Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پەترۆس 1-3

لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و ڕزگارکەرمان عیسای مەسیح باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.

با نیعمەت[a] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت، بە ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمان.

هەڵبژاردن و بانگەواز بۆ گەشەکردن

هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.

هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی گەورەمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.

10 خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازییەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، 11 هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی گەورە و ڕزگارکەرمان.

12 لەبەر ئەوە بەردەوام دەمەوێ ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە لەو ڕاستییەی ئێستادا دەزانن و دامەزراون. 13 باوەڕم وایە هەتا لەم جەستەیەدا بم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە، 14 چونکە دەزانم بە زوویی ئەم جیهانە بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن عیسای مەسیحی گەورەمان بۆی دەرخستم. 15 هەروەها تێدەکۆشم تاکو دوای دەرچوونم هەردەم ئەم شتانەتان وەبیربێتەوە.[b]

شایەتی نەگۆڕی نێردراوان

16 کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. 17 ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»[c] 18 ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.

19 هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. 20 لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، 21 چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.

مامۆستا درۆزنەکان

بەڵام لەنێو گەلەکەدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، وەک لەنێوان ئێوەشدا مامۆستای درۆزن دەبێت، ئەوانەی بە نهێنی فێرکردنی چەوتی لەناوبەر دەهێننە ناوەوە، تەنانەت نکۆڵی لە مەسیحی باڵادەست دەکەن کە ئەوانی کڕییەوە، لەناوچوونێکی خێرا بەسەر خۆیاندا دەهێنن. زۆر کەسیش بەدوای بەڕەڵاییەکانیان دەکەون، لەبەر ئەوان کفر بە ڕێبازی ڕاستی دەکرێت. ئەو مامۆستایانەی بەهۆی چاوبرسیێتیانەوە، لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی هەڵبەستراوەوە بۆ سوودی خۆیان بەکارتاندەهێنن، تاوانبارکردنیان نزیک بووەتەوە و لەناوچوونیان بەلاوە نەنراوە.

خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن. هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست. کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران. کاتێک ڵوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو، چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا. ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە، 10 بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن.

چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان[d] بکەن، 11 هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن. 12 بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن.

13 کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن. 14 چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن. 15 لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر[e] کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو، 16 بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت.

17 ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، تاریکی ڕەشی هەمیشەییان بۆ دانراوە، 18 چونکە کە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانە هەڵدەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەو کەسانەی لە گومڕاییدا دەژین. 19 بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین، چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە بەسەریدا زاڵ بێت. 20 ئەگەر بەهۆی ناسینی ڕزگارکەرمان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لە گڵاوی جیهان هەڵاتبن، بەڵام دیسان لەو گڵاوییە بئاڵێنەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەو کاتە کۆتاییان لە سەرەتایان خراپتر دەبێت، 21 چونکە باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نەناسی بووایە، لەوەی ناسییان و دوایی لەو ڕاسپاردە پیرۆزەی پێیان درا هەڵگەڕانەوە. 22 ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر دەچەسپێت: [سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی،][f] هەروەها: «بەرازی شوشتراو گەڕایەوە ناو چڵپاو.»

ڕۆژی یەزدان

خۆشەویستان، ئەمە دووەمین نامەیە بۆتان دەنووسم، تێیاندا بە یادتان دەهێنمەوە تاکو بیری پاکتان بوروژێنم، هەروەها تاکو وتەکانی پێغەمبەرە پیرۆزەکان بێنەوە یادتان، هەروەها ڕاسپاردەی مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕزگارکەرمان کە لە ڕێگەی نێردراوانتان دراون.

پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون، دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.» بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە. هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو. بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.

بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو هەموو بۆ تۆبەکردن بێن.

10 بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.

11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، 12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.

14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. 15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین، 16 وەک لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و نەچەسپاوەکان وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە[g] دەیشێوێنن، بۆ لەناوچوونی خۆیان.

17 بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون. 18 بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و گەورەماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.

یەهوزا

لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب،

بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:

بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستی بۆتان زیاد بێت.

تێکۆشان لە پێناوی ڕاستی ئینجیل

خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی[a] کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا. لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی[b] خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و خاوەن شکۆمانە.

سزای مامۆستا درۆزنەکان

بەڵام دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە خۆتان دەیزانن، یەزدان کە گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی باوەڕیان نەهێنا لەناوی بردن. هەروەها ئەو فریشتانەی پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.

خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە شکۆداران[c] دەکەن. بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!» 10 کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە نایزانن. ئەوەی بە سروشتیش دەیزانن، وەک ئاژەڵی بەستەزمان، لەمانەدا تێکی دەدەن.

11 قوڕبەسەریان! چونکە ڕێگای قایینیان گرتووە، بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە[d]، لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح[e] لەناوچوون.

12 ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. 13 ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە هەتاهەتایە ڕەشایی تاریکییان بۆ هەڵگیراوە.

14 حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت، 15 تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.» 16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.

خۆتان بنیاد بنێن

17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.

20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. 23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.

ستایشی خودا

24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ گلەیی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت، 25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.