Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم تیمۆساوس 1-4

لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،

بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس:

با نیعمەت[a] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.

هاندان بۆ ئازار چێژتن

سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم، کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی. باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە لە تۆدایە، ئەوەی یەکەم جار لە لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکت نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە. لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت، چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.

بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی گەورەمان و نە بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت، لەودا پشت بە هێزی خودا ببەستە. خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، 10 ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد، لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. 11 بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. 12 لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم[b] بکات هەتا ئەو ڕۆژە.

سپاردە چاکەکە بپارێزە

13 بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. 14 سپاردە[c] چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.

15 ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. 16 با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە. 17 بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. 18 با لە‏ ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.

بەشداری ئازار بکە

بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. ئەوەی لەبەردەم چەندەها شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن، خەڵکی دیکەش فێربکەن. بەشداری ئازار بکە وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح. سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم بێت لە بەشداری بەرهەم. بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ پێت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.

یادی عیسای مەسیح بکە، هەستاوەی نێو مردووان، لە نەوەی داودە، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلەکەم، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم تاکو کۆتکردن وەک خراپەکار، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. 10 بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.

11 ئەم وشەیە ڕاستە:

«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،
    لەگەڵیشی دەژین،
12 ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،
    لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.
ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،
    ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
13 ئەگەر دڵسۆز نەبین،
    ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،
    چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»

کارگەری وشەی ڕاست

14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15 کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە. 16 خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. 17 وشەکانیان وەک لاڕەشەیە[d] تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، 18 کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. 19 بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،][e] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»

20 بەڵام لە ماڵی گەورەدا هەر قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیش، هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن ئەوانی دیکە بۆ سووکین. 21 بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە ئامانێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز[f] و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.

22 لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. 23 لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. 24 بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانە دان بەخۆی بگرێت. 25 ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ 26 و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ خواستی خۆی بەندی کردن.

نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی

ئەمە بزانە، لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت، چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.

ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون، هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن. وەک یەنیس و یەمبریس[g] بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەوە ڕەتکراونەتەوە. بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.

لەسەر باوەڕت بمێنەوە

10 بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، 11 چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات، بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، مەسیحی باڵادەستیش لە هەموویان دەربازی کردم. 12 هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە، 13 بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن، چەواشەکار و چەواشەکراو. 14 بەڵام تۆ، بمێنەوە لەسەر ئەوەی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت لە کێ فێربوویت، 15 هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری. 16 هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان[h]، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی، 17 تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.

وشەی خودا ڕابگەیەنە

لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم: وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، سەرزەنشت بکە، ڕابخوڕە، ورە بەرز بکەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و فێرکردنەوە، چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە قدیلکەی[i] گوێیان بکاتەوە. بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن. بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.

سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم[j] و کاتی کۆچکردنم هاتووە. تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد، باوەڕم پاراست. ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.

دوا ڕاسپاردە

کۆشش بکە زوو بێیتە لام، 10 چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا. 11 بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە بۆ من سوودبەخشە بۆ خزمەتکردن. 12 تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس. 13 کاتێک هاتیت، ئەو کەوایەی لە ترۆیاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، لەگەڵ خۆتی بهێنە، تۆمارەکانیش[k] بە تایبەت دەستنووسەکان.

14 ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی. 15 خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.

16 لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. لەسەریان هەژمارد نەکرێت. 17 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت، تاکو هەموو گەلان ببیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18 مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەکی دادێت دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.

19 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە. 20 ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆس بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێم هێشت. 21 کۆشش بکە پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.

22 مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.