Chronological
مەلکیسادقی کاهین
7 ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،[a] 2 ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتە «پاشای ئاشتی». 3 بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.
4 سەیر بکەن ئەمە چەند گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ. 5 بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، کە برایانن، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن. 6 ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد. 7 بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترین بەرەکەتدار دەکرێت. 8 لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە[b]. 9 ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی[c] کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە، 10 چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.
عیسا وەک مەلکیسادقە
11 ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی[d] بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟ 12 چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕێت. 13 ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای[e] نەکردووە. 14 ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە. 15 زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت، 16 کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت، 17 چونکە شایەتی دەدات:
[هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
لە پلەی مەلکیسادق.][f]
18 ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو، 19 چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.
20 ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین، 21 بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو:
[یەزدان سوێندی خواردووە و
بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»][g]
22 بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.
23 کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن. 24 بەڵام چونکە عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە. 25 لەمەوەش دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.
26 لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆک کاهینە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا. 27 ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆک کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان. 28 تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆک کاهین دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە[h] دادەنێت کە هەتاهەتایە تەواوکراوە.
سەرۆک کاهینی پەیمانی نوێ
8 گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی پایەبەرزی دانیشت، 2 خزمەتکاری پیرۆزگا[i] و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی مەسیحی باڵادەست دایناوە نەک مرۆڤ.
3 لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات. 4 ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات. 5 ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: [بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.][j] 6 بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.
7 لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا. 8 بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ:
[یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت،
پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
9 نەک وەکو ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم
ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن،
ئیتر منیش پشتگوێم خستن،
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکانم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
لەسەر دڵیان دەینووسم،
من دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
11 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان
براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،»
چونکە هەموویان دەمناسن،
لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
12 چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر
گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.][k]
13 کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن بوو و پیر بوو، ئەوا لە فەوتان نزیکە.
پاراستنی پەیمانی کۆن
9 ئیتر پەیمانە یەکەمەکە ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە. 2 چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز. 3 پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز، 4 بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدا بوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی[l] تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان. 5 لەسەریشی کەڕوبەکانی[m] شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت[n]. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین.
6 کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچنە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت. 7 بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆک کاهین ساڵی جارێک دەچێت، ئەویش بێ خوێن نابێت، خوێنەکە پێشکەش دەکات لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل کە بە نەزانی کردوویانە. 8 بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژە دەکات کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت. 9 ئەمەش هێمایە بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن. 10 ئەمانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتیانەن کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ.
خوێنی مەسیح
11 بەڵام کاتێک مەسیح هات وەک سەرۆک کاهین بۆ شتە باشەکانی داهاتوو، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتە هی بەدیهێنراو نییە. 12 بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت، 13 چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت،[o] پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە، 14 ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین.
15 لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.
16 ئەگەر وەسیەتنامە[p] هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ، 17 چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت. 18 بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا، 19 چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوری سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی. 20 فەرمووی: [ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.][q] 21 هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن. 22 بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.
مەسیح گەورەترین قوربانییە
23 پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، 24 چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت. 25 نەک تاکو چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆک کاهین ساڵی جارێک بە خوێنێک کە خوێنی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز. 26 ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی. 27 وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە، 28 مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بەقوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.
قوربانی مەسیح جارێک و بۆ هەمووان
10 تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە. 2 ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن. 3 بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە. 4 چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.
5 لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی:
[بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم.
6 بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە،
تاکو بەخواستی تۆ کار بکەم، ئەی خودا.»][r]
8 لە سەرەوە فەرمووی: [تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،] ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت، 9 ئینجا مەسیح فەرمووی: [ئەوەتا هاتم تاکو بە خواستی تۆ کار بکەم.] یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ[s]. 10 بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.
11 هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات. 12 بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت، 13 لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی، 14 چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.
15 ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:
16 [یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە
لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم،
«فێرکردنەکانم[t] دەخەمە ناو دڵیان و
لەناو مێشکیان دەینووسم.»][u]
17 پاشان دەفەرموێت:
[لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.][v]
18 لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.
