Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
عیبرانییەکان 1-6

پایەبەرزی عیسای مەسیح

لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی[a]، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی پاکسازیی بۆ گوناه کرد لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت. بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.

ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:

[تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت][b]؟

هەروەها:

[من دەبمە باوکی ئەو و
    ئەویش دەبێتە کوڕی من][c]؟

دیسان کاتێک خودا نۆبەرەکەی دەهێنێتە جیهانەوە، دەفەرموێت:

[با هەموو فریشتەی خودا کڕنۆشی بۆ ببەن.][d]

لەبارەی فریشتەش دەفەرموێ:

[خودا وا لە فریشتەکانی دەکات وەک با بن،
    خزمەتکارەکانیشی وەک بڵێسەی ئاگر.][e]

بەڵام لەبارەی کوڕەکە:

[ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
    گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپە بووەوە،
    بۆیە خودا، خودای خۆت لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
    بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی[f] کردیت.][g]

10 هەروەها:

[تۆ یەزدان، لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا،
    ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
11 ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت،
    هەموو وەک کراس کۆن دەبن.
12 وەک کەوا دەیپێچیتەوە، وەک بەرگی کۆن دەگۆڕدرێن،
    بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.][h]

13 ئایا خودا چ جارێک بە کام لە فریشتەکانی فەرمووە:

[لە دەستەڕاستم دابنیشە
    هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[i] بۆ پێیەکانت][j]؟

14 ئایا هەموویان ڕۆحی خزمەتکارانە نین کە نێردراون بۆ خزمەتی ئەوانەی لە داهاتوو ڕزگاری بە میرات دەگرن؟

پشتگوێ نەخستنی ڕزگاری

لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین، چونکە ئەگەر پابەند بوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە، ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە، خوداش بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجووی جۆراوجۆر شایەتی بۆ ئەم ڕزگارییە دا، هەروەها بەو بەهرانەی ڕۆحی پیرۆز کە بەگوێرەی خواستی خۆی دابەشی کردوون.

عیسا وەک براکانیەتی

ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە:

[مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری،
    هەروەها هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][k]

کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت. بەڵکو عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەر یەکێک مردن بچێژێ.

10 لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو. 11 عیسا کە خەڵک پیرۆز دەکات و ئەو خەڵکەی پیرۆز کراون هەردووکیان سەر بە یەک خێزانن، لەبەر ئەم هۆیەش عیسا شەرم ناکات بە خوشک یان برا ناویان ببات. 12 دەفەرموێ:

[ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
    لەناو کۆمەڵدا[l] ستایشت دەکەم.][m]

13 هەروەها:

[من بەوە پشتبەستوو دەبم.][n]

دیسان:

[ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی خودا پێیداوم.][o]

14 بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، واتە شەیتان، 15 ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون. 16 بە ڕاستیش بۆ یارمەتیدانی فریشتە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی نەوەی ئیبراهیمە. 17 لەبەر ئەوە پێویست بوو لە هەموو ڕووێکەوە لە خوشکان و برایانی بچێت تاکو ببێتە سەرۆک کاهینێکی بە بەزەیی و دڵسۆز لە خزمەتکردنی خودا، هەروەها ببێتە کەفارەت[p] لە پێناوی گوناهەکانی خەڵک. 18 لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.

عیسا پایەبەرزترە لە موسا

کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆک کاهینی دانپێدانانمانە. ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک یەکێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا[q] دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.

ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی

لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:

[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،
    لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە[r]،
    هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
10 لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][s]

12 خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. 13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،][t] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. 14 بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر تاکو کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. 15 وەک چۆن گوتراوە:

[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.][u]

16 جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ 17 خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ 18 خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ 19 هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕی نەیانتوانی بچنە ژوورەوە.

بەڵێنی حەسانەوەی خودایی

بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی بەرنەکەوێت. هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی:

[بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][v]

هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: [ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا.][w] دیسان لەمەشدا: [نایەنە ناو حەسانەوەی من.]

ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد:

[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.][x]

لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، 10 چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. 11 بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت، 12 چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. 13 بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.

عیسا سەرۆک کاهینی پایەبەرزە

14 لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆک کاهینە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەوە کە دانمان پێدا ناوە، 15 چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. 16 بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت[y] بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.

هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات. دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە. لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.

کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد. بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆک کاهین، بەڵکو خودا پێی فەرموو:

[تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][z]

وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ:

[هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
    لە پلەی مەلکیسادق[aa]‏.][ab]

عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا. هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن. 10 ئیتر لەلای خوداشەوە بە سەرۆک کاهین ناونرا، لە پلەی مەلکیسادق.

11 لەم بارەیەوە قسەمان زۆرە بیکەین، بەڵام ڕوونکردنەوەی زەحمەتە، چونکە گوێتان گران بووە. 12 هەرچەندە دەبووایە ئێوە ئێستا مامۆستا بوونایە، پێویستتان بە کەسێکە دیسان بنەما سەرەکییەکانی وشەی خوداتان فێر بکات. واتان لێ هاتووە پێویستتان بە شیر بێت نەک خۆراکی بەهێز. 13 هەر یەکێک شیرەخۆرە بێت ئەوا لە فێرکردنی ڕاستودروستی ڕانەهاتووە، چونکە ساوایە. 14 بەڵام خۆراکی بەهێز بۆ ئەوانەیە کە پێگەیشتوون، ئەوانەی کە بە بەردەوامی مەشقیان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن چاکە و خراپە جیا بکەنەوە.

پاشگەزبوونەوە لە باوەڕ

بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا، فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی. ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.

ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز، هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە، ئەگەر هەڵگەڕانەوە[ac]، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.

لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانەی خواردەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێک دەدات کە گونجاوە بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە فەڕی دەبێت. بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی[ad] بەرهەم هێنا، ئەوا پووچ و نزیکە نەفرەتە، کۆتاییەکەی سووتانە.

خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری. 10 خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن. 11 ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا تاکو کۆتایی، 12 تاکو تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.

خودا بەڵێنی خۆی دەباتەسەر

13 کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات، 14 فەرمووی: [بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت چەندبارە دەکەم.][ae] 15 بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.

16 خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە. 17 خودا سوێندی خوارد چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات. 18 خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە[af] کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، ئێمە کە پەنامان بۆ ئەو بردووە، بە دڵنەوایی زۆرەوە دەستبگرین بەو هیوایەی کە لەپێشمانی داناوە. 19 ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە، 20 لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆک کاهین، لە پلەی مەلکیسادق.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.