بەندەکانی خودا

پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن، گوتی: «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.

لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،

لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،

لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،

لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،

لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،

لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،

لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،

لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،

لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،

لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،

لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،

لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.

خەڵکانێکی سپیپۆش

پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:

«ڕزگاری هی خودامانە،
    کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و
    هی بەرخەکەیە.»

11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 12 دەیانگوت:

«ئامین!
ستایش و شکۆ و دانایی و
    سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
بۆ خودامانە، هەتاهەتایە!
ئامین!»

13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»

پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە

«لەبەردەم تەختی خودان و
    شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
    نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر.
17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانەتییان دەکات و
    بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

مۆری حەوتەم

کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نیو کاتژمێر بێدەنگییەک ئاسمانی گرتەوە. ئەو حەوت فریشتەیەم بینی کە لەبەردەم خودا ڕادەوەستن و حەوت کەڕەنایان پێدرابوو. فریشتەیەکی دیکەش هات و لەلای قوربانگاکە وەستا، بخووردانێکی زێڕینی پێبوو. بخوورێکی زۆریشی پێدرابوو تاکو لەگەڵ نوێژی گەلی پیرۆزی خودا لەسەر ئەو قوربانگا زێڕینەی کە لەبەردەم تەختەکەیە پێشکەشی بکات. لەگەڵ نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودا، دووکەڵی بخوور لە دەستی فریشتەکە لەبەردەم خودا بەرزبووەوە. فریشتەکەش بخووردانەکەی برد و لە قوربانگاکە پڕی کرد لە ئاگر و فڕێیدایە سەر زەوی. ئیتر بوو بە هەورەگرمە و دەنگەدەنگ و هەورە بروسکە، پاشان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا.

حەوت کەڕەناکان

ئیتر حەوت فریشتەکەی کە حەوت کەڕەناکەیان پێبوو خۆیان بۆ لێدانی کەڕەنا ئامادە کرد.

فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا و تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن پەیدابوو، فڕێدرانە سەر زەوی. سێیەکی زەوی سووتا و سێیەکی درەختەکانیش سووتان و هەموو گیایەکی سەوز سووتان.

فریشتەی دووەم کەڕەناکەی لێدا و شتێک لە شێوەی چیایەکی گەورەی گڕگرتوو فڕێدرایە دەریاوە. سێیەکی دەریاکەش بووە خوێن، سێیەکی بوونەوەرانی زیندووی دەریاش مردن، سێیەکی کەشتییەکانیش تێکشکان.

10 فریشتەی سێیەم کەڕەناکەی لێدا و ئەستێرەیەکی گەورەی پرشنگداری وەک چرا لە ئاسمانەوە کەوتە سەر سێیەکی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو، 11 ئەستێرەکەش ناوی زەقنەبووت بوو. سێیەکی ئاو تاڵ بوو، خەڵکانێکی زۆریش لەبەر تاڵی ئاوەکە مردن.

12 فریشتەی چوارەمیش کەڕەناکەی لێدا و سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان لێدران، تاکو سێیەکیان تاریک بن. ڕۆژ سێیەکی تاریک بوو، سێیەکی شەویش بە هەمان شێوە بێ ڕووناکی بوو.

13 پاشان تەماشام کرد، بیستم هەڵۆیەکی هەڵفڕیو لەناوەڕاستی ئاسماندا، بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «قوڕبەسەرتان! قوڕبەسەرتان! ئەی دانیشتووانی سەر زەوی، قوڕبەسەرتان! کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە خەریکن کەڕەناکانیان لێدەدەن، چی بەسەر زەوی دەهێنن!»

کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی[c] پێدرابوو. کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد. لە دووکەڵەکەوە کوللە بارین بۆ سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو. کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن، تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە. ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن، بەڵکو پێنج مانگ ئازار بچێژن، ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات. لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە، حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.

شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن، لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو. قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر. سپەریان هەبوو وەک سپەری ئاسنین، دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ. 10 چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو، پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن. 11 فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە، بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە‏[d] و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە‏.

12 نەهامەتی یەکەم نەماوە، دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن.

13 پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە گوێم، 14 کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.» 15 چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی مرۆڤ بکوژن. 16 گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو سەد ملیۆن بوو.

17 ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: سپەری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو. 18 بەو سێ بەڵایە سێیەکی مرۆڤایەتی کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو. 19 هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیانە بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.

20 پاشماوەی مرۆڤەکان کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. 21 هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.

فریشتە و تۆمارە بچووکەکە

10 پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون. تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان. کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.» ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون، گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت! بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»

ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و سەر وشکانی وەربگرە.» چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت تۆمارە بچووکەکەم بداتێ، پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.» 10 ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم. 11 پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»

دوو شایەتەکە

11 پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن. بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە، چل و دوو مانگیش شاری پیرۆز پێشێل دەکەن. هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.» ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت. ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن، هەر کاتێک بیانەوێ.

کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت. هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن، 10 هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.

11 بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد. 12 دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست، پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.

13 هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.

14 نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.

کەڕەنای حەوتەم

15 فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان:

«شانشینی جیهان بووە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی[e]،
    مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»

16 ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 17 گوتیان:

«سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
    ئەوەی هەیە و هەبووە،
چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و
    دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
18 نەتەوەکان تووڕە بوون،
    بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە.
کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات،
    بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و
گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە،
    هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»

19 پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.