19 بۆیە ئەی خوشک و برایانی باوەڕدار، لەبەر ئەوەی متمانەمان هەیە بۆ چوونە ناو شوێنی هەرەپیرۆز بەهۆی خوێنی عیساوە، 20 بەو ڕێگا زیندوو و تازەیەی کە بەهۆی بەخشینی جەستەی خۆی بەناو پەردەدا بۆی کردینەوە، 21 لەبەر ئەوەی کاهینێکی بەرزمان هەیە سەرپەرشتی ماڵی خودا[w] دەکات، 22 هەروەها لەبەر ئەوەی خوێنی مەسیح بەسەر دڵماندا پرژێنرا[x] تاکو لە ویژدانی خراپ پاکمان بکاتەوە، جەستەشمان بە ئاوێکی پاک شوشتراوە، با بە دڵێکی ڕاست و بە متمانەی تەواوی باوەڕ بچینە بەردەم خودا. 23 با بێ ڕاڕایی دەستبگرین بە دانپێدانانی هیوامان، چونکە ئەوەی بەڵێنی پێمان داوە جێی متمانەیە. 24 هەروەها با ئاگاداری یەکتری بین بۆ هاندان لەسەر خۆشەویستی و کاری چاک. 25 با واز لە کۆبوونەوەکانمان نەهێنین، وەک هەندێک لەسەری ڕاهاتوون، بەڵکو یەکتری هانبدەین، بە تایبەتی کە دەبینن ڕۆژی هاتنەوەی مەسیح نزیک دەبێتەوە.
26 ئەگەر لەدوای ئەوەی کە ڕاستیمان ناسی، بەردەوام بین لەوەی بە ئەنقەست گوناه بکەین، ئەوا هیچ قوربانییەک نییە بۆ ئەوەی گوناهەکانمان پاک بکاتەوە، 27 بەڵکو تەنها چاوەڕێکردنی حوکمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسەدار کە خەریکە دوژمنەکانی خودا دەخوات. 28 ئەوەی سەرپێچی تەوراتی موسای دەکرد، بێ بەزەییانە بە شایەتی دوو یان سێ شایەت حوکمی مردنی بەسەردا دەدرێت. 29 بە ڕای ئێوە شایانی سزای چەند خراپترە ئەوەی سووکایەتی بە کوڕی خودا کردووە و خوێنی پەیمان بە پیس دادەنێت کە پیرۆزی کردووە، سووکایەتیش بە ڕۆحی پیرۆز دەکات کە نیعمەتی لێ وەرگرتووە؟ 30 لەبەر ئەوەی ئەو خودایە دەناسین کە ئەمەی فەرمووە: [تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.][y] هەروەها: [یەزدان حوکم بەسەر گەلی خۆیدا دەدات.][z] 31 کەوتنە ناو دەستی خودای زیندوو ترسناکە.
32 ڕۆژانی ڕابردووتان بە یاد بێتەوە کە ڕووناک کرانەوە و بەرگەی ململانێیەکی سەختی پڕ لە ئازارتان گرت. 33 هەندێک جار تووشی جنێو و چەوسانەوەی ئاشکرا هاتوون، هەندێک جار بەشداری ناخۆشی ئەوانەتان کردووە کە بە هەمان شێوەی ئێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە. 34 هاوسۆزی بەندکراوانتان کرد، کاتێک سامانتان تاڵان کرا بە خۆشییەوە قبوڵتان کرد، چونکە دەزانن لە ئاسماندا سامانی باشترتان هەیە و دەمێنێتەوە.
35 کەواتە متمانەتان فڕێمەدەن کە پاداشتی گەورەی هەیە، 36 چونکە پێویستیتان بە دانبەخۆداگرتن هەیە، تاکو لەدوای ئەوەی بە خواستی خوداتان کرد، بەڵێنەکە بەدەستبهێنن، 37 چونکە دوای ماوەیەکی زۆر کورت،
[ئەوەی دێت، دێت و دواناکەوێت.
38 ئەوەی ڕاستودروستە و هی خۆمە بە باوەڕ دەژیێت،
هەروەها ئەگەر هەڵگەڕایەوە،
ئەوە جێی ڕەزامەندی من نابێت.][aa]
39 جا ئێمە سەر بەوانە نین کە هەڵدەگەڕانەوە و لەناودەچن، بەڵکو سەر بە ئەوانەین کە باوەڕیان هەیە و ڕزگار دەکرێن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